قوماش 93
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
دختۆر شێرۆ سەری دەرینا و گۆتی: برێ بزانم چت دەوێ، پێدەچی غەریبی دائیرەی ئەمن و لێدان و تێهەردان و بەندیخانەی ئەبوغرێبت کردبی! ئەمنیش نامەکەی هەورینم لە گیرفانم دەرینا و گۆتم: بخینەوە! شێرۆ نامەکەی وەرگرت و خیندیەوە، ئەوجارە پاری بە دیواری دا و دیسان خیندیەوە، جارێ سێیەم لەسەر چینچکان دانیشت و دیسان خیندیەوە، تەماشام کرد ئاوی لەچاوی دێ، تەماشای کردم و گۆتی: وەڵلاهی ئەو نەوعە نامانە عەرزی پیاوی دە...ێ! هەتیم ئەوە ئەتوو کووی مای، کوو نەبوویە ڕەژووی بن کەبابی، ئەوە نەک هەر لێدرانە، ئەوە وەرگەڕانیشە! گۆتم: ئێستا ئەتوو کووی تێدەگەی؟ گۆتی: وەڵلاهی بەخۆشم نازانم چبرێم، بەس ئەتوو کا جغارەی دەکێشی، یان بە دزی بابت دەکێشی سەیە؟ گۆتم: نهێنیەکە لێرەیە، ئەمن وا تێدەگەم مێردی بەزۆری پێی نووسیە، لۆ ئەوەی ئەمن نەچم و تووشی کێشە نەبم، هەورین ئەو جغارە کێشانەی زیاد کردیە! گۆتی: ڕێی تێدەچی، بەس ئەتوو چت لەمن دەوێ؟ گۆتم: پێت کووە بچینە سەر قەبران و تەئکید بکەین! گۆتی: باشە ئەتوو لێداریی و دەچی ئەو بابان کۆرەی دەبینی، ئەمن لۆ بێم و سەرم لە قوڕێ ڕاکەم؟ گۆتم: دختۆر شێرۆ، ئەتوو ئەوها زیرەکبی بچی بازۆی تیمار کەیی و سەدام بەو دڕنداتیەی خۆی نەتبینتەوە، نازانی کوو دەچیە سەر قەبران و کەشف نەبی؟ شێرۆ زەردەخەنەکی هاتێ و گۆتی: وەڵلاهی خۆ ڕاستە، عەیبە پیاو مەعتی(مەدح) خۆی بکا، بەران دختۆر شێرۆ زۆر سەیە و ئیشی خۆی زۆر باش دەزانی، ئەتوو وەختی عەسرێ لە مارێ بەو ئەویدی لۆ دختۆر شێرۆی لێگەڕێ!
لەسەر ئەو قسەی شێرۆی نەچوومە بازاڕی و چوومەوە مارێ و چاوەڕێی پلان و بەرنامەی دختۆر شێرۆی بووم، بزانم کوو دەمباتە سەر قەبران و کوو دەمهینتەوە، نیوڕانێ لەسەر نانی بووین، بابم گۆتی: کوڕم بڕۆ بازاڕی هەندە فانیلە و دەرپێ قووتە و خاولی و تاقم تراش و شتی بکڕە لە عەسکەری ئیشت پێدەبی، گۆتم: ئیشاڵلا سبەینێ دانی سبەینێ دەچم، گۆتی: پێم خۆشە سەرەکیش لە داکی بازۆی بدەی، تەندروستی باش نیە، ئەمن دەزانم کە ئەتوو دەبینی وەتێدەگا بازۆی دەبینی! گۆتم: ئیشاڵلا پاش عەسرێ دەچم، گۆتی: زۆر باشە، پێشت نەگۆتم هەنار لۆ هاتبوو؟ گۆتم: بەس سەردان بوو، دیاربوو زانیبوویان ئەمن بەربوویمە حەزی لێبوو بمبینی! بابم گۆتی: حەیف و مخابن لۆ قادرە فەندی و فەوزیە خانی، کوو ماریان کۆربۆوە، گۆتم: زۆر جار زەمیرم عەزابم دەدا، دەرێم بە سەبەبی من ئەوهایان لێهات، بابم گۆتی: نا کوڕم نا، ئەوها فکر مەکەوە، دوعای خێریان لۆ بکە، داکم گۆتی: یاڕەبی خوایە ئەو جێی لێنە خۆشترین جێیان بی!
وەختی عەسرێ لە دەرکەی درا، چووم کردمەوە دیتم دختۆر شێرۆیە، ڕانک و چۆغەرەکی کەپسولی لەبەربوو، سەرێ ڕەنگەک و خوارێ ڕەنگەک، جەمادانیەکیشی دەمامک دابوو، وەکی چاوم پێکەت هەر زەندەقم چوو، گۆتم: ئەوە چیە دختۆر شێرۆ؟ گۆتی: لەوغەی مەکە و بڕۆ کراس و شەروارەکی لەبەرکە و جەمەدانیەکیش دەمامک دەو ئەو خاکەناسەی عەوشێش بینە! گۆتم: باشە بەسەرچاو ئەوە هاتم!
شێرۆ چیگۆ ئەوهام کرد و دەرکەم پێوەدا و چوومە کن شێرۆی، گۆتی: داکت و بابت لە مارێ نەبوون؟ گۆتم: ناوەڵلا، چوون سەرەکی لە مام خەلیلی بدەن بڕەک نەخۆشە، گۆتی: زۆر باشە، یاڵلا سواری سەگە لادەی بە بابڕۆین، سواری لادەی بووین و ڕۆیشتین، شێرۆی بایداوە لۆ کۆرانی بیرێژییان، گۆتم: ئەوە کێوە دەچی، کا قەبرستان لەو خەتەیە؟ گۆتی: دختۆر شێرۆ ئیشی خۆی بە خۆی دەزانی و بێدەنگ دانیشە! گۆتم: باشە دختۆر شێرۆ باشە، وەختەکی لە پێش مارەکی ڕایگرت و گۆتیە من وەرە خوارێ، هاتمە خوارێ و خاکەناسەکەی من و قازمەک و کیسە چیمەنتۆیەکیشی لە سندوقی تڕومبێلی هینا خوارێ، لە دەرکەی مارەکیدی داو کراوە، گۆتیە کابرای دەرکەی کردەوە: سویجی ئەو بەڕازیلیەم بدێ ڕیوی! کابراش سویجەکەی دایێ، شێرۆ گۆتیە من: ئەو کەل و پەلەی باوێ ناو سندوقی ئەو بەڕازیلیەی! گۆتم: بەڕازیلی لۆ؟ گۆتی: ئەتوو وەتێدەگەی ئەو سەرۆک جاشە ئەوەندە غەشیمە سەگە لادەکەی منی بە نیشان نەکردیە!
کەل و پەلەکانم هاویشتە ناو تڕومبێلی و سواربووین و شێرۆ سلفی لێدا و گۆتی: ئەڵلا بەناوت! گەیشتینە لای برایەتی و شۆڕ بووینەوە لۆ قەبرستانی شێخ ئەحمەدی، شێرۆ گۆتی: ئەگەر دنیابوو کوژرام و ئەتوو دەربازبووی، زۆرت ئاگا لە مار و مندارم بی! گۆتم: ئیشاڵلا سەلامەت دەبی و هیچت لێنایێ، گۆتی: دەبی لەو ئیشانە هەموو چشتەکی لە پێشە خۆت دانێی، گۆتم: ئەتوو بە ڕاستیتە یان ئەمن دەترسێنی؟ گۆتی: هەردووکی، گۆتم: باشە ئەتوو قەبری قادرە فەندی پێ دەزانی؟ گۆتی: بەرێ، ئەدی وەکی مرد لەگەر بابت پێکەوە نەچووین، گۆتم: زۆر باشە، خوای گەورە ئاسانی بکا!
گەیشتینە ناو قەبرستانی کش و ماتبوو، شتەکی وا دیارنەبوو کەوا جێی ترسبی، گۆتم: دختۆر شێرۆ پێناچی چ لە گۆڕێبی، گۆتی: پەلەی مەکە، کێ دەرێ وەکی ماری خۆیان لە کونێ نەنایە! بڕەکی ڕۆیشتین و قسەکەی دختۆر شێرۆی ڕاست دەرچوو، هەر پەنا کێل و دارەک جاشەکی لە بنبوو بە چەکەوە، هەورین لە دووریڕا دیاربوو، بە تەنێ لە سەر قەبری بابی دانیشتبوو، جلکە ڕەشەکەی لەبەربوو، چەند مەترەک لە دووری وی کۆمەرە جاشەک خۆیان مات کردبوو، دختۆر شێرۆ زانی وەزعەکە شڕە، سووکانی بادا بسوڕێتەوە و بگەڕێینەوە، سێ چار چەکدار هاتنە پێش تڕومبێلی و لوولەی کلاشینکۆفیان برند کرد و ئیشارەتیان داینێ ڕابگرین! شێرۆ گۆتیە من: هیچ قسان نەکەی، ئەمن ئیشی خۆم بەخۆم دەزانم، ئەتوو بەس خۆت غەمبارکە و تەواو، شێرۆ تڕومبێلی ڕاگرت و سەری دەرینا و گۆتیە جاشەکان: خوا قووەتتان بدا، ئەوە کێ وەفاتی کردیە، ئەو هەموو چەکدارە لێرەیە؟ جاشەکە گۆتی: ئەوە ئیشی توو نیە و پێم برێ ئەنگۆ چدەکەن لێرە؟ شێرۆ گۆتی: ئەوی ڕاستی بی قەبری بابم ڕمایە و هاتینە چایکەینەوە! جاشەکە گۆتی: کا قازمە و خاکەناستان؟ شێرۆ گۆتی: وا لە سندوقیە و با سندوقت لۆ بکەمەوە، شێرۆ هاتە خوارێ و سندوقی لۆ کردەوە، جاشەکە تەماشا سندوقی کرد و قەپاتی کردەوە، ئەمە وەکی لەو وەزعەی دابووین زیاتر لە بیست هەتا سی جاشی دی قیت بوونەوە و چەکیان لە دوڕ دەستی دابوو، هەورینیش کە ئەو وەزعەی دیت قیت بۆوە، سەرۆک جاشەکە چوو لە تەنیشت هەورینی ڕاوەستا، دەستی لەسەر دەبانچەکەی بوو، ئەمن درم لەسەر هەزاری لێیدەدا، گۆتم: ئەوجارە سەتا هەزار تێدەچم و شێرۆش لەگە من ڕەوانی ئەودیووی دەکرێ! وەختەکی شێرۆ هاتەوە ناو تڕومبێلی و ویستی بڕوا، جاشەکە هاتە لای شێرۆیی و گۆتی: ئەدی ئەو زەلامە کێیە؟ شێرۆ گۆتی: ئەوە برادەرمە و لەگەرم هاتیە! گۆتی: ئەوجە قەبر بە دوو کەسان چا دەکرێتەوە؟ شێرۆ گۆتی: دونێ هاتم تەماشام کرد، زانیم بە دوو کەسی چادەبی! جاشەکە گۆتی: خوا لە بابت خۆشبی و یاڵلا بڕۆن! شێرۆ گێڕی گۆڕی و دەرچوو، گۆتم: شێرۆ بابت لێرە مردیە؟ گۆتی: ئێرەی چ هەی عیزڕائیلی من، بابم وا لە پیرداوی پاری دایتەوە، دەبینی تووشی چت کردم! دیاربوو جاشەکە دەستی برند کرد لۆ جاشەکانیدی و گۆتی: ئیزنی دەن هەونیە! هەناسەکمان هاتەوە بەرێ و چووین لە دووری وان بەینەکی باش خۆمان بە قەبرەکی خافراند و ڕێکمان کردەوە، وەختەکی شێرۆ گۆتی: یاڵلا بابڕۆین، ئەو کەل و پەلانە بارکە، با بفڕین! کەل و پەلم هاویشتە ناو تڕومبێلی و سوار بووین و دەرپەڕین، گۆتمە شێرۆی کێوە دەچی، دەرکە لەولایە! گۆتی: ئەمن ئیشی خۆم باش دەزانم، دەرکەکی دی لەوسەری هەیە، با بەوێ دابچینە دەرێ و بێدەنگیش بە! بڕەک ڕۆیشتین و جاشەک هاواری کرد: ڕاگرن و نەڕۆن!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!