قوماش 137
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
ئیشارەتم دا دلۆیی و گۆتم: دەرکەی بکەوە، دلۆ دەرکەی کردەوەو دختۆر شێرۆ بە مشەوەشی هاتە ژۆرێ، سەلامی کردو وەرامم داوە، گۆتم: پێمبرێ لۆ ئەوها مشەوەشی؟ گۆتی: وەزعەکە کوی برێی خراپە، گۆتم: خێر، داکم و بابم چییان لێهاتیە؟ گۆتی: چت لێبشارمەوە، داکت و بابت گیراینەو وا لە حەپسخانەینە! گۆتم: ئەتوو بەڕاستیتە؟ گۆتی: ئەرێوەڵلا! گۆتم: مەعقولە ئیشەکە بگاتە ئەو دەرەجەی داکم و بابم بگرن! گۆتی: ئەرێوەڵلا، هەتا ئەتوو خۆت تەسلیم نەکەی بەریان نادەن، ئەوجە ئەوە ئەمن هاتیمە پێت برێم، گۆتم: ئەتوو لەوێبووی وەکی گیران؟ گۆتی: وەکی گەیشتمێ سواری تڕومبێلیان دەکردن، بابت هەر ئەوەندەی پێکرا، ڕووی لەمن کردو گۆتی: پێی برێ، ئەگەر ئەمە لە قنارەش دراین ئەو خۆی تەسلیم نەکا! کە شێرۆ ئەو قسەی کرد بە جارەکی وەزعم تێکچوو، خۆم پێڕانەگیراو کەتم، بەرچاوم تاریکبوو، تووشی وەزعەکی بووم یاخوا دوژمنیش نەیبینی، نەمزانی چبکەم و چبرێم، ئاخر داک و بابم دەبی گوناحیان چبی هەتا لە بەدەلی من بیانهاوێنە ژۆرێ، چ خوا قبور دەکا، ئەوان بکەونە حەپسخانەیی و ئەمنیش لە دەرێبم، دختۆر شێرۆو دایزەی سەفینی لە دیارم دانیشتبوون و زۆر بەو وەزعەی من تێکچوون، دلۆ پەرداغە ئاوەکی هیناو لە دەستینام و گۆتی: بڕەکی بخۆوە، قوومەکم لە ئاوەکەی داو بە بێدەنگی فرمێسک لە هەر دوو چاوم دەهاتنە خوارێ، دختۆر شێرۆ گۆتی: ئەتوو بەتەمای چی؟ گۆتم: بەخۆشم نازانم، بەران هەرچیم کردبی ناهێلم داک و بابم لەوەی زیاتر لە حەپسخانەی بن! گۆتی: یەعنی خۆت تەسلیمی شورتەی دەکەی؟ گۆتم: بەرێ، بەس چاوەڕێی ئەوەی دەکەم، سەفین و هەنار دەربچن، ئەوجە خۆم تەسلیم دەکەم، چونکە تەئکیدم بگیرێم دەزانن سەفین و هەنار ڕۆیشتینە، لەوانەیە خەبەر بدەنە حدودەکان و برێن بیانگرن! شێرۆ گۆتی: ئەوجە کێ دەرێ سەفین و هەنار وەها زوو خەبەریان دەبی؟ گۆتم: ئیشاڵلا لەو ڕۆژانە خەبەریان دەبی، ئەمەلم زۆرە ئەوان زوو ئاودیووبن، شێرۆ گۆتی: ئەمن چمپێدەکرێ لۆت بکەم؟ گۆتم: بەس ئاگات لەمارێبی هەتا داکم و بابم بەردەبن، ئەتووش ئاگات لەخۆبی، نەکوو ئەو سەرۆک جاشە تاقیبت بکا، تەئکیدبە بزانی ئەتوو خەریکی ئەو حارەی تووشی کێشەت دەکا، گۆتی: خەمت نەبی، ئێک دووەک لە کوڕەکانم دەنێرمە ماری بابت، با بە دایمی لەوێبن، گۆتم: زۆر باشە، بەس بەمن برێ ئامۆزایەکانم چییان بەسەرهات؟ گۆتی: هەموویان بردبوونە شورتەیی بەڵێننامەیان پێپڕکردبوونەوە کەوا تێکەری ئەو ئیشەی نەبن، ئەگەرنا هەموویان دەگرن، گۆتم: وەزعەکە هەتا برێی قۆڕەو دیارە ئەو سەرۆک جاشە زۆر لەوەی بەقووەتترە کە ئەمە لۆی دەچووین، شێرۆ گۆتی: هەروایەو دار و بەرد لە پشتیتی! گۆتمە شێرۆی ئەتوو بڕۆوە مارێ و ئاگات لەخۆبی، ئەمنیش حساب و کتابەکی خۆم دەکەم!
نازانم ئەو چەند ڕۆژەی خۆم کوو بەڕێکرد، بەران دەزانم لە ناخۆشترین ژیانی دابووم، دایزەو دلۆ بەس دریان دەدامەوە، دەیانگۆ خەمت نەبی ئیشاڵلا خوا بە دری توو دەکاو لۆت چارە دەکا، نە خواردنم خواردن بوو، نە خەوم خەو، ژیانم ببووە یەکپارچە لە خەموخەفەت و هەموو دەمێ فکرم لەکن داک و بابم بوو! بەیانییەکی بەو خەموخەفەتەی دانیشتبووم، دلۆ لە دەرێ هاتەوەو گۆتی: خەبەرەکی خۆشم پێیە! گۆتم: خێر؟ گۆتی: وەڵلا سەفین و هەنار ئاودیوو بوون و قورتاربوون، گۆتم: تورکیا یان سوریا؟ گۆتی: سوریا، گۆتم: دەی لەخوای بەزیادبی، هەزار جار شوکر لۆ خوای، تەواو ئیدی ئەمن ئیشم لێرە تەواو، قەولە وەختی نیوڕانێ دختۆر شێرۆبێ، هەر هات ئەمن لەگە شێرۆی تەکبیرەکی لە وەزعی خۆم دەکەم!
تازە مەلای نیوڕانێ بانگی دابوو، لەسەر دووگردی بووم و نوێژی نیوڕانێم دەکرد، دختۆر شێرۆ بە ژۆرێ کەت، دانیشت هەتا نوێژەکەم تەواوکرد، سەلامم داوەو بەخێراتنم کرد، گۆتی: خوا قبووریکا، گۆتم: هەربژی دختۆر، یاڵلا وا خۆم دەپێچمەوەو بابڕۆین! گۆتی: خێر؟ گۆتم: خێر دەبی ئیشاڵلا!
کەلوپەلەکانم پێچاوەو دایزەی سەفینی گۆتی: دکورم مەرۆ، وەڵلا دەتبەن سجن، ئەمن زۆر خەمی تووم دەبی ئۆغڵم، گۆتم: ئەمن بگیرێم باشترە، نەک داک و بابم لە ژۆرێبن، دەبی هەر ئێستا بچم خۆم تەسلیمی پۆلیسی بکەم، شێرۆ گۆتی: نەکەی شتی وا بکەی، وەڵلا بەدەردی ئەوێسارێی زەمانی سەدامی دەچی، گۆتم: بمکوژن باشترە نەک دڕکەک لە پێی داکم و بابم ڕابچی، یاڵلا بابڕۆین درەنگە، خواحافیزیم لە دلۆ و دایزەی کردو زۆر مەمنوونیان بووم، کە ئەو ماوەی بەکەلکم هاتن و لە بنی درم دوعای خێرم لۆ کردن خوای گەورە بیانپارێزی! دختۆر شێرۆ زۆر بە نابەدری لەگەرم هاتە دەرێ، هیچ چارەی نەما دەرکەی تڕومبێلی کردەوەو گۆتی: فەرموو بابڕۆین، سواری تڕومبێلی بووین و ناوی خوام هیناو شێرۆش سلفی لێداو گێڕی گۆڕی و پێی لێنا، لەڕێیێ تەماشای هەر دوو چاوی شێرۆم دەکرد، پڕی فرمێسک بوو، زوو زوو ڕووی لەلای دەرکەی دەکردو بە پەنجەی شهادەی فرمێسکەکانی خۆی دەستڕی و نەیدەوویست ئەمن بزانم بێتاقەتە!
گەیشتینە پێش مەرکەز شورتەیی و دابەزین، گۆتمە دختۆر شێرۆی: ئەتوو بڕۆ نەکوو بتبینن و تووشی کێشەکت بکەن، گۆتی: پارچە پارچەشم بکەن بەجێتنایێلم، خوایە بەگەورەیی خۆت ئەو زوڵمەی هەرنەگری! چووینە ناو مەرکەزی و لۆ ژۆری معاونەکەی چووم، سەلامم کردو گۆتی: فەرموو ئیشت هەبوو، گۆتم: هاتیمە خۆم تەسلیم کەم، هەتا داکم و بابم بەردەن، معاونەکە فایلەکی لەسەر دۆرابەکەی تەنیشتی هینا خوارێ و گازی مفەوەزەکی تەحقیقی کردو گۆتی: وەرە ئەو زانیارییانەی لێ وەرگرەو زوو نووسراویش لۆ حاکمی بکە هەتا داک و بابی بەردەن، مفەوەزەکە دانیشت و کۆمەرە پرسیارەکی لێکردم و هەمووم وەرام داوە، ئەوجە گۆتیە من: یاڵلا پەنجەمۆری بکە، پەنجەی ئەسپێ کوژەم بە ستەمپەکەی وەناو لە چار جێیان مۆرم کرد، مفەوەزەکە ئەوراقەکانی دا معاونەکەیی و گۆتی: گەورەم تەواو، ئەویش وەریگرت و بە هوردی خیندیەوە، ئەوجە ئیمزای لەسەر کردو پاشان دووسێ خەتمی لەسەرداو گازی پۆلیسەکی کردو گۆتی: وەرە ئەو تاوانبارەی ببە سجنێ و فەوری ئەو ئەوراقانەش بگەینە حاکمی، بەشکوو ئەمری بەردانی داک و بابی دەردەکاو هەر ئەوڕۆ دەڕۆنەوە، پۆلیسەکە تەحیەکی کردو قۆری منی گرت و گۆتی: یاڵلا با بڕۆین، شێرۆ لە پێش دەرکەی ڕاوەستابوو، وەکی دیتی قۆری منیان گرتیەو هەردوو چاوی بوونە هەوری بەهارێ و فرمێسکی پڕ لە ئازاریان باراند، گۆتم: دختۆر چاوەکەمی، لێرە مەڕۆ، لەوانەیە ئەوڕۆ داک و بابم بەربن، بەشکوو لەگەر خۆتیان ببەیەوە! گۆتی: ئەتوو ئەمردەکەی هەی جاحێرە خێرلەخۆ نەدیتییەکەی گەڕەکێ!
گۆتمە شێرۆی: خەمی مەخۆ ئیشاڵلا ڕۆژەک دادێ ئەو فرمێسکانەی توو دەبنە فرمێسکی خۆشی، گۆتی: زۆر زەحمەتە ئەو ڕۆژەی ببینم، ئەتوو وا بەقسەی جاشەکی لە ژۆرێ دەکرێی و خوا بزانی چت بەسەردێ، ئەوجە دەتەوێ دری من بدەیەوەو دەرێی ئەو فرمێسکانە دەبنە فرمێسکی شادی، پۆلیسەکە قۆری گرتم و ئەمنی برد لۆ سجنەکەی ناو مەرکەزی، وەکی دەرکەی کردەوە، دیتم داکم و بابم لە قولینچکی سجنەکەی لەسەر دۆشەکەکی دڕای دانیشتینە، ئاگرم لە هەناوی بەربوو، داکم چاوی بەمن کەت قیت بۆوەو لۆم هات، غارمداو پڕم دا هەردوو دەستی و تێر تێر ماچمکردو فرمێسکم بەسەر هەردوو دەستی داباراند، غارمدا بابم و نەمهێشت قیت بیتەوە، هەر دوو دەستم گرت و تێر تێر ماچم کرد، هەردووکیان لەبەر گریانێ نەیاندەتانی قسەی بکەن، بابم بەزۆری فرمێسکی چاوەکانی ڕاگرت و گۆتی: کوڕم بە شێرۆی خەبەرم لۆ نەناردی، نەمگۆ خۆت تەسلیم مەکە! گۆتم: شتی وا کوو دەبی بابە، کوو دێلم ئەنگۆ لە سجنێ بمینێنەوە، با ئەمن ئیعدام بکرێم، بەس ئەنگۆ دڕکەکتان لەپێی ڕانەچی! داکم گۆتی: کوڕم ئەوجە ئەمن کوو ئیدارە دەکەم ئەتوو دیسان بکەویەوە حەپسخانەی، وەڵلا وەبیللا ئەوجارە وەزگ دەدەم، گۆتم: دایە ئیشاڵلا خوای گەورە دەتانپارێزی و ساغ و سەلامەت دەبن، سەبرو ئارامتان هەبی ئیشاڵلا خوای گەورە بەدرینگۆ دەکاو بەزووترین وەخت دێمە دەرێ، گۆتیان: خوا بەزارت دابڕۆنی و بتپارێزی!
دەوری سعات و نیوەکی لەگەر داک و بابم دانیشتم، وەختەکی پۆلیسەک هات و گۆتیە داکم و بابم: فەرموون لۆ ژۆری معاونی، حاکم بڕیاری بەردانینگۆی دایە، داکم گۆتی: بێی ئەو کوڕە نازدارەم قەت لێرە ناچمە دەرێ، یان لەگەرەمە بەردەبی، یان لێرە لەگەوی دەمینێینەوە، گۆتم: دایە بکە لە ڕاهی خوای، هەستن لەگەر بابم بڕۆن، ئەگەر ئەنگۆ لێرەبن و نەڕۆن ئەمن زیاتر ئازارم پێدەگاو خەمی دەخۆم، بابم بە بێتاقەتی هەستاوەو گۆتیە داکم: هەستە حورمێ هەستە، ئەمە ناکرێ چیدی لێرەبین، مادام ئەمە بەربووین، ئیشاڵلا ئەویش بەردەبی، ئەوەی لەتوانام دابی لۆی دەکەم بەشکو خوا دەکا دێتە دەرێ، ئیدی ئەوان هەستان و دەستی هەردووکیانم ماچکردو بە چاوی پڕ لە گریان و فرمێسک چوونە دەرێ، ئەمنیش بەتاقی تەنی مامەوەو دانیشتمەوەو هەردوو چۆکم بە گەردەنم وەناو هەتا هێزم تێدابوو گریام و فرمێسکم لۆ داک و بابم باراند!
هێوارە داهات و نوێژی هێوارێم کردو نانیان لۆ هینام، هەند بێتاقەت بووم، نەمتانی هیچ بخۆم، بە بێدەنگی دانیشتبووم و چاوەڕێی ئەوەی بووم بزانم چم بەسەردێ و چم لێدەکەن، وەختەکی سعات ببووە دەوری دەی شەوێ، گێم لە دەنگەدەنگەکی زۆربوو، پێدەچوو کۆمەرە کەسەک هاتبنە ناو مەرکەزی، ترسام جاشەکانی سەرۆک جاشەکەی بن و هاتبن بمکوژن! وەختەکی دەرکەی سجنەکەی کراوە، دوو پۆلیس هاتنە ژۆرێ، کەلەپچەیان لە دەستی کردم و گۆتیان: یاڵلا بابڕۆین، کتابی ڕەسمی هاتیە ئەتوو لێرە نەمینێی و دەتبەنە جێیەکی دی لۆ تەحقیقی، ئیشی توو لەکن پۆلیس و مەرکەزی تەواو! گۆتم: دەمبەنە کێندەرێ؟ ئێکیان پێکەنی و گۆتی: وەکی گەیشتیەوێ ئەوجە دەزانی کێندەرە، هەر ئەوەندەی دەرێم ئەگەر لەوێ قورتاربووی گایەکی بکە خێر!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!