ئەشکەوتی کافران، کە دەکەوێتە چیای زۆزک بە دووریی 3,5 کم لە باکووری گوندی بەرزێوە، 9 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی ڕواندز، لەناو ئەو ئەشکەوتە چەند وێنە و نووسینێکی سەرەنجڕاکێش دەبینرێت و بووەتە جێگەی سەرسامی هاووڵاتییان و شوێنەوارناسان.
عەبدولڕەزاق مەمەندی، لێکۆلەری شوێنەواری لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران، بە (باسکۆرد) ی ڕاگەیاند: لەپێناو کۆکردنەوە و زانیاری و توێژینەوە لە شوێنەواربوونی ئەشکەوتی کافران، ، وەک تێمێکی شوێنەوارناسان لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران، سەردانی ئەشکەوتەکەمان کرد و لە نزیکەوە بە دیمەنەکانی ئاشنابووین، ئەشکەوتەکە دەروازەیەکی تا ڕادەیەک گەورە و بەرزی هەیە کە بە درێژایی ڕۆژ تیشکی خۆری پیادا دێتە ژوورەوە، ئەمەش وای کردووە سەردەمانێک ئەم ئەشکەوتەوە پەناگەیەک بەکار بهێنرێت لەلایەن مرۆڤەوە. هەروەها ئەم ئەشکەوتە لە دوو قات پێکهاتووە، قاتی خوارەوە فراوانییەکەی نزیکەی (3 _ 5) م دەبێت، لە بەشی دواوەی کونێک هەیە کە تیرەکەی (1 _ 1,5) م دەبێت و بەرزییەکەی نزیکەی (5) م دەبێت و هەردوو قاتەکە بەیەکتری دەبەستێتەوە شێوەیەکی سەرەنج ڕاکێشی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: هەرچەندە بەهۆی بەرزییەکەیەوە نەمانتوانی سەربکەوین بۆ قاتی سەرەوەی ئەشکەوتەکە، بەڵام بە وتەی دانیشتووانی گوندەکە و ئەوانەی سەرکەوتوون و بینیویانە، دەڵێن فراوانییەکەی (3_4) م دەبێت، ئەویش بە هەمان شێوە دەروازەیەکی هەیە و ڕووی لە خۆرە و دیوارێکی بۆ کراوە بە بەرزیی (1,5) م. لە لای چەپی دەروازەی ئەشکەوتەکە، لەسەر تاقێک بە ڕووبەری (120 ×120) سم دیمەنێک هەیە، لەگەڵ چەند دێڕێکی نووسین کە وێنەی کێشراوە. لە بەشی خوارەوەی وێنەی زۆرانبازیی ئەسپسوارێک لەگەڵ شێرێکی مێینە هەیە، لە بەشی سەرەوەشی وێنەی ئافرەتێک هەیە و لە تەنیشت وێنەی ئەسپسوارەکەش چەند دێڕێکی نووسین هەیە. لە وێنەی زۆرانبازیی ئەسپسوارێک لەگەڵ شێرێکی مێینەدا، ئەسپ سوارەکە بە بەرزیی 45 سم و بەپانیی 38 سم وێنە کێشراوە.
ئەو کەسەی لەسەر ئەسپەکە وێنەی کێشراوە، کڵاوێکی شێوە قۆقزیی لە سەردایە، وەک شێوەی لوولپێچی، یان چەند چینێکی لەسەر یەک دەردەکەوێت و لەسەری کڵاوەکە بازنەیەک هەیە. دەموچاوی سوارەکە تا ڕادەیەک بەشێوەیەکی بازنەیی وێنەی کێشراوە کە دوو برۆی گەورە و دوو چاوی بچووکی هەیە، بە دەستی چەپی ئەو گوریسەی گرتووە کە بەدەمی ئەسپەکە بەستراوەتەوە و بە دەستی ڕاستی ڕمێکی درێژی هەڵگرتووە کە درێژییەکەی نزیکەی 50 سم دەبێت و لە ملی شێرەکەی بەرانبەری چەقاندووە، ڕمەکە لە ملی شێرەکە دەرچووە. ئەسپەکە لە حاڵەتی بەرەنگاربوونەوە دایە لەگەڵ شێرەکە و دەمی کردووەتەوە، شێرە مێینەکە لە بەرانبەر ئەسپسوارەکە وێنە کێشراوە، کە دووریی نێوانیان لەلای دەمیانەوە 1,5سم دەبێت، لەلای پێیەکانیشیان پێنج سم دەبێت. شێرەکە بە بەرزیی 30سم و پانیی 30 سم وێنە کێشراوە، کلکی بەرز کردووەتەوە و چنگەکانی بە شێوەیەکی باریک و درێژ وێنە کراون.
لە بەشی سەرەوەی ئەم وێنەیە، بە دووریی 15سم وێنەی ئافرەتێک بە بەرزیی 43سم کێشراوە، قژەکەی پەرش و بڵاو بووەتەوە بە هەردوو لاوە کە درێژییەکەی نزیکەی 10سم دەبێت. هەردوو دەستی کردووەتەوە و پەنجەکانیشی کراونەتەوە، ئافرەتەکە بە شێوەیەکی قەڵەو و بە ڕەنگێکی کاڵ دەردەکەوێت و پانایی سنگی 7سم دەبێت و ئەستووریی ڕانی 3 سم دەبێت. سەرەڕای ئەم زانیارییانەی سەرەوە، لەلای چەپی ئەم دوو وێنەیە چەند دێڕێکی نووسین هەیە کە بە شێوەیەکی لار لەسەرەوە بۆ خوارەوە نووسراوە، بە هەمان شێوە ئەم نووسینە بە مەرەکەب نووسراوە و ناتوانرێت بەباشی بخوێندرێتەوە.
ڕوونیشی کردەوە: لە خوارەوەی ئەشکەوتەکە لەناو پاشماوەکەدا، چەند پارچە گڵێنەیەکمان دۆزیەوە. لەبەرئەوەی وێنەکان لەگەڵ نووسینەکە هەمووی بە مەرەکەب وێنە کێشراوە و نووسراوە، لە نووسینەکەدا چەند وشەیەکی (عەرەبی) هەیە، پێمان وایە تێکڕای دیمەنەکە لەگەڵ نووسینەکە دەگەڕێنەوە، بۆ یەک سەردەم، ئەویش سەردەمی ئیسلامییە. شێوازی وێنەکردنی ئەسپەکە و دەموچاو و کڵاو و ڕمە درێژەکەی ئەسپسوارەکە و زۆرانبازی لەگەڵ شێر، هاوشێوەی ئەو وێنانەیە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی مەغۆل، بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەو وێنانە لەگەڵ نووسینەکە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی مەغۆل.
ئەم لێکۆڵەرە شوێنەوارناسە نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی لەوەی کە ئەشکەوتەکە، لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکە دەستدرێژیی کراوەتە سەر و لە چەند شوێنێک هەڵکۆڵدراوە و لە بەشی سەرەوەی وێنەی ئافرەتەکە چەند لێدانێک هەیە کە تا ڕادەیەک وێنەکەیان شێواندووە، هەروەها بەشی خوارەوەی نووسینەکە شکێندراوە. هەروەک دەوترێت کاتی خۆی نامەیەک لەناو ئەشەکەوتەکەدا لەلایەن خەڵکی گوندی بەرزێوەی سەربە شارۆچکەی ڕواندز دۆزراوەتەوە و دراوەتە دەست مامۆستای گوندەکە، بەڵام هیچ کەس زانیاریی لەسەر خوێندنەوەی نەبووە و نامەکە بردراوە بۆ شاری بەغدا، لەوێ زانایەک بۆی خوێندوونەتەوە، لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، خەڵکانێک لە ترسی ئیسلامبوون ڕوویان لەو ئەشکەوتە کردووە و بەمەش ناو نراوە ئەشکەوتی کافران.[1]