ئەو ئیدیۆمانەی لە شێوەی شیعردان
لە ڕووی پێکهاتەی وشەسازییەوە، هەندێک لە ئیدیۆمەکان لە شێوەی وشەی لێکدراون و مەبەستەکانیان ڕوون و ئاشکرایە، واتە: ئەم ئیدیۆمانە، دوو واتا دەبەخشن، واتایەکی ڕاستەقینە و واتایەکی فەرهەنگیی (پیتی)، واتایەکیان ناڕاستەوخۆیە و مەبەست شتێکی دیکەیە، نەک واتا فەرهەنگی و ڕاستەقینەکەی، ئەمەش لە سیاق و دەوروبەری ئاخاوتن و بەکارهێناندا دەردەکەوێت و بەو پێیە واتاکانیان لەیەکدی جیا دەکرێتەوە، وەک :
پێکەوتن: واتا فەرهەنگییەکەی، بەیەک کەوتنی دوو شت.
پێکەوتن: واتا ئیدیۆمییەکەی، (فڵانە کەس ئەو خۆراکەی پێ کەوتووە).
دڵ تەزێن: واتا فەرهەنگییەکەی، واتە تەزینی دڵ.
دڵ تەزێن: واتا ئیدیۆمییەکەی: خەمناک، کارەسات.
هەندێک لە ئیدیۆمەکانیش، لە شێوەی شیعر دان، وەک:
ڕوبە ڕو دەم چەور
پاشە ملە دەم تەور
واتە: لە بەرە و ڕوو کەسێکی زمان لوس و ماستاو چییە و بە خەڵکیدا هەڵدەڵێت و خۆی نزیک دەکاتەوە، بەڵام هەر کە پشتی لە پاش کرد، دەست دەکات بە غەیبەت و ناوهێنانی خەڵکی و بە خراپە ناویان دەبات و قسە و بوختان و فیتنەیان بۆ دروست دەکات.
سەر کڕی بن پڕ:
واتە: لەسەرەوە کڕ و هێمن دەردەکەوێت، بەڵام لە ژێرەوە زۆری پێیە.
سەر قۆزی بن ئاڵۆز:
ئەمە بە کەسێک دەگوترێت، کە لە سەرەوە زۆر لە خۆی بخەفتێت و خۆی جوان بکات و جلی ئاڵاو واڵا لەبەر بکات، بەڵام لە ڕاستیدا، پیس و پۆخڵ بێت و ڕاستییەکانی خۆی دەرنەخات.
نەدی و بدی
کوڕەکیان بوو
ناویان لێنا سەلکە کودی.[1]