گورگ لە ئیدیۆمی کوردەواریدا
گورگ: ئاژەڵێکی دڕندەی بە زیانە، لە ڕەچەڵەک و بنەماڵەی سەگانە، کێش و قەبارەی هێندەی سەگێکە، مێملی مەڕ و بزن و گیانلەبەرانە، زۆرترین زیانی گەیاندووە بە خاوەن پەز و ڕان و مێگەلەکانی وەرزێر و لادێنشیانی کوردستان، هەر لەبەر ئەوەیە وشەی (گورگ) لە زۆربەی ئیدیۆم و گۆتە کوردەوارییەکاندا ناوی هاتووە، لێرەدا هەندێکیان دەخەینە ڕوو:
گورگەخەو: سوکەڵەخەوێک، سەرخەوێک، کەروێشکە خەویشی پێ دەوترێت، بە مانای خەوتن بە ئاگاییەوە، کە کەسی خەوتوو نەچووە بە قوڵایی خەوەوە و گوێی لە خشپە و قسە و گفتوگۆی دەوروبەرەکەیەتی، #شێخ ڕەزای تاڵەبانی#، ئه و ئیدیۆمەی لە دەقێکی شیعریدا بەکارهێناوە و فەرمویەتی:
لازمە بۆ شێخ سبەینان گورگەخەو
تابڵێن شێخ عابیدە و نانوێ بەشەو
گورگە: وشەیەکە بە گوێرەی شوێن ماناکەی دەگوڕێت: هەندێجار ماناکەی: فێڵبازە، جاری واش هەیە ناوی گژوگیایەکی زیان بەخشە بۆ ڕووەکی توتن و تەماتە، که وەک گیاکەڵەیەک لەبن بڕکەکانیان دێت و تا بڕکەکانیان وشک نە کات دەمێنێت هەمان خاسیەتی گورگی هەیە، کە دەتوانێت (10) دە کاتژمێر بەبێ خشپە بۆ نێچیرێک ڕابوەستێت، جاروباریش به و دارە دەوترێت کە سواندەی سەر دیوارەکانی پێ دروست دەکرێت، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و دەوترێت: گورگە دەکا و لێم نزیک نابێتەوە، واتە: دەترسێت و دەڕەوێتەوە و سڵ دەکاتەوە.
گورگە لۆقە و گورگە ئاوڕ: گورگ نەرمە غارێکی هەیە، پێڕۆیانەیە و هێواشە و ناوەناوەش ئاوڕێک دەداتەوه، نەرمە ڕۆیشتنەکەی لۆقەکردنە و ئاوڕدانەوەکەشی بووە بە گورگە ئاوڕ، لە هەندێ بواردا بۆ هەڵس و کەوتی مرۆڤیش بەکاردەهێنرێت.
گورگەزێ: لە بواری کەش و ئاو و هەودا، کاتێک ڕۆژ بەدەرەوە بێت و باران ببارێت به و حاڵەتە دەوترێت: گورگە زێ لە بیروبۆچووندا وا باوە کە له و کاتەدا گورگ دەزێت.
گورگ نەخۆرە: لە ڕیخۆڵە و ورگی ئاژەڵی مەڕ و بزن و مانگادا پارچەیەک هەیە، پڕیەتی لە پیسی و پاشەڕۆ، زۆر خراپ خاوێن دەکریێتەوە، ئه و پارچەیە لەگەڵ سەروپێیەکە نادرێت و فڕێ دەدرێت به و پاچەیە وتراوە: گورگ نەخۆرە، ئه و پارچە گۆشتە زۆر چرچ و لۆچ و گیرفان گیرفانە بووە بە ئیدیۆمێکیتر بۆ پیرەژنێکی مشتێ چڵ وچێو و ناشیرین و ناحەز دەوترێت: کە کەس دڵی بۆی ناچێت و (تەماعی) لێ نەکات.
لە کوردەواریدا، دایک لاوانەوەی بۆ خەوتنی منداڵەکەی کردووە و بۆ ترساندن و خەواندنی مناڵەکەی: گورگانە شەوێی بۆ دەڵێت، هەروەها (لوورەی گورگ) یش کراوە بە ئیدیۆم و دەوترێت: گورگە لوراندن، بۆ پرسکردن و ڕاوێژێک کە تەنها بۆ ئەوە بێت لە دوا ڕۆژدا گلەیی نەکرێت دەوترێت: پرسە گورگانە.
هەندێ ئاژەڵ و زیندەوریش گورگە دەچێتە سەر ناوەکانیان وەکو: ماسییە گورگه، گورگە مێشە بێچوی لە دایکبووی دوو ڕەگ، گۆڵە گورگ و دێڵە سەگ، وەکو نەخۆشی پێستیش زیاتر لە دەم و چاوی ژنان دەدات، ڕوومەتیان دەکاتە، پەپکە سوورە و به و نەخۆشیەش دەوترێت: گورگە سووره.[1]