مشک لە ئیدیۆمی کوردەواریدا
مشک گیانەورێکی قرتێنەری شیردەری گیاخۆرە، قەبارە و کێشی بچوکە، دوژمنی زۆرە مرۆڤ و گیانلەبەرانیتر بۆیە تەمەنی زۆر کورتە، ئەوانەی ماڵین لە دیواری خانووی ماڵان کون لێ دەدەن و کێوییەکانیش لە کێڵگە کشتوکاڵیەکاندا، مشک لەبەر ئەوەی ئاژەڵێکی وردیلەی زۆر و بەر بڵاوە لە کوردەواریدا زۆر خزێنراوەتە ناو ئیدیۆمێکی زۆرەوە لێرەدا ئاماژە بە هەندێک له و ئیدیۆمانە دەدەین.
ئەوەی لە مشک بێت جەواڵ دڕە، جەواڵ لە بەن و موو و خوری دروستکراوە وەکو گونیەی ئەمڕۆ وابووە، پڕ کراوە لە دانەوێڵەی گەنم و جۆ، مشکیش مشەخۆرە، کاتێک بۆنی گەنم و جۆی ناو جەواڵەکەی کردووە، ئەوەندە قاندڕییەتی بە ددانەکانی بەن و موو و خوری جەواڵەکەی قرتاندووە و دڕیووە و کونی کردووە تا گەنمەکەی ناوی بخوات، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و بەکەسێک دەوترێت هەمان پیشە و کار و کردەوەی باوانی خۆی بکاتەوە.
پشیلە لە ماڵێ نییە، مشک تلیلییانە، یەکێک لە مێمل-مێمرەکانی مشک، پشیلەیە، زۆر گورج و گۆڵانە دەیانگرێت و دەبنە ژەمە خۆراکی، ئه و ماڵەی پشیلەی لێ نەبێت، جموجۆڵ و بزاوتی مشک زۆر دەبێت و دەست دەکەنە زیکەزیک و یاری کردن و هەڵبەزین، ئەوە کراوە بە ئیدیۆم و ئەگەر کەسی یەکەمی ماڵ لە ماڵ نەبێت، منداڵ و توار هەموویان بە ئارەزووی خۆیان وەکو مشکەکان دەجولێنەوە، یان کاتێک کەسی یەکەمی فەرمانگە یان کۆمپانیا یان وڵات بۆ ماوەیەک دیار نەبن خەڵکانی هەڵپەرست و مشەخۆر دەرفەت دەقۆزننەوە بۆ کاری نابەجێ و دەوام نەکردن و...تاد.
مشک، بەهەستە، گوێی قوڵاغ و سووکە، زوو هەست بەخشپە و جوڵە دەکات، ئه و خاسیەتەی مرۆڤ گواستویەتییەوە بۆ کەسێکی گوێ سووک کە زوو لە بابەتی بە فسکە فسک تێ بگات، دەڵێت: گوێی ئەوەندە سووکە دەڵێی مشکە.
هەروەها بۆ هەژاری و نەداری و نەبوونی و قات و قوڕی و کەندوو بەتاڵی و دیارکەوتنی بنی هەمبانەی زەخیرەش جارێکیتر مشک بووە بە ئیدیۆم و به و جۆرە ماڵە هەژارانە دەوترێت: هێندە هەژاران، مشک کلکی لە ماڵێان بە ئارد نابێت.
هەروەها بۆ بچووکی کەسێکیش وتراوە دەڵێی: مشکە، واتە: زۆر بچوکە، ژنانی کوردیش کە بەکاروباری ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵەوە زۆر سەرقاڵ دەبن دەڵێن: وەک مشکی کۆرە-کوێرە هەر دەبێت لە چوارچێوەی ماڵەوە بین، مشکی کوێرە: جۆرە مشکێکی کێوییە، کلکی لە مشکی ماڵی کورتترە، بەڵام کەمێک گەورەترە، جورجە کوێرەش وتراوە: بەڵام ئەوەیان قرچۆکی و ڕەزیلی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت.
باڵندەی مشکگرە، باڵندەیەکی بچوکە، گۆشتخۆرە، چنگ زەرد و قاچ کورتە، لە ئاسمانەوە ڕاوی مشک دەکات، مشکخۆرەش جانەوەرێکیترە ڕاوی مشک دەکات، کەواتە: مار و پشیلە و مشکگرە و مشکخۆرە و مرۆڤ هەموویان دوژمنی ئه و گیانلەبەرە گیاخۆرەن، لە #کوردیپێدیا#ش چەندین ئیدیۆمی وەکو: #ئاشتی پشیلە مشکە#، #کونە مشکی لێ بووە بە قەیسەری# و...تاد شیکراوەتەوە.[1]