کیژی خەم
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
کیژێک، بێناوێک،
خەم لێ هاڵاوێک،
بووکی چارەڕەش،
لە ژیان بێبەش،
زەردەی خەزەڵوەر،
سروودی ڕۆژپەڕ،
دوو چاوی کەژاڵ،
وەک بادەی خەیاڵ:
مەستن، مەست ئەکەن
دڵ پڕ هەست ئەکەن
کەزیە: باری شان،
لەش: زیندانی گیان،
لێو: خونچەی ژاکاو
بەستەی نەوتراو
خۆی: ڕەنگی بێڕەنگ
بێهەست و بێدەنگ،
ئاواتی مردوو
بۆنی بابردوو،
بڵێسەی بێتین،
دواهەناسەی ژین،
چاوەڕێی نەمان
کەوتن، هەڵنەستان
1966 - #مەهاباد# [1]