کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکار
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران
لەماوەی ڕابردوودا و پاش سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە لە کوردستانی پێشەنگی خەبات و خۆڕاگرییەوە سەریهەڵدا و سەرجەم شار و ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە و بڕیاری ڕوخاندنی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی داوە، دامودەزگاکانی ڕژیم لە تریبونەکانی خۆیانەوە بانگەوازی شەڕێکی نابەرابەری سەربازیی و ڕەوانییان دژی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وەڕێخستووە.
سەرەڕای سەرکوت و کوشتاری ڕۆژانەی خەڵکی ناڕازی لەسەر شەقامەکان، کۆماری ئیسلامی بە موشەک و دڕۆن هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکان و ئێستا بە هێنانی هێزێکی زۆری سەربازیی بۆ سەر سنورەکانی کوردستان، هەڕەشەی بەزاندنی سەروەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەشکرکێشی بۆ سەر حیزبەکان دەکات.
ئێمە وەک ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەرەڕای مەحکوم کردنی هەرچەشنە دەستدرێژییەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنین کە ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان مەحکومە و دەبێت ڕیسوا و لەقاو بدرێت.
ئێمە لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ڕێزمان لە سەروەری حکومەتی هەرێم گرتووە و دەیگرین و بەو هۆکارە هیچ چەشنە جوڵەیەکی نیزامی و پێشمەرگانەمان نەبووە، ڕایدەگەیەنین کە: لە حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانمان لە قوڵایی خاکی هەرێمدا بە هەموو توانای خۆمانەوە و وەک مافێکی ڕەوا لە بەرانبەر هێرشی دوژمن بەرگری لە خۆمان دەکەین. هاوکات داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم نوێنەران و کۆنسوڵگەرییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئامریکا لە هەرێمی کوردستان دەکەین بەرامبەر بەم ملهۆڕییانەی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و هەڵویستی جیدییان هەبێت. کۆماری ئیسلامی پلانی ئەوەی هەیە بە سازکردنی شەڕێکی دیکە هەوڵ بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بدات.
داوا لە ڕوناکبیران، کەسایەتییەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردانی تاراوگە دەکەین لەبەرامبەر ستەمکاری کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و بە هەموو شێوازێکی گونجاو ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن و پاڵپشتیمان لێبکەن.
کۆماری ئیسلامی نزیکە لەوەی کە سڵاو لەکۆتایی دەسەڵاتی 43 ساڵەی خۆی بکات، هەر بۆیە نەک ئەم هەڕەشانە و نەک سازکردنی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکە ناتوانێت پێش بە شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان و ئێران بگرێت.
بژی هاوپشتی و یەکگرتووی خەڵکی کوردستان لەگەڵ سەرانسەری ئێران
بڕوخێ کۆماری ئیسلامی ئێران
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
20ی ڕەزبەری 1401
12ی ئۆکتۆبری 2022.[1]