$کۆنیشانەی دڵی شکاو یاخود تاکۆتسۆبۆ، ئایا ڕاستیەکی زانستییە؟$
نووسینی: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
دەکرێت لە ئەنجامی دڵشکانەوە بمریت، ئەمە ڕاستییەکی زانستیە؛ منیش لەو ڕۆژەوەی تۆم ناسیوە دڵم ڕۆژانە دەشکێت. دەتوانم بەباشی هەست بە شکانی بکەم، ئازارێکی توند و قورس و بێزارکەر لە پشت قەفەسەی سنگمەوە، هەرکات لەگەڵ یەکدا دەبین و دڵمان ئاوازێکی نائومێد دەژەنێت: خۆشت بوێم، خۆشت بوێم)
– ئابی ماکدۆناڵد لە چیرۆکی (بەزاندنی گاریت دیلانی)
کاتێک بیر لە دڵێکی شکاو دەکەیتەوە لەوانەیە ئەوەی تەنیا بە هزرتدا بێت، وێنەی هێڵکاری دڵێکی سوورە کە بە هێڵێکی خواروخێچ و ناڕێک لە ناوەڕاستدا دوو پارچە بووبێت.
بەڵام بێگومان وێنە ڕاستییەکە لەوە گەورەتر و بە ئازارترە. هەر لە ڕووی زانستییشەوە دڵشکاندن ئاکامی تەندروستی زۆر خراپی هەیە و لەوانەیە ببێتە هۆکار بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ. زانست سەلماندویەتی کە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان خەمۆکی، تەنگەژەی دەروونی و نەخۆشییەکانی دڵدا، هەر بۆیە هەرگیز دڵشکاندنی کەسێک بە کەم وەرمەگرە.
زۆر جار هەموومان بیستومانە لە ژیانی ڕاستەقینەدا یاخود لە چیرۆک و فیلمە سینەماییەکاندا، دوو کەس کە زۆر پەیوەست بوون بە یەکتریەوە و یەکتریان زۆر خۆشویستووە، یەکێکیان ژیانی لە دەستداوەو مردووە، یاخود بە هۆکارێک دوور کەوتۆتەوە، خۆشەویستەکەشی دوای ماوەیەکی کەم ژیانی لە دەستداوە یاخود باری تەندروستی تێکچووە.
زۆربەمان لەوانەیە وامان زانیبێت ئەوانە تەنیا خەیاڵ یان ئەفسانەن، یاخود قسەی پیرەکانە و لەواقیعدا بوونی نییە.
بەڵام لەم سەردەمەدا، توێژینەوە زانستیەکان سەلماندویانە کە نەخێر ئەو حاڵەتە ئەفسانە و خەیاڵ نییە، واقیعێکە و ڕاستیەکی زانستیی لە پشتە، و بەنەخۆشی (دڵی شکاو) یاخود (تاکوتسۆبۆ) یاخود بە ئینگلیزی (broken heart syndrome) ناسراوە.
(تاکوتسۆبۆ) وشەیەکی یابانییە، کە بە جۆرە گۆزەیەک دەوترێت وەکوو تەڵە بەکاردێت بۆ ڕاوکردنی ئەختەبوت (هەشت پێی ناو ئاو)، بۆ یەکەمجار ئەم وشەیە بەکارهێنراوە لەو حاڵەتەدا، چونکە سکۆڵەی چەپی دڵی توشبوو بەم نەخۆشییە، شێوەی ئەو جۆرە گۆزەیە وەردەگرێت، بۆیە پزیشکەکان دڵی نەخۆشەکەیان بەو گۆزەیە چواندووە و ناوەکەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە.
نەخۆشی (دڵی شکاو) یاخود (تاکۆتسۆبۆ)، یەکێکە لەو نەخۆشییە سەیرانەی کە دووچاری مرۆڤ دەبێتەوە و نەخۆشییەکی ڕاستەقینەشە، نیشانەکانی زۆر لە جەڵتەی دڵ دەچێت و کەسی توشبوو هەست بە قورسی لەسەر سنگی دەکات، لەگەڵ هەناسە توندی، کێشەکە کاتێک ڕوودەدات کە باری دەروونی ناجێگیر دەبێتە هۆی لاوازی ماسولکەکانی دڵ، لەوانەیە بەهۆی زەبرێکی دەروونی لەپڕ، یاخود بێتاقەتییەک و غەمێکی زۆر، یاخود خەمۆکییەکی قوڵ توشی بین.
پزیشکەکان و توێژەرەوەکان، هۆکاری ئەم حاڵەتە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لە کاتی دڵشکاندندا یاخود خەمی زۆر، ڕێژەی هۆرمۆنی ئەدریناڵین زیاد دەکات لە لەشدا، کە ئەمەش وا دەکات خوێنبەرەکانی دڵ گرژبن و تەسک ببنەوە و کەمتر خوێن بڕوات بۆ ماسولکەکانی دڵ. لە هەندێ جاردا سکۆڵەی چەپی دڵ گەورە دەبێت کە کاریگەری هەیە لەسەر پاڵپێوەنانی خوێن بۆ بەشەکانی تری لەشی مرۆڤ.
نیشانەکانی:
هەستکردن بە قورسی لە سنگدا، هەناسە توندی، کە زیاتر لە حاڵەتی جەڵدەی دڵ دەچێت. کێشەکە کاتێک ڕوودەدات کە باری دەروونی ناجێگیر دەبێتە هۆی لاوازی ماسولکەکانی دڵ. کە لەوانەیە بەهۆی زەبرێکی دەروونی لە پر یاخود بێتاقەتی و خەمۆکیەکی قوڵەوە توشی بین.
پزیشکەکان پێ دەڵێن stress induced myopathy، یاخود.takotsobo myopathy
کێ تووشی دەبێت؟
ڕێژەی ژن زیاترە لە پیاو.
زۆربەی جار لە تەمەنی مامناوەند یان پیرەکاندا ڕوودەدات.
زۆربەی جار ئەو کەسانەی توشی دەبن هیچ جۆرە نەخۆشییەکی دڵیان نییە و نەیان بووە.
ئەو کەسانە زیاتر توشیان دەبێت کە یەکێکی نزیک لە دەست دەدەن، یاخود لە دوای جیابوونەوەی دوو هاوسەر یاخود دوو خۆشەویست، ئەوانەی توشی داڕمانی ئابووری لەپڕ دەبن، یان هەر حاڵەتێک کە بارێکی دەروونی خراپت بۆ دروست بکات و نەتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت.
دەستنیشانکردن:
لەبەر ئەوەی نیشانەکانی زۆر لە جەڵدەی دڵ دەچێت، هەر نەخۆشێک ئەو نیشانانەی هەبوو ئەبێت بە هەند وەربگیرێت و بە زووترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، پشکنینی خوێن و هێڵکاری دڵی بۆ بکرێت بۆ جیاکردنەوەی حاڵەتەکە لە جەڵدەی دڵ.
پشکنینی ئەشیعەی ملەوەنی خوێنبەرەکانی دڵ (coronary angiography) پیشانی دەدات کە لای سکۆڵەی چەپی دڵ کەمێک گەورەترە لە حاڵەتی ئاسایی، وە دڵیش ناتوانێت پاڵ بە خوێنەوە بنێت بۆ بەشەکانی تری لەش بە شێوەیەکی ئاسایی بەهۆی لاوازی ماسولکەکانەوە.
چارەسەر:
لە کاتی ڕوودانی باری دەروونی ناخۆش یان ڕوودانی کارەساتی وەکوو مردن یان جیابوونەوە دەبێت هەر ئازارێک لە دڵدا یان هەستکردن بە تووندی لەسەر سینگ بە هەند وەربگیرێت و پشتگوێ نەخرێت.
هەندێک جار هەندێک دەرمان بەکار دەهێنرێت بۆ کەم کردنەوەی پەستانی خوێن و هەروەها بۆ کەم کردنەوەی پەستانی سەر دڵ.
وەرگرتنی ڕای پسپۆر و پزیشکی دەروونی بۆ کۆتایی هێنان بە غەم و ناخۆشی لە دەست چوون، و جێگیر کردنی باری دەروونی کەسەکە، باشتر وایە وا لە ئەو کەسە بکرێت کە بە تەواوەتی غەمەکانی دەرببڕێت و بە هیچ شێوەیەک نەیشارێتەوە و بە تەواوەتی کاتی خۆی بداتێ کە ئازارەکانی بژی و لە دڵیدا هەڵینەگرێت… ڕێگا چارەی بۆ دابنرێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی غەمەکانی و پێی شەرم نەبێت کە ڕای پزیشکی دەروونی و سایکۆتێراپیست وەربگرێت.
چاکبوونەوە:
مرۆڤ لەوانەیە چەند مانگێکی بووێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لە کۆنیشانەی دڵ شکاندن
broken heart syndromeڕزگاری بێت، توشبوون پێی جارێک ئەوە ناگەیەنێت جارێکی تر ئەگەری توشبوونی هەیە. نەخۆشی (دڵشکاندن) نەخۆشییەکی دەگمەنە، بەڵام بوونی هەیە و ڕاستییەکی زانستییە، هەر بۆیە پێش ئەوەی دڵی یەکێک بشکێنیت هەزار جار بیرکەرەوە چونکە لەوانەیە لە دەستی بدەیت بۆ هەتا هەتایە. [1]