$لە کوێوە بۆ کوێ؟$
من بۆ خۆم وام، ڕەنگە زۆر کەسیش وا بێ، کە شیعری شاعیرێک یا نووسراوەی نووسەرێک دەخوێنمەوە (چ زیندوو چ مردوو) پێم خۆشە خۆشی بناسم. بزانم کێیە؟ خەڵکی کام وڵاتە؟ کاری چییە؟ چۆن دەژی و ئەگەر مردووە چۆن مردووە؟ لە کوێ نێژراوە؟
بۆیە بڕیارم دا سەرگورشتەی خۆم لە سەرەتای ئەم بەشەی دیوانەکەمدا بنووسم. بە کێم گووتبا ئەو سەرگورشتە بنووسێ؟ کێ من لە خۆم باشتر دەناسێ؟
پێوە بووم زۆر درێژی بنووسم. تەماشام کرد دەبێتە چیڕۆکێکی درێژ و شیرین و پڕ کارەسات. چ چیڕۆکێک لە بەسەرهاتی ئینسانێک لە واقیع نیزیکترە؟ ئەویش بەسەرهاتی ئینسانێکی نیزیکەی پەنجا ساڵی لە ساڵەکانی چەرخی بیستەم، ئەو چەرخە سەیر و سەمەرەیە، ئەو چەرخە پڕ کێشە و شەڕ و شوورە، ئەو چەرخە پڕ لە کارەسات و پەلامارە، ئەو چەرخە پڕ شۆڕش و ئاڵوگۆڕە وەبیر بێ. بەتایبەتی ئەگەر ئەو ئینسانە کورد بێ. کوردێکی بێ بەش و چارەڕەش بێ و تا ڕادەیەک لە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوە زۆرلێکراوەکەیدا بەشداربووبێ. بەڵام بەداخەوە بۆم نەکرا. بەشی زۆری لەبەر تەوەزەلیی خۆم. با بمێنێ بۆ هەلێکی تر ئەگەر مام وازی لێ ناهێنم.
خوێنەری خۆشەویست! پێت وا نەبێ لێفەم لەسەر هەتیوان هەڵداوەتەوە و لە بنی کوولەکەم داوە و هەرچیی هەیە نووسیومە. نا هەر وا کورتە سەرگورشتەکەمت بۆ دەگێڕمەوە.
=KTML_Bold=شاعیری هیچ قازانجی بۆ من نەبووبێ ئەو قازانجەی هەبووە کە ئەو ناوە دوور و درێژەی (سەید محەمەد ئەمینی شێخەلیسلامیی موکری) ی لە کۆڵ کردوومەتەوە.=KTML_End=
.
.
.
ئینسانم.
ژیانم پێ خۆشە.
پێم خۆشە لە شاری ئاوەدان، لە شەقامی پاک و خاوێن لەگەڵ خۆشەویستان بگەڕێم. پێم خۆشە لە ژووری گەرموگوڕ لەسەر نوێنی نەرم وەرکەوم. پێم خۆشە سەر وەباسکێکی نەرم و نۆڵ بکەم. پێم خۆشە کام خۆراک خۆشە لەپێشم بێ، پێم خۆشە کام شەراب چاکە لە جاممدا بێ. دەمەوێ سەما و هەڵپەڕینی نازداران تەماشا بکەم. دەمەوێ جوانترین بالە ببینم، بۆ چاکترین ئۆپێرا گوێ ڕابگرم. دەمەوێ بەرزترین سەمفۆنیم بۆ لێ بدرێ. نامەوێ دەربەدەر و سەرگەردان بم، بە تەنێ بە کێو و شاخاندا بگەڕێم. لە ئەشکەوت و زەندۆڵان بخزێم، لەسەر بەردی ڕەق بنووم. قۆنداغی ڕەق و ساردی تفەنگ بکەمە سەرین. نانی وشک و کەڕواوی بخۆم، ئاوی سوێر و گەرم بخۆمەوە، پێم خۆش نییە لاقەفرتە و چەنگەکڕەی نیوەگیانان ببینم، خوێن و فرمێسکم وەبەر چاو بکەوێ، پێم خۆش نییە بە تەقەی تفەنگ و گرمەی تۆپ و هاڕەی تەیارە ڕابچەنم.
- بەڵام:
چ بکەم، کوردم
کۆیلەم
=KTML_Bold=ئەوانە هەموو و تەنانەت کوژران و کوشتنم پێ لە کۆیلەتی خۆشترە.=KTML_End=
هێمن
23-01-1974 [1]