#فەرید ئەسەسەرد#
شاری #خانەقین# پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە نزیک سنووری ئێڕاق- ئێران، لەو شوێنەی کە ئەم سنوورانە زۆر لە بەغدای پایتەختەوە نزیک دەبنەوە، هەروەها ڕێگای مێژوویی (#خوڕاسان#) کە تا ئێستاش گرنگی ئابووری و بازاڕی خۆی هەیە، بەو شارە تێپەڕ دەبێت، بۆیە شارەکە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە کە ڕەنگی داوەتەوە لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هەروەها دیمۆگرافیش.
دیارە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئێڕاق هەر لە سێگۆشەی سنووری نێوان ئێڕاق و هەر یەکە لەئێران و تورکیای دراوسێی و تا دەگاتە ڕێڕەوی (شەت ئەلعەرەب) لە کەنداو، ئەمە لە پاشماوەی دەیان ڕێکەوتننامە و پەیماننامەی نێوان هەردوو دەوڵەتی فارسی و عوسمان(پێشوو) و دواتریش لەنێوان ئێڕاق و ئێران و بە درێژایی چەند سەدەیەک، سەرەڕای ئەمەش ئەم ڕێکەوتننامانە ئەو کات و ئێستاش چەندین هۆکاری بارگرژی و ناسەقامگیری لەخۆ دەگرێت، بەجۆرێک لەوانەیە لە هەر کاتێک بێت هەڕەشە لەناوچەکە بکەن.
لە دیارترین شوێنە(گرژەکانی) نێوان ئێڕاق و ئێران، ناوچەی کەمەرەی سنوورییە کە درێژ دەبێتەوە لە شارۆچکەی (هەڵەبجە)وە لە پارێزگای سلێمانی لە باشوورو، تا (بەدرە) لە پارێزگای واست، لەو ناوچەیەدا سنووری ئێڕاق- ئێران قووڵ دەبێتەوە بەرەو بەغدا، بەجۆرێک لە ناوچەی خانەقین ماوەی نێوانیان تەنیا (150) کیلۆمەتر کەمترە.
شاری خانەقین توانیویەتی کارلێک بکات لەگەڵ فاکتەرەکانی مێژوو و جوگرافیا، بەجۆرێک خۆی بەسەر ڕووداوەکاندا سەپاند، تا ماوەی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو پێگەیەکی بەرزی هەبوو لە ویژدانی گەلی کورد و گەیشتە ئاستی شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان و هەروەها یەکێک بوو لە گرنگترین شارە سنوورییەکانی ئێڕاق.
گرنگترین ئاماژەکانی ئەم کارلێک کردنە بریتین لە:
1- پێگەیەکی جیۆستراتیژی هەیە لە نزیک سنووری ئێڕاق- ئێران چ لەسەر ئاستی کردەوە سەربازییەکان، یان ئاساییشی نەتەوەیی.
2- تێپەڕبوونی ڕێگای مێژوویی (خوراسان) کە هەردوو پایتەخت (تەهران و بەغدا) بە یەکەوە دەبەستێت لە ڕێگای خانەقینەوە، ئەم ڕێگایە پێشتر و ئێستاش ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە جووڵەی گواستنەوەو بازرگانی، هەروەک ڕەنگدانەوەی شێوازی پێوەندی سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوان هەردوو وڵاتە.
3- پەرەسەندنی پیشەسازی نەوت، چونکە بیرە نەوتییەکان درێژ دەبنەوە لە بیرەکانی چیاسوورخ لە باکووری شارەکە تا بیرەکانی نەفتخانە لە باشوور، یەکەم پاڵاوگەی نەوت لە ئێڕاق ساڵی 1927 لە نزیک شاری خانەقین دامەزرا بەناوی پاڵاوگەی (ئەڵوەند)، ئەمەش ڕۆڵی هەبوو لەپاڵپشتی کردنی ئابووریی لە ناوچەکە، بەرلەوەی حکومەتی ئێڕاق دایبخات.
4- پەرەسەندنی کشتوکاڵی- ئاژەڵی: لە ڕێگای ئیستیغلال کردنی زەوییە بە پیتەکان نەخاسمە لە دەوروبەری ڕووباری ئەڵوەند لە پڕۆسەکانی گەشەسەندنی کشتوکاڵی، بەڵام بەکارهێنانی بەرفراوانی سەرچاوەکانی ئەم ڕووبارە لەلایەن ئێرانەوە، شارەکەی لەمە بێبەش کرد، بۆیە بەناچاری کەناڵێک لە ڕووباری سیروان کرایەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی ئاوی ڕووباری ئەڵوەند.
کەسوکارانمان لەخانەقین لە ڕێگای کارلێک کردنیان لەگەڵ (موعتەیات)ە جوگرافیەکان توانییان مێژووییەکی پرشنگدار درووست بکەن کە هەمیشە شانازیی پێوە بکەن بەجۆرێک ڕکابەرێتی شاری (بەعقوبە)ی سەنتەری پارێزگاکەی دەکرد، لەڕووی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و پەرەسەندنی ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئابووری، ئەگەر سیاسەتی تەعریب نەبوایە کە حکومەتی ئێڕاق پیادەی کرد بەتایبەتی لەنیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو.
لەلایەکی دیکەوە پێگەی جوگرافی شاری خانەقین، بەو پێیەی لە پەرەسەندنی و بووژانەوەی شارەکەدا بەشداری کردووە، هەروەها ڕۆڵی هەبووە لە تێوەگلانی ناوچەکە لە کێشە و ڕووبەڕووبوونەوەی درێژخایەن لەگەڵ ڕووداوەکان، بە هەموو ململانێی ناوچەیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، نەخاسمە بە بەرزبوونەوەی زیاتری قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، چونکە شوورای پێشەوەی بزووتنەوەی بەرگری کوردی بوو لە بەرانبەر جووڵانەوەکانی سوپای ئێڕاق لە کوردستان ئێڕاقدا.
گرنگترین ئەو دەرەنجامانەی لەم ڕووداوانە کەوتنەوە بریتین لە:
1- دەرەنجامە دیمۆگرافییەکان: ئەنجامەکانی یەکەم سەرژمێری ڕەسمی کە لە ساڵی 1947ئێڕاق ئەنجامدرا دەریخست کە ژمارەی دانیشتووانی شاری خانەقین کەمتر نییە لە (20.000) بیست هەزار کەس و لە ساڵانی دواتردا ژمارەی دانیشتووان بە بڕی (5%) ساڵانە زیادیکرد لە ئەنجامی سەقامگیر بوونی بارودۆخ کە خزمەتی پڕۆسەی گەشەسەندنی کشتوکاڵ و بازرگانی و گەشتیاری دەکرد.. لە توێژینەوەیەکی مێژوونووس (عەبدولرەزاق ئەلحەسەنی)دا ئاماژە بۆ گرنگی بازرگانی شاری خانەقین دەکات و دەڵێ: (ڕەواجێکی گەورەی هەیە بە حوکمی پێگەی جوگرافی و چەندین بازاڕی ڕێکخراو و شەقامی ڕاست و قیرتاو کراو)، هەروەها نووسەرانی پەڕتووکی(العراق الشمالی) جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە و تێیدا هاتووە(پڕ بوو لە جووڵە و چالاکی بازرگانی بەتایبەتی لەگەڵ ئێران و ئەفغانییەکان)، لەلایەکی دیکەوە گۆڕانکارییە سیاسییەکان کاریگەری سلبییان هەبوو لەسەر واقیعی ئابووری و کۆمەڵایەتی دانیشتووانی شارەکە، چونکە گرژی و هەڵکشانی بەردەوامی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئێرانی دراوسێ لەنیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو ڕەنگدانەوەیەکی مەترسیداری لەسەر کەرتی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار هەبوو ئەویش بەهۆی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاوی ڕووباری ئەلوەندەوە، هەروەها سیاسەتی تەعریب کە حکومەتی ئێڕاق پیادەی کرد بەتایبەتی لە هەردوو دەیەی حەوتەم و هەشتەم لەپاڵ دەرەنجامەکانی جەنگی ئێڕاقی- ئێرانی لەنێوان ساڵانی 1980-1988، ئەم شارە یەکێک بوو لە بەرچاوترین گۆڕەپانەکانی و کاریگەری هەبوو لەسەر واقعی دیمۆگرافی دانیشتووانی شارەکە، بەمەش گەشەی دانیشتووان ڕووی لە کەمی کرد.
ئەنجامی سەرژمێرییەکانی دانیشتووان لە ئێڕاق ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی گەشەی دانیشتووان ساڵانە دابەزیوە بۆ 2% تەنیا لەنێوان ساڵانی (1965-1977)، کەچی لە ساڵانی دواتردا ژمارەی دانیشتووان بەشێوەیەکی خێرا کەمی کرد بە ڕێژەیەکی نزیک لە 4%، تێبینی ئەم خشتەیەی خوارەوە بکەن:
ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی شاری خانەقین (1947-1987)
ساڵ شار % قەزا%
1947-1957 5 3.1
1957- 1965 7 2.0
1965-1977 2 1.2
1977-1987 -3.8 0.4
2- دەرەنجامە نەتەوەییەکان: دەرەنجامە نەتەوەییەکان کە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە سیاسیانە کە پێشتر ئاماژەمان پێدان، دیارترین گۆڕانکاری دیمۆگرافی و گرنگترینیان بوون، چونکە شاری خانەقین هەر لە سەردەمێکی زووەوە دووچاری سیاسەتی گۆڕانکاری نەتەوەیی بۆوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی بوونی کورد لەو شارە کە لە بەرژەوەندی نیشتەجێیە عەرەبەکان کەوتەوە، هەروەها مسۆگەر کردنی کۆنترۆڵی حکومەت بەسەریدا.
لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی 1947 ڕێژەی کورد لە شارۆچکەی خانەقین لە (80%)ی لە کۆی ژمارەی دانیشتوان، تێپەڕی کردبوو بەڵام ڕووی لە کەمی کرد بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو، بەجۆرێک ڕێژەی کورد نەگەیشتە تەنیا (27%)لە ساڵی 1977، ئەم کەمبوونەوەی ژمارەی کورد بەردەوام بوو بەشێوەیەکی خێرا لە ساڵانی جەنگی ئێڕاق- ئێران، ئاشکرایە حکومەتی ئێڕاق ڕاستەوخۆ دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێڕاق یاسای ڕەگەزنامەی ئێڕاقی دەرکرد بە مەبەستی لەناوبردنی کوردە فەیلییەکان، لە ناوچەی کەمەرە کە لەم توێژینەوەیەدا ئاماژەمان پێداو لە پێشەوەی هەموویان شاری خانەقین بوو، بەم پێیەش ئەم شارە بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو چەندین هەڵمەتی (تەسفیری) دانیشتووانی بەخۆیەوە بینی بەتایبەتی لەکاتی توندبوونی گرژییەکانی نێوان ئێڕاق و ئێران، هەروەها دووچاری چەندین هەڵمەتی ڕاگواستن و تەرحیل بۆوە چ بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی ئێڕاق یان بۆ ئۆردوگای (تایبەت) کە بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کرا بوو لەسەر ڕێگا گشتییەکان یان لە نزیک شارە گەورەکان بۆ ئەوەی چاودێری کردن و کۆنترۆڵ کردنیان ئاسان بێت، ئەمەش خێزان و هۆزە عەرەبەکانی هانداوە بۆ ئەوەی لە شارەکە نیشتەجێ بن و هەموو ئاسانکارییەکی ئابووری وئەمنی وخزمەتگوزارییان پێشکەش کرا بۆ ئەوەی سەقامگیر بن ئەمەش ئەنجامەکەی گۆڕانکاری بوو لە پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانەکەی.
لە توێژینەوەیەکی زانستی کە ساڵی 1972 لە زانکۆی بەغدا و بەشێوەیەکی مەیدانی (نووسەر) ئەنجامیداوە دەرکەوتووە کە ڕێژەی کورد لە شاری خانەقین زیاتر لە (90%) بووە، کەچی ڕێژەی عەرەب و تورکمان کەمتر بوو لە (6%)، بەڵام ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی 1977 دەریخست کە ڕێژەی کورد نزیکەی (45%) و ڕێژەی عەرەب (48%) و ڕێژەی تورکمانیش کەمتر لە (2%) بوو، ڕێژەی عەرەب بەرز بۆوە لە دواترین سەرژمێری لە ئێڕاق، ساڵی 1977 گەیشتە (55%) لە کۆی دانیشتووانی شارەکە.
لە ساڵی 1988 لە سەردانێکی (تەها یاسین ڕەمەزان) بۆ شاری خانەقین، فەرمانی بە سەرکردایەتی حزبی و نەتەوەیی بەعس کرد بە کەمکردنەوەی ژمارەی کورد بۆ کەمتر لە (20%) ئەویش بە نووسراوی قایمقایمیەتی شارۆچکەی خانەقین بە ژمارەی 25/363 لە ئاداری 1999 کە ئاڕاستەی سەرکردایەتی هۆبەی حزبی لە قەزاکە کرا بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبوو لە پڕۆسەی دووبارە دابەشکردنەوەی نەتەوەیی دانیشتووانی شاری خانەقین.
لەگەڵ ئازاد بوونی ئێڕاق شارەکە پێشوازیی لە ڕۆڵە کۆچ پێکراوەکانی کردەوە، هەروەک چۆن پێشوازی لە پێشەنگی سوپای ئازادی کردو دەست لەناو دەست جەماوەری ڕاپەریوو و توانی هەموو شوێنەوارەکانی تەعریب لابەرێت کە پێشتر ڕژێم پیلانی بۆ دانا بوو و گشت تواناکانی خۆی خستبووە ڕوو بۆ جێبەجێکردنی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا.
بەڵێنی خوای گەورە هاتە دی(و نرید ان نمن علی الذین استضعفوا فنجعلهم أئمة و نجعلهم الوارثین) و ڕۆڵەکانمانیش لە شاری خانەقین بەڵێنی خۆیان بۆ سەرکردایەتی سیاسی باشووری کوردستان هێنایە دی و نموونەیەک بوون بۆ شارەکانی هەرێم لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەدا، کاتێک کۆبوونەوە لە دەوری سندووقەکانی هەڵبژاردن و بەڵێنیان دووپات کردەوە بۆ سەرکردایەتی و بۆ نیشتمان.
دەرهاوێشتەکانی توێژینەوەکە:
1- پێگەی جوگرافی شاری خانەقین، شوێنەواری قووڵی هەبوو لەو گۆڕانکارییانەی کە لە سەدەی ڕابردوو بەخۆیەوە بینی.
2- سیاسەتی تەعریب دیارترین ئەو سیاسەتانەی ڕووبەڕووی بۆوە، کە خۆی لە تەسفیر و ڕاگواستن و نیشتەجێکردنی عەرەبە هاوردەکان دەبینیەوە.
3- پێشتر و ئێستاش ڕۆڵەکانمان لە شاری خانەقین قەڵغانی پێشەوەی گشت ئەو پڕۆسانە بوون کە دژی بزووتنەوەی شۆڕشی کوردو تەجرەبەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە لە پێشەوەی هەموویشیان جێبەجێکردنی ماددەی(140) و لکاندنی بەهەرێمەوە.
4- داوا لە سەرکردایەتی سیاسی لە هەرێمی باشووری کوردستان دەکەین لەگەڵ ڕۆڵەکانمان بن لەو شارە بەو ڕێژەیەی کە ئەوان لە ڕۆژانی تەنگانەو ئاستەنگەکاندا پشت و پەنایان بوون، جا لەسەر ئاستی ئابووری یان کۆمەڵایەتی یان سیاسی بێت و فشار بخەنە سەر حکومەتی ئیتیحادی بە ئاڕاستەی پەرەپێدانی ژێرخانی شارەکەو کارا کردنی سەر لەنوێی کەرتی نەوت، بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتە ناوەندێک بۆ ڕاکێشانی بزووتنەوەی بازرگانی و گەشتیاری و ئاوەدانی.
5- پاڵپشتی کردنی داواکاری جەماوەری ناوچەکە بۆ گۆڕینی شارەکە بۆ سەنتەری شاری خانەقین وەک ڕاستییەک کە هۆکاری مێژوویی و جوگرافی فەرزی کردووە ئەویش بەوەی چەند شارەدێیەکی وەک : مەندەلی، قەزانیە، نەفتخانە بخرێتە سەر شارەدێکانی قەزاکە، بەمەش سنوورەکان درێژ ببنەوە لە ڕووباری سیروان لەلای ڕۆژاوا تا سنوورەکانی ئێڕاق- ئێران لەلای ڕۆژهەڵات و بۆ پارێزگای واست لە باشوور.[1]