$دوانەی مەحاڵ: مرۆڤی بێگوناە و کۆمەڵگای بێتاوان!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
گەورەکردنی تاوان و گوناهی کەسیی وەک ماچێکی نێوان دوو خۆشەویست، سفوری کچێک و شەرابخۆری شەرابخۆرێک وایکردووە گوناە و تاوانە گەورە و گشتییەکانی وەک ناعەدالەتیی، زوڵم، درۆ، ڕیابازیی و ماسکپۆشیی بچوکببنەوە یان هەر نەبیندرێن.
سەلەفیی تەوژمی وەهابیی و هەموو ئەوانەی لە منداڵدانی دەزێن و ئیسلامی سیاسیی هەردوو باڵە بێچەک و چەکدارەکەی بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم دیدەن بۆ گوناە و هاوکات گەورەترین یارمەتییدەری سەرڕێخستنی ستەمکاریین بۆ سەر شاڕێگەیەک کە بەردەوام لەهەمان بازنەدا دەمانخولێنێتەوە، دەمانکولێنێتەوە و دواتریش دەمانکوڵێنێتەوە.
هەر پێغەمبەرێک کە بووە بە پێغەمبەر لە ئەسەری کوڵان و جۆششی ناخییەوە بووە بە پێغەمبەر نەوەک بە تەکلیف و کۆشش و ئەنجامدانی کۆمەڵێک واجباتی دینیی و ئەخلاقیی، بەقەولی نالی پێش ئەوەی عاقڵبووبێت عاشق بووە، پێش ئەوەی بەشوێن وابجاتدا گەڕابێت بەشون ئیماندا گەڕاوە، پێش ماڵی خودا بەشوێن خودا خۆیدا گەڕاوە:
عاشق هەوەسی مەیکەدە و عیلمی بەسیتە
عاقڵ تەلەبی مەدرەسە و جەهلی مورەککەب
وەزیفەی پێغەمبەرایەتی لەودیو سنوورەکانی بکەو مەکەیەکی وشک و برینگەوە نەبێت لە حەوسەڵەو تەقالای کەسدا نەبووە ئەنجام بدرێت. پێغەمبەرایەتیی پێویستی بەچاکبوونە نەوەک چاکەکردن. چاکە کردن وەک هەر وەزیفەیەکی غەریزیی دیکەی مرۆڤ غەریزەیەکی ئانی و زوو تێپەڕە، بەڵام چاکبوون وەزیفەیەکی ناوەکیی و هەمیشەییە، بەرگەی زەمەن دەگرێت و بەتێپەڕبوونی ڕۆژگار و کاریگەرە دەرەکییەکانی ئەم خۆی وەک ئەوەی کە هەیە ڕادەگرێت و ناکەوێتە ژێر کاریگەریی فەزای دەرەکیی. چاکبوون کاری عیشق و دڵ و سووتانە چاوی لەسوود و بەرژەوەندیی نییە، چاکەکاری کاری ژیری و زیهنە، عەقڵیش زیاتر کاری بە سوودوبەرژەوەندیی هەیە جا بەڕژەوەندییەکە دەروونیی بێت یا جەستەیی. بە قەولی مەحوی پەروانەی دڵ و بولبولی ژیری وا بەو ئاسانییە پێک نایەن:
پەروانەیەک بە بولبولی وا وت کە بوالفضول
سووتانە ئیشی ئەهلی مەحەببەت، نە هوولەهوول
ڕێبەرێکی دینیی، فەرمانڕەوا و حاکمێک تا عەدالەتی ناوەکی لە خودی خۆیدا نەبێت و خۆی لەخۆیدا کەسێکی عەدالەتخواز و موعتەدیل و چاک نەوەک چاکەکار و میانەڕە و نەبێت هەرگیز ناتوانێت عەدالەتی دەرەکیی و چاکەی گشتیی بچەسپێنێت.
لەمەسنەویدا هاتووە ئەو ڕۆژەی موسا دەکرێتە پێغەمبەر خوداو فریشتەکان بە وردیی چاودێریی دەکەن. موسا شوانی کۆمەڵێک ماڵات دەبێت، ناگەهان کاریلەیەکی بچوک تەرە دەبێت وبەهەموو ئەو هێزەی لەبەدەنیدا هەیە هەڵدێت و ڕادەکات، موساش بەهەموو هێزی بەشوێن ئەم کاریلەیەدا دەکەوێتە غاردان. ئەم ڕادەکاو موساش بە دوایدا، موسا بەتەواویی هیلاک دەکات، عارەق لە ناوچاوانی دەتێکت و هەناسەی سوار دەبێت. کاریلە بڕەستی لێ دەبڕدرێت و خۆی دەدا بەدەست هێز و بازووە گەورە و زەبەلاحەکەی موساوە. خوداو فریشتەکان بەوردیی تەماشای موسا دەکەن. فریشتەکان چاوەڕوانیی ئەوە لەموسا دەکەن شوشەی هێز و قەهر و تووڕەیی نێرانەکەی بڕژێ بەسەر ئەم کاریلە بەستەزمانەدا و تۆڵەی هەموو ئەو ماندوویەتییەی لێبکاتەوە. موسا پێچەوانەی ئەمە دەکات، کاریلە دەخاتە نێو کۆشی و دەستێک بەسەر سەرە بچوکەکەیدا دەهێنێت و پێی دەڵێت: کە بەزەییت بەمندا نەدەهاتەوە خۆت چی؟ بۆچی بەزەییەکت بە خۆتدا نەهاتەوە؟ نابینی چۆن وەک من هەناسەت سوار بووە و لە پێ کەوتوویت. مەولانا دەڵێت کە خودا و فریشتەکان ئەمەیان دی خودا وتی تەواوە خۆیەتی، ئیدی بڕیاری دا موسا دەبێت ببێتە پێغەمبەر و وتی ئەم پیاوە بەکاری پێغەمبەرایەتیی دێت. جارێکی دیکە یکە نەوەیەکی دیکەی ئادەمی نیشانی فریشتەکان دایەوەو سەلماندییەوە کە انی اعلم ما لاتعلمون.
پێغەمبەرایەتی و ڕێبەرایەتیی ئایینی مووسایەکی بازوو بەهێزی ناوێت، ئەوەی کە داخوازیی پێغەمبەرایەتییە هەر پێغەمبەرێک یا ڕێبەرێکی ئیمانیی و دینییە شەفەقەتێکی بەهێزە نەوەک زیرەکیی و زرنگیی و لێهاتوویی. موسا جۆششی هەبوو نەوەک کۆشش، لەودیو سنوورەکانی بکەو مەکە، حەرام و حەڵاڵاڵەوە لە دونیای دەڕوانی. ئەمە بۆ هەموو پێغەمبەرانی دیکەش ڕاستە مەگەر بالمٷمنین ڕؤوف ڕحیم، ڕحمة للعالمین، لوکنت فظا غلیض القلب لانفظوا من حولک چی بە پێغەمبەری ئیسلام دەڵێن؟
بەقەولی نالیی ڕێبەری دینی دەبێت جۆشش و تابی هەبێت لەتاو ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە بۆ ئەوانی دیکە نەوەک مونافەسە و جەدەلی عەقڵیی و نەقڵی و فیقهیی بێمانا:
جۆشش و تابە لەنێو دیدەیی گریانمدا
چ تەنوورێکە لە تەندوورەیی تۆفانمدا
گرنگترین خاڵێک کە ڕێبەری دینی دەخاتە نێو هەڵەی کوشندەوە ئەوەیە ئەوان کۆمەڵگای بێ خەتا و گوناە و هەڵەیان دەوێت، چونکە نایانەوێت بسوتێن ، کۆششیان لەوای دیکە دەوێت بەبێ ئەوەی خۆیان گەردیلەیەک جۆششیان هەبێت بۆیان. چاوەڕوانییەکانیان لە تاک و کۆمەڵگا چاوەڕوانیی خوادیە لە فریشتەکان: چاوەڕوانیی گوناهنەکردن.
لەکاتێکدا خودا خۆی ئەم چاوەڕوانییەی لە مرۆڤ نییە، یەکەمین گەردەکانی ئەو قوڕەی ماهیەتی مرۆڤی پێ شێلدرا گوناە بوو، گەر گوناە نەبێت ناوی الغفوری خودا چی لێبکەین، لەکوێدا تەجەللی بکات؟ ئەم بۆچوونە لای ئیکسیزتانسیالیستەکان وجوودییەکان و پێشتریش لای حافیزی شیرازی هەمان بۆچوون هەن، ئەو باسی یەکەم گوناهی ئادەم دەکات و باس لە دەرچوونی ئادەم دەکات لە بەهەشت باخێک بەهۆی خواردنی سێوێک یا دانەوێڵەیەکەوە، کە گەر ئەو گوناهە نەبوایە درەوشانەوەی ناوەکانی خودا لەم عالەمی کەسرەتەدا گونجاویی پەیدا نەدەکرد و دەڵێت: باوکم واتە ئادەم بەهەشتی بۆ دو دەنک گەنم فرۆشت، پیاو نەبم گەر من گەر ئەم دونیایە و ئەوەی تێیدایە بە دەنکە جۆیەک نەفرۆشم. تەماشای واژەی یەکەم گوناە بکە!
پدرم ڕوضە ڕضوان بە دو گندم بفروخت
من چرا ملک جهان ڕا بە جوی نفروشم
مەلای جزیریش بەهەمان شێوە پێی وایە یەکەمین شتێک کە یار داوێتی بە دەم ئێمەوە شەراب بووە، لەو ڕۆژەوە ئێمە سەرخۆشین و نائاگایانە کوناە و هەڵە دەکەین، ئەم کارەشی بۆئەوە کردووە خۆی لە عالەمی ژمار و و دژەکاندا اعدا و اضداد دا تەجەللی بکات:
ئەوەل کو یار دامە یەک زەڕە یەک عنایەت
قسمەت مە خەمرو جامە د دەفتەرێ هیدایەت!
ئیبن عەرەبی دەڵێت ئەودەمەی ئێمە سەرخۆش دەبووین ترێ هێشتا درووستنەکرابوو، ئەمە تەسبیتێکی زۆر دەقیقە، گوناە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بوونی خوداوە، گەر گوناە نەبێت غەفورییەت و ڕەحیمییەتی خودا چی لێدێت؟ هەروەک چۆن هەژاریی و نەبوونی خودا دەکاتە خودایەکی دەوڵەمەند الغنی، زوڵم عەدالەتی خودا نیشان دەدات، بەهەمان جۆر گوناهیش خودا دەکاتە ئەوەی لێبووردە بێت. گوناە و غەفورییەتی خودا دال و مەدلولی یەکترن ئەوە گوناهی من و تۆیە وادەکات خودا غەفور بێت، بە کاملی ناو و سیفەتەکانی خۆیەوە تەجەللی بکات، گەر گوناە نەبێت خودا ناتوانێت غەفور بێت و ئیدی نوقسانی لە کەماڵیدا درووست دەبێت.
خودایەتی خودا داخوازی گوناهکردنە، کۆمەڵگی بێ گوناە نەک هەر نامومیکنە بیرکردنەوە لێشی هێندەی مەحاڵ نەکردەیە. لە کوێدا هەموو فەرمانەکان بوون بە حەرام و حەڵاڵ و ڕۆبۆتاندنی ئینسان بۆ ئەو دوو ڕەکیزەیە ئیدی مرۆڤ لە مرۆڤێتی خۆی دەکەوێت، کە مرۆڤیش لە مرۆقێتی کەوت ئیدی خودا لە خودایەتی دەکەوێت. تەماشای واعیز و پیاوانی دینیی بکە ئەمڕۆ هەموو هەوڵێکیانبۆ بنەبڕکردنی گوناهە یان ژیان لەگەڵ گوناهکردن؟
حەرام و حەڵا سنوورن، بەزاندنیان بەزاندنی سنوورە، ڕێبەری دینی کوشندەترین هەڵەدەکات کاتێک دەیەوێت بە جوینەوەی وشکی تێرمەکانی حەرام و حەڵاڵ، خۆشبەختیی و عەدالەتی ناوەکی بە مرۆڤ بگەیەنێت. ئەو دەبێت کارەکەی بە جۆرێک بێت بە قەولی سەعدیی شیرازی لە حەرام و حەڵاڵی زاهیرییەوە تاک بۆ حەرام و حەڵاڵی ناوەکیی بگوازێتەوە، بیرکردنەوەی وابێت شەراب بە بێ خودا حەڵاڵ و ئاویش بەبێ ئەو حەرام بێت:
من آن نیم کە حلال از حرام نشناسم
شراب با تو حلال است و آب بی تو حرام
من کەسێک نیم حەرام لە حەڵاڵ جیا نەکەمەوە، شەراب لەگەڵ تۆ حەڵاڵ و ئاویش بەبێ تۆ حەرامە.
ڕێبەری دینیی دەبێت ڕیابازیی و تەزویر و ماسک پۆشین بەحەرام بزانێت، دەڵەک و ڕێویی پۆشین بە حەرام بزانێت سەرەتا بۆخۆی و دواتریش تاڕادی برژان و سووتان بۆ ئەوانی دیکە خەمخواردن.
مەلا خدری نالی گەورەترین شاعیری کوردە لەبارەی گوناهناسییەوە قسەی کردبێت. نالیی نەوەک هەر پێی وایە کۆمەڵگایەکی بێگوناە مومکین نییە، ئەو پێی وایە ئێمەو گوناهکردن دووانەیەکی لێکدانەبڕاو و پێکەوە شێلدراوین. ئەوەی نامۆو خراپە ماسک و ڕێیابازیی و داوی تەزویری ڕێبەری دینییە کە دێت لە ڕێگیەوە حوکم لەسەر ئەوانی دیکە دەکات:
خۆشترە عوزری گونەهکاران لە سەد زیکری ڕیا
ئەم بە نەرمی عەفوە عەفوە، ئەو بە توندیی عەف عەفە
گوناهکردن بۆنالی جوانترین نوختەیەکە کە گەورەیی مەعشوق دردەخات. لە قەسیدە بەنێوبانگەکەی ڕێگای حیجازدا کە بۆ پێغەمبەری دەنووسێت، شەفاعەتکردنی ئەو دەبەستێتەوە بە گوناهکردنی خۆیەوە، لەڕێگای گوناهکردنەوە جارێکی دیکە دەیەوێت ڕازی ئەوە بە مەعشوقەکەی بڵێت کە بۆچی ئەم گوناهدەکات:
ڕۆژی جەزا ڕجا بکە بۆ نالیی دەربەدەر
چون لەم جیهان گوناهی گەلێ زۆر و ئەکسەرە
جا ئێوارەیەک دانیشە و تەماشای بەرنامەی واعیز و شێخ و مەلاو باگخوازەکان بکە دەبینیت کە چۆن ژیانی خەڵک لەمەنگەنەی پرسیارو و وڵامی بێ ڕۆح دەدەن و هەموو ئەخلاق واداری دین دەکەن دینەکەش لای خەڵک لە کۆمەڵێک حەرام و حەڵاڵی بێ جیهانبیینیدا کورتدەکەنەوە.
سەرباری هەموو ئەم قسانە ئێمە بۆ لە گوناە ڕادەکەین؟ بۆچی پینەی دین بەسەر گوناهەکانماندا دادەدەینەوە و دانیان پێدا ناهێنین؟ [1]