ناونیشانی بابەت: هونەری گۆرانی کوردی لەنێوان (مۆدە) و (جوانیناسی) دا
نووسەر: موحسێن عەلیڕەزایی
ڕۆڵی زێڕین و کاریگەریی هونەر لە گەشەسەندن و ناساندنی شاراستانییەت و کەلتوورەکاندا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگەرە بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین هیچ کۆمەڵگا و شارستانییەتێک هەر لە سەردەمە دوورەکانەوە تاکوو شارستانییەتەکانی ئێستا نییە کە بەهای بە هونەرە جۆراوجۆرەکان نەدابێت، لە دواجاردا خاڵی دەسپێک و وەرچەرخانیان هەر لە هونەرەوە بووە، ئێمە دەتوانین یەکەمین ئاسەوار و نیگارەکانی شارستانییەتە کۆنەکان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان ببینینەوە کە دەمڕاست و نوێنەری تێگەیشتنی مرۆڤی ئەو سەردەم و قۆناغە بووە بۆ دونیا کە لە قەوارەیەکی هونەریی وەک نیگارکێشاندا دەرکەوتووە، بە گشتییەکەی هیچ کۆمەڵگایەک بە بێ هونەر مەزەندە و وێنا ناکرێ ئەوەی کە هەیە جیاوازی لە جۆری هونەرەکان و ئاستی هونەرەکاندایە. لە سەردەمی بووژانەوە و ڕێنێسانی ئەورووپادا لە سەدەی چواردەیەمی زاینی ئەو شتەی کە کەلتوور و پێکهاتی کۆمەڵگای لە ناوەرۆک و دۆگماتیزم و ڕەشێتی و تاریکبینیی سەدەکانی ناوەڕاست دابڕی هونەرمەندان و نووسەرانی وەک پیکاسۆ، میکل ئانژ و دانتە و بووکاچیۆ… بوون و زەمینەیان بۆ مۆدێڕنیتە خۆش کرد. واتە هونەر ئەو ئامرازە مەزن و باڵایەیە کە سەلیقە و چەشەی گشتیی لە ئاستی هەرە بەرز و قووڵدا دەسکاری دەکات و گۆڕانکاریی تێدا درووست دەکات، هونەرێک کە لە سەردەمی مۆدێڕندا هەڵگریی بزۆزی و کراوەیی و ڕێژەگەرێتییەکی بەرز بووە و ئێستاتیکا و جوانیناسیی هێناوەتە ناو ژینگە و ژیانی نوێ و مرۆڤی بە درێژایی کات و سەردەم و قۆناغە جۆراوجۆرەکان هێناوە و یارمەتیی داوە.
بێهۆ نییە کە (فریدریش نیچه) فەیلەسوفی ئاڵمانی دەڵێت “ئەگەر هونەر نەبێت بەرگەی ئازارەکانی دونیا ناگرین” بەڵام بێگومان ڕۆڵی هونەر تەنیا یارمەتیدانی مرۆڤەکان لە قۆناغە سەختەکانی ژیان و بوون نییە بەڵکوو لە بنەمادا پێشکەشکردن و خستنەڕووی جوانیناسییەکە دونیا بە ئاڕاستەیەکی باش و حیکمەتئامێزدا بجووڵێنێت. هونەر لە جیهانی ڕۆژاوادا ڕەوتێکی بەپێی باڵای پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەلسەفی، پیشەیی و تەنانەت ئابووری پێواوە و هەر بۆیە لە تراژیدی و شانۆنامەنووسیی لە یۆنانی کۆنەوە هاتووە تاکوو گەیشتووەتە شیعر و کورتە چیرۆک و ڕۆمان و کورتە ڕۆمان و شانۆ و فیلم بە ڕیبازە جیاواز و ئاڵۆز و سەیروسەمەرکانەوە. ئەگەرچی ئێستا هونەر لە ئاستی جیهاندا قەیرانی تایبەتی خۆی هەیە، و ئیتر لە باتی نووسەران و هەنەرمەندانێکی وەک پیکاسۆ و میکل ئانژ و دۆستۆفسکی و تۆلستۆی و ساراماگۆ و چیخۆف و گارسیا مارکێز و پوشکین و…پائولو کوئیلۆ و هونەرمەندان و نووسەرانێک دونیایان داگیرکردووە کە ناوهێنانیان هەر تەواو نابێت بەڵام هەر بەوەشەوە لە ڕۆژاوا سەرچاوەی مەزن و ژێدەری باڵای هونەریی و فەلسەفی هەن و ئەگەر داڕمان و تیاچوونیان ئەستەمە بە شێوەیەکی دیکە ئەوان لە قەیرانەکاندا دەگەڕێنەوە بۆ ئەفلاقتوون و هیگل و نیچە و کانت و…بەڵام بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و کورد بە تایبەتی هاوکێشەکە چۆنی لێدێت؟
وەک دەزانین کورد بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی و پێشێلکردنی مافەکانی لە پاش دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەکان هەلی ئەوەی لە کیسدا هونەرەکەی هەموو قۆناغەکانی بە ڕێچکەیەکی سرووشتی و ڕاستەڕێ بپێوێت، چونکە بەشێکی زۆری هونەری کوردی کە بە شێوەی گشتیی شیعر و پەخشان بووە تا ئەم ساڵانەی دوایی، هاوکار و هاودەنگ بووە لەگەڵ شۆڕش و خەبات بۆ ئازادی و خەونەکانی کورد بۆ ڕزگاری و سەربەستی، بێگومان ئەمە هیچ کات و بۆ هەمیشە ڕەخنەیەک نابێت بە ناوچاوانی هونەرەوە چوون هونەر هێندە بزۆز و سەرکێشە لە عەینی ئەوەی کە لە بەرەی شۆڕش و خەبات و ڕزگاریی کوردستان بووە هاودەنگی تاکی ڕەخنەگر و ناڕازی و جیاوازبیر و سەرکێشیش بووە، نموونەی ئەمە کە لە پانتایی گشتیدا دەنگی دایەوە کورتە ڕۆمانی مولازم تەحسێن و شتەکانی دیکەی فەرهاد پیرباڵە… کە لە هەمان کاتدا کە لە بەرەی شۆڕش و خەباتی ڕزگاری و مافی دیاریکردنی چارەنووس و پێشمەرگەدایە، ڕەخنەگری لێکەوتە و بەدواداهاتەکانی قۆناغی شۆڕش و شەڕیشە، هەر بە هەمان شێوە کە شێرزاد حەسەنیش لە ئاستی دیکەدا ئەم ئیشەی کردووە. بەڵام لەم ڕەوت و هاوکێشەیەدا ئەوەی وا جێگەی سەرنجە قۆناغی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان و پەیوەستبوون و دەرەوەستبوونی ئەدەب و هونەرە لەگەڵ خەون و ئاواتەکانی شۆڕش کە بێگومان دوای ڕاپەڕین تایبەتمەندی و پارامێتری دیکەی وەرگرت و مانیفێستی خەونەکانی خۆی داڕشتەوە بە کوالێتی و فۆرم و ناوەرۆکێکی دیکەوە هاتەوە ناو کایەکەوە، کایەیەک کە شۆڕش و سەربەستی و ڕزگاریی لە کلیل وشە سەرەکییەکانی بوون و هەن.
ناوەرۆکێک کە نە تەنیا پشتیوانیی خەون و ئاواتەکانی پێشووترە بەڵکوو ئاسۆی دیکەش دەنەخشێنێت، خەونی دیکە دەگێڕێتەوە و بە ئەندازیارانی شۆڕشی دوێنی و بەرپرسانی ئێستا دەڵێت خەونەکانی شاخ لە بیر نەکەن، ئەنفال و نیشتمان باوەشیان بە یەکتردا کردووە و ئێمە لەنێوانیاندا دەژیین نموونەی ئەدەبی بەرگریی مامۆستا شێرکۆ بێکەس لێرەدا ڕەنگە نموونەیەکی پڕ و باش بێت، ئەو لە دەربەندی پەپوولە و ئافات و بۆننامە و شانۆنامەی کاوەی ئاسنگەر و کەشکۆڵەکانی پێشمەرگە و گۆڕستانی چراکان و پاییزە میوان و…دا دونیایەک لە خەون و شۆڕش و پێشمەرگە و ژیان و شکۆ و شکستی گێڕایەوە و نەخشاندنی، بە تایبەتی ئەو وێنەیەی کە بێکەس بۆ ژن و شۆڕش و نیشتمان نەخشاندنی هەڵگری گۆڕانکاریی و ڕادیکاڵیزمی وەها هەبوون کە بەشێک لە و دەرکەوتنەی ئازادی و چالاکی ژنان لە ناو نیشتمان و بە خەونەکانی شۆڕشەوه، بەرهەمی کاریگەریی ئێستاتیکا و جوانیناسیی و خەونی ئەدەبیی باڵای شێرکۆ بوو لەسەر چەشەی گشتی و ڕۆحی دەستەجەمعی کۆمەڵگای کوردیی لە باشوور و تەنانەت ڕۆژهەڵاتیش. ئەو کۆڕانەی کە شێرکۆ بێکەس بۆ چەند کاتژمێر شیعری تێدا دەخوێندنەوە کەسی وەڕەس نەدەکرد و هەر ئەو کۆڕانە بە شریت دەهاتنە ڕۆژهەڵات و کەسی وەڕەس و ماندوو نەدەکرد لە گوێدانیان. ئەمە بۆ کۆنسێرتی گۆرانیی ناسر ڕەزازی و عەدنان کەریم و مەرزیە فەریقی و…ڕاستە. بەڵام لێرەدا دەشێت ئەم پرسیارە بکەین لە خۆمان کە هونەری کوردی بە هەموولقەکانییەوە بە تایبەتی گۆرانی کوردی ئێستە لە چ حاڵ و بارودۆخێکدایە؟ ئایا هونەر و گۆرانی کوردیی ئەو کاریگەرییەی پێشووی ماوە؟ ئەو جوانیناسی و مانابەخشییە بە ژیان لە گۆرانی و ئەدەب و شانۆ و دراماکانی ئێستەدا بەدی دەکرێن؟ بێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی ڕەها و ئەنجامگیرییەکی گشتی بدەم بە دەستەوە دەڵێم دۆخەکە بە هۆکاری جۆراوجۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە کە بەشێکی زۆر لەم گۆڕانانە بە ئاڕاستەی باشدا نەڕۆشتوون و بۆ نموونە هونەریی گۆرانی کوردی وەک پێکهاتێکی کاریگەر و خانەیەکی وجوودی لە خشتە ترازاندووە و کەوتووەتە داوی کایەی میدیا و مۆدە و بازرگانی و بە گشتی هاوکێشەیەکی سەرمایەدارانە و مۆدێڕنیتەیەکی هاوردەکراو و دەسکردەوە کە میدیایەکی وەک (ئێن ئار تی دوو) و پاشکۆکانی لە و پانتاییەدا تەڕاتێن دەکەن. بێگومان ئێمە بە بێ تێگەیشتن لە پەیوەندیمان لەگەڵ مۆدێڕنیتە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و بوونمان چ وەکمرۆڤ و چ وەک نەتەوە ناتوانین وێنە و وێنایەکی ڕوونمان لە خۆمان و کۆمەڵگاکەمان هەبێت، لە لایەکەوە مۆدێڕنیتەی کوردی لە ئاستی لاواز و بە فیلتەری نەریتدا هاتووەتە ژوورەوە لە لایەکی دیکەوە ئەم هاتنە ژوورەوەیەش لایەنی ڕووکەش و دەمامکدار و ڕووکارانەی مۆدێڕنیتەیە واتە ڕۆحێکی ماتریاڵانە و بازرگانیتەوەرانە.
نموونەی ئەم فەزایە لە بەشێکی زۆری ئەو گۆرانیبێژە پیاو و ژنانەیە کە تەنیا بەهۆی دەنگخۆشییەکی سەرەتایی یان جەستە و لەشولارەوە پانتای شاشەکانی وەک ئێن ئار تییەکان داگیر دەکەن و جگە لە بڵاوکردنەوەی هەندێ شیعری بێمانا و ڕستەی بە ڕواڵەت شیعریی و ئاوازهەڵگرتن لە هونەرمەندە کۆنە کوردەکان و دواتر ئاوازهێنان لە هونەرمەندانی غەیری کورد، هیچی دیکە ناخەنە ڕوو. کوالێتی و ئاستی باڵای هونەر پەیوەندییەکی توند و تۆڵی لەگەڵ ئاستی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و خێزانی هەیە، بەدەر لەوەی هونەر دەتوانێت لە ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانیشدا هۆشیاریی مەزن و قووڵ هەم لە ئاستی هەست و سۆز و هەم لە ئاستی ژیری و ئاوەز درووست بکات. ڕێژە و ژمارەی زۆری دەرکەوتنی کچان و لە پلەی دووهەمدا پیاوان وەک گۆرانیبێژ لە وەها کەناڵانێکدا بە بێ ئەوەی پلانێکی هونەری یان خوێندنەوەیەکی ورد و زانستێکی شایستەیان پی بێت لە ناو کۆمەڵگا و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەناسرێن و بانگەشەیان بۆ دەکرێت، و ئەنجامەکەی بووە بە ئاستێکی نزم لە گۆرانی و دونیایەک خۆدەرخستن و نواندنەوەی ژیانی تاکەکەسیی و کەباب خواردن و سەفەرکردنی ئەو گۆرانیبێژانە، کە پەیوەندییان لەگەڵ هونەر سفره.
ئەگەر پلانێکی گەورە و ژیرانە لە ڕووی هونەریدا هەبایە ئەدی کێ پیی ناخۆشە کە هونەرمەندانی ژن و پیاو ئاستی کەڵە هونەرمەندە پێشووەکان تێپەڕینن و هونەری کوردیی زیاتر نۆژەن و مۆدێڕن بکەن و گەشەی پێبدەن؟ مەرزیە فەریقی و فەتانە وەلیدی و گوڵبەهار و ئایشەشان، ئایا هونەرمەندە خانمەکان ئەمانەیان کردووە بەپێوەر بۆ لاساییکردنەوە و دواتر تێپەڕاندن و داهێنان؟ یان هەر لە ڕێگەی شاشەکان و سیاسەتێکی ڕووکەشانە و پڕوپاگەندەچییانەی میدیاکانەوە پەیج و تی ڤی و ئەکاونتێکی پێ چالاک دەکەن ولایک و کۆمێنت کۆ دەکەنەوە؟ جا سەیری کۆمێنتەکانیش دەکەی بەشێکیان دژایەتی و جنێودان و سووکایەتیکردنە کە سەرەڕای ئەوەی هەر دوو دیاردەکە خراپ و دزێون بەڵام پەیامی ژێرەوانکێ و پشتەوەی ئەم پەرچەکردارەش دەبێ بخوێنرێتەوە، گۆرانی و هونەرێک نەتوانێت لەم ڕۆژگارە سەخت و ناخۆشەدا دڵی مرۆڤێک ئارام بکاتەوە، ئۆخژنی پێ ببەخشێت و لە وجوود و بوون و ئەندێشەی خۆیدا ڕاینەگرێت و نەیباتە دونیای نهینێ خۆیەوە ئیدی بەکاری چی دێت؟
هونەرێک کە لە ئێستادا کەوتووتە نواندنەوەی ژیانی خۆشگوزەرانانە و کەیف و شادیی تاقمێکی مۆدەگەرا و بازرگان چ دەلالەت و هەستێک بۆ بەردەنگ درووست دەکات جگە لە حەسرەت و تووڕەیی؟
حەسرەت بۆ ئەو هەموو نەبوونییەی گەنجانمان لە کۆمەڵگایەکی نامۆدێڕن و داخراو و گەشەنەسەندوو لە ڕووی ئابووری و کەلتووریی و… ەوە و تووڕەیی لە و نادادپەروەری و ناهاوسانییەی کە لە ڕیگەی ئەو جۆرە لە هونەرەوە دەنوێنرێتەوە و پیشان دەدرێتەوە. کە بێگومان ئەمە لە کاریگەریی ڕەخنەگرانەی ئەوانەوە نییە بەڵکوو لە زەقکردنەوەی مەودایەکی سامناک و کوشندەیە کە ئەوان لەنێوان چین و توێژەکاندا دەینوێننەوە. لە باشترین حاڵەتدا ئەمانە هونەری کاڵایی یان بەکاڵاکراون کە تاقمێکی بچووک کڕیاریانن، بەدەر لەوەی گەورەترین ئاسیو و زیانی لێدانە لە بەها مەعنەوی و ڕۆحی و کەلتوورییەکەی کۆمەڵگایەک کە مێژوویەک لە هونەر و گۆرانیی هەیە و دابڕانی نەست و ناوشیاری کۆمەڵگایە لە و خەزێنە مەزنە مێژووییە. پرسیارێک کە دەشیت بکرێت بە بێ ئەوەی هیچ قەزاوەتێکی ئەخلاقی و بڕیارێکی سەلیقەیی لەبارەی ئەم شێوە لە هونەرە کاڵاتەوەرەوە بخرێتە ڕوو ئەمەیە کە بۆچی بوار دەدرێت بە بێ ئەوەی ئەم شێوە گۆرانیبێژی و هونەرە بە فیلتەری زانستی و لێژنەیەکی تایبەتدا تێپەڕێت دونیای تاکی ئێمە و کۆمەڵگامان داگیر بکات؟ ئەگەر لێژنەیەک هەبووە و ئەمانە لێی دەرباز بوون بۆچی بەشێکی زۆری بەردەنگەکانیان بە جنێو دێنە پێشوازییان؟
لە هەر حاڵەتێکدا هەبێت ئەمە دەلالەت لە قەیرانێکە کە دەبێت کۆمەڵناس و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی ئێمە هەڵوێستەی لەسەر بکەن و ڕیگەچارەیەکی بۆ بدۆزنەوە ئەگینا هیچ شتێک جگە لە گەعدەی سووک و گۆرانیی بێ سەروبەر و دوور لە هەر تەکنیکێکی شیعری و ئەدەبی لە ستران و شیعر و هونەری گۆرانی کوردیدا نامێنێتەوە.[1]