=KTML_Bold=ئەبوبەکر هەڵەدنی: لە ساڵی ڕابردوو تەنیا کۆمپانیای داناغاز 182 ملیۆن دۆلاری لە کەرتی وزەی هەرێم قازانجی کردووە=KTML_End=
ئەندامێکی پەڕڵەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی #یەکگرتوویی ئیسلامیی کوردستان# ئاماژە بەوە دەکات هەتا حکومەتی هەرێم ماوە ناتوانێت وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بخاتەسەرپێ، چونکە تا (ئاشتی هەورامی) وەزیر بوو سەرجەم کاروباری وەزارەتەکە لەناو فلاش میمۆریی و جانتایەکدا بوو، دواتریش بەهۆی دەستوەردانی حزبییەوە وەزیرەکەی دوای ئەو وازی لە کارەکەی هێنا. خێرو بێری ئەو وەزارەتە بۆ چەند کەس و کۆمپانیایەکە بە جۆرێک لە ساڵی ڕابردوو تەنیا کۆمپانیای دانا غاز 182 ملیۆن دۆلاری لە کەرتی وزەی هەرێم قازانجی کردووە.
#ئەبوبەکر هەڵەدنی#، ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاند: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە لە ئێستادا بەبێ وەزیر ماوەتەوە، حزبە دەستەڵاتدارەکانیش ئامادەنین وەزیر بۆ ئەو وەزارەتە دابنێن، مەبەستی تایبەتی خۆیان هەیە و بەرژەوەندییان وادەخوازێت ئەو وەزارەتە بێ وەزیر بمێنێتەوە، چونکە پێشتریش کە (ئاشتی هەورامی) وەزیر بوو سەرجەم کارەو بارەکانی ئەو وەزارەتە لە فلاش میمۆری و جانتاکەی ئەو وەزیرەدا کۆکرابوونەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەتا حکومەتی هەرێم ماوە ناتوانێت وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەرپێ بخات، چونکە تا ئەو کاتەی بڕی نەوتی بەرهەمهێندرا و داهاتی فرۆشتنی نەوت و گرێبەستە 50 ساڵی و 20 ساڵییەکانی لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیای ڕوز نەفت کراون. فرۆشتنی نەوت بە کۆمپانیاکان شەفاف نەکرێن ئەو وەزارەتە ناتوانێت بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت، هاوکات لەم کابینەیەشدا کە وەزیری بۆ دانرا، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی حزبییەوە وەزیرەکە نەیتوانی درێژە بەکارەکانی بدات و وازی لە پۆستەکەی هێنا.
ئەو پەڕڵەمانتارەی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیای دانا غازی ئیمارانی بە بڕی 182 ملیۆن دۆلار، قازانجی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەرمیلێک نەوت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوا نابینێت، هاوکات لەم دوایینانەشدا کە بە مەیلی دەستەڵاتداران و بەڕێککەوتنی ژێر بە ژێری ئەندامێک بۆ ئەنجوومەنی نەوت و غازی هەرێم زیادکرا هیچ پێویستیەکی خەڵکی کوردستان نەبوو، بەڵکوو تەنیا خواستی حزبێکی سیاسی بوو بۆ زیادکردنی باڵانسی هێزبوو لەناو ئەو ئەنجوومەنە. [1]