$سەردانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو ڕاستیی چارەنووسساز بۆ کورد$
#مەجید نیزامەدین گلی#
ئەم هەفتەیە لە کوردستان بووم. سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشتیان کردم کە لەگەڵ سەردانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بچمە هەولێر و بەغدا و یاوەری و ڕووماڵی شاندەکە بکەم. زانیاری و وردەکاریی زۆر هەن، بەڵام ئەم دوو خاڵە لە هەمووی گرنگتر بوون. دوو خاڵ کە دەکرێت چارەنووسساز بن بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان. یەکەمیان داهاتووی بوونی لایەنی نێودەوڵەتییە لە ئێراق و دووەمیش گۆڕانی دیمۆگرافییە.
$ئێراق پێویستی بە بوونی نێودەوڵەتی ماوە یان نا؟$
پێش دوو هەفتە لە سەردانەکە پێم گوترا کە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە یەکێک دەبێت لە ئامانجە ڕاستەقینەکانی سەردانەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆچوونی سکرتێری گشتی لەو بارەیەوە گرنگە نەک تەنیا بۆ قەبارەی بوونی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکوو بۆ بوونی نێودەوڵەتی بە گشتی لە ئێراق. لە کۆتاییدا، 15 وڵاتەکەی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاساییش بۆچوونی سکرتێری گشتی لە بابەتی ئاوادا بە جدی وەردەگرن. بەتایبەتی ئەم سکرتێری گشتییە کە بڕیاربەدەستانی ئەمریکی و نێودەوڵەتی بە کەسێکی پراگماتیک و واقعی دەبینن.
ئەگەر ئەنتۆنیۆ گۆتێراش سبەی بڵێت، پێم وایە کەمکردنەوەی بوونی مرۆیی، سیاسی، سەربازی و نێودەوڵەتی لە ئێراق نابێتە هۆی درووستبوونی ناسەقامگیرییەکی گەورە، ئەوە بێگومان کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر، سکرتێری گشتی و ستافەکەی هەر لەو باوەڕەدان کە ئێراق پێویستی بە بوونی فراوانی نێودەوڵەتی هەیە.
تاوەکو نووسینی ئەم وتارە نازانم کە ئەو چی لەو بارەیەوە بە ئەنجوومەنی ئاساییش دەڵێت و تا چەنێک لەو باوەڕەدایە کە پێویستە سرووشتی هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ ئێراق بگۆڕێت یان نا. هەرچەندە بەرپرسانی فەرمی حکومەتی ئێراق لە کۆبوونەوەکان ئاماژەیان بە گرنگی و پێویستیی ڕۆڵی نێودەوڵەتی کردووە، بەڵام نوخبەی سیاسی شیعە لە ئێراق ڕوونن کە لە دژی زیادکردنی ڕۆڵی نێودەوڵەتین. ئەوان پلانی درێژخایەنیان هەیە کە ئەم ڕۆڵە بە تەواوی لە ئێراق نەمێنێت وەکوو سەردەمی پێش ساڵی 2003. ئەمە زانیارییە، نەک بۆچوون.
ئەوان ستراتیژێکی درێژخایەنیان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی نێودەوڵەتی کە گەورەترین تەگەرەیە لە پێش خەونی نوخبەی سیاسی شیعە بۆ مەرکەزیەتی تەواو لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە. ئەم پلانە لە زۆر هەنگاوی پراکتیکی لە کاتی ئەم سەردانە و هەروەها لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕەنگیداوەتەوە کە پێشتر چەندین جار زانیاریم لەسەر دەستکەوتووە و بڵاوم کردووەتەوە.
ئەم ستراتیژەی نوخبەی سیاسی شیعە لە ئێراق ڕوونە کە ڕێک پێچەوانەی بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستانە. بوونی ئەمریکی و نێودەوڵەتی لە ئێراق و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست فاکتەر بوون لە دامەزراندنی کیانێکی دیفاکتۆ بۆ کورد لە ئێراق لە ساڵی 1991ەوە و ئێستاش هەر ئەمریکا و بوونی نێودەوڵەتی گەورەترین تەگەرەی پێش سڕینەوەی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2023.
لە ماوەی 32 ساڵی ڕابردوو ئەمە ڕاست بوو و ئێستاش لە ساڵی 2023 هەر ڕاستە. دەڵێم ئەم ڕۆڵە نێودەوڵەتییە گرنگە بۆ مانەوە، نەک گەرەنتیە بۆ مانەوە و پێگەی هەرێمی کوردستان.
بێ بوونی ئەمریکی و نێودەوڵەتی سەربازی و مرۆیی و سیاسی، مانەوەی هەرێمی کوردستان وەکوو کیانێکی ڕاستەقینەی بڕیاربەدەست لەم هاوکێشەیەی ئێستا مەحاڵە. چەنێک بوونی سەربازی و سیاسی ئەمریکی لە ئێراق لە بەرژەوەندیی کوردە، ئەوەندەش مانەوەی بوونی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق گرنگە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان.
$گۆڕانی دیمۆگرافی$
لە سەردانەکەی سکرتێری گشتی بۆ ئێراق و باشووری کوردستان بۆم دەرکەوت کە لە حاڵەتی شەڕی ناوخۆ یاخود هەر کارەساتێکی دیکە لە ئێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا وا بیردەکاتەوە کە زۆربەی کامپەکانی ئاوارە لە ناو خاکی باشووری کوردستان درووستبکرێن.
لە ئەزموونی شەڕی داعش ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پلانەکانیان بۆ حاڵەتی قەیران بەو شێوەیە داناوە کە جەخت بخەنە سەر هەرێمی کوردستان. ئەمەش دەکرێت ببێتە کێشەیەکی گەورە و ئێراق لە داهاتوودا ئاوارەی داماو بەکاربهێنێت بۆ زیاتر بە عەرەبکردنی باشووری کوردستان.
بابەتی داڵدەدانی خەڵکی لێقەوماو ئەرکێکی ئەخلاقیە، بەڵام هەرێمی کوردستان هێشتا کێشەی چارەنووس و سنووری هەیە لەگەڵ ئێراق و هاتنی ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ئێراق پرسێکی سیاسییە نەک تەنیا مرۆیی. بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەو پەیامە لە ئاستی باڵا ڕوون نەکراوەتەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. کاتێک لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەم باسکرد، بۆ من سەپڕایز بوو کە ئەو هیچ ئاگای لەو بابەتە نەبوو. ئاگای لەوە نەبوو کە هێنانی سەدان هەزار ئاوارەی ناوچەکانی ئێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت دەرئەنجامی سیاسیی گەورەی هەبێت. سەپڕایز بوو بۆم کە ئەمە بۆ بڕیاربەدەستان لە چەقی بڕیاری نێودەوڵەتی ڕوون نەکراوەتەوە. [1]