$چارەنووسی هاوپەیمانیی کوردستانی$
#عارف قوربانی#
یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بە جۆرێک هەموار کرایەوە کە لە بەرژەوەندیی کوتلە گەورەکان بێت، دوور نییە دوای هەڵبژاردن کەشێکی سیاسی بێنێتە ئاراوە کۆتایی بە و فرە ڕەنگییە لە فراکسیۆنی جیاجیای پەڕڵەمانی بهێنێت و پەڕڵەمان بەسەر چەند هاوپەیمانێتییەکی گەورەدا دابەش بکات، چونکە یاساکە بواری ئەوەی بۆ حیزبە بچووکەکان نەهێشتووەتەوە بە ئاسانی بگەنە پەڕڵەمان، هەروەها ئەو حیزبانەش کە دەنگەکانی زۆر پەرت و بڵاون بەهۆی فرە بازنەیی لە هەڵبژاردندا دەرفەتی ئەوە نەماوە دەنگەکان بۆ یەک بازنە کۆبکرێتەوە، بە و هۆیەشەوە ئەو حیزبانەی نفوزیان لە ناوچەی دوورلەیەک و پەرت و بڵاوه، ئەوانیش شانسی بەدەستهێنانی کورسییان نەماوە.
بە کوورتی و کوردییەکەی، یاساکە بۆ موجامەلەی کوتلە بەهێزەکانی ئێراق هەموار کرایەوە و لە کوردستانیش بەدڵی پارتی و یەکێتی. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کۆمەڵگەی ئێراق و کوردستان بەرەو خێڵگەری ئاڕاستە دەکات، چونکە حیزبەکان ناچار دەکات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە بازنەیەکی دیاریکراو، کوڕ و کەسوکاری سەرۆک خێڵ و هۆز و عەشیرەتەکان بەربژێر بکەن. ئەمەش ئێراق و پەڕڵەمانەکەی بەرەو ئەنجوومەنی هۆزەکان دەبات نەک دامەزراوەیەک بۆ خزمەتی برەودان بە دیموکراسی. ئەوانەی عەڕابی ئەم شێوازە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بوون و ئەندازیاری ئەو دیزاینەی نەخشەی داهاتووی پەڕڵەمانی ئێراق بوون، شاراوە نییە بەچی مەبەستێک ئەوەیانکرد، بەڵام گەلانی ئێراق لە داهاتوودا باجەکەی دەدەنەوە.
یاساکە هەر کاریگەریی لەسەر هێز و کوتلە سیاسییەکانی ئێراق نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی لەسەر پڕۆسەی سیاسیی کوردستانیش دەبێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژانی پەسندکردنی هەمواری یاساکە لە پەڕڵەمانی ئێراق و هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکانی بەشدار لە پەڕڵەمان بهێنینەوە یادی خۆمان، دیمەنەکان جوانتر دەبینین کە ئەوکات گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و ئەو پەڕڵەمانتارانەی لەوانیش جیا ببوونەوە، هەموویان لە دژی هەمواری یاساکە بوون و ناڵەیان گەیشتبووە ئاسمان کە ئەم یاسایە پێشێلکردنی دیموکراسییە و بواری هاوبەشی سیاسی بۆ هێزە بچووکەکان ناهێڵێتەوە، تەنانەت ڕوونتر دەیانگووت ئەمە بۆ موجامەلەی پارتی و یەکێتیی و بە ئیتیفاقی نهێنی ئەوان کراوە و لەمەودوا هەموو کورسییەکانی پەڕڵەمانی ئێراق لە کوردستان پارتی و یەکێتی دەیبەن.
بێگومان ئەو قسەیە ڕاستە کە هەمواری یاساکە تەنیا لە بەرژەوەندیی پارتی و یەکێتیدایە و لە باشترین دۆخدا ئەگەری ئەوە هەیە یەکگرتوو، کۆمەڵ، گۆڕان و نەوەی نوێ هەر یەکی یەک کورسی ببەن، ئەوەش وەک ئەگەرێکی لاواز. درووستبوونی هاوپەیمانێتیی هیوا و هەموو ئەو ئەگەرانەش بۆ درووستبوونی بەرەیەکی فراوان لەنێوان ئەو حیزبانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، هێشتا دڵنیایی ئەوەی نییە کە بتوانرێت کورسییەکان لە پارتی و یەکێتیی وەرگرن، چونکە یاساکە بە و جۆرە هەموار کرایەوە و بازنەکان بەدڵ و بەپێی قوورسایی و دەنگی پارتی و یەکێتی و بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ژووری هەڵبژاردنی ئەو دوو حیزبە درووستکران، بۆیە هەرچەندە ئێستا هاوکێشەکانیش گۆڕاون و پەیوەندییە سیاسییەکان پێچەوانەی ئەو کاتەیە کە یاساکەی تیا هەموارکرایەوە، بەڵام تازە زەمەن ناگەڕێتەوە و دەرفەتی هەموارێکی دیکەی یاساکە نەماوە. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئەو شەست کورسییەی خولی داهاتووی پەڕڵەمان، لیستەکانی یەکێتی و پارتی دەیبەن.
ئەگەر پارتی و یەکێتی هەر یەکە و لیستی سەربەخۆی خۆی هەبێت و کەسیتر نەکەنە هاوبەشی خۆیان، هەموو کورسییەکان بۆ ئەو دوو حیزبە دەبێت. با گریمانەی ئەوە بکەین هەر یەکی 30 کورسی دەبەن، ئەگەر حیزبەکانی دیکەش بەرنە ناو لیستەکەی خۆیانەوە ژمارەی کورسییەکانیان زیاتر ناکات، چونکە بازنەکانی هەڵبژاردن بەپێی زۆنەکان و بە خواستی ئەو دوو حیزبە بە و جۆرە دیاریکراون، بەڵکوو تەنیا لەناو ژمارەی کورسییەکانی خۆیاندا نوێنەرەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. بۆ نموونە ئەگەر یەکێتی هەر خۆی چووە هەڵبژاردنەوە و 30 کورسی بردەوە، واتا 30 بەربژێری یەکێتی دەبنە پەڕڵەمانتار، بەڵام ئەگەر یەکێتی و دوو حیزبی دیکە بە یەک لیست دابەزن، ئەوکات هەر 30 کورسییەکە دەبەن، بەڵام ڕەنگە 20 بەربژێری یەکێتی بگاتە پەڕڵەمان و 10 کورسییەکەی دیکە هاوبەشەکانیان بیبەن.
ئەمە بە و مانایەیە وەک چۆن کورسییەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، چەند کورسییەک بەپێی بازنەکانی هەڵبژاردن کەم و زۆری ڕێژەی دەنگدان، کورسییەکان کەم و زۆر ناکات، بازنەکانیش بۆ پارتی و یەکێتی بە و جۆرە دیارکراون و دەرئەنجامی هەڵبژاردنیش ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێت، بەڵام ئەوەی دەبێتە گۆڕانکاری لە هاوکێشەکان جۆری ئەو هاوپەیمانێتییانەیە کە بۆ پەڕڵەمان یاخود لەدوای هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی حکومەت درووست دەبن.
ئەوەی تاوەکو ئێستا وەک زانیاریی سەرەتایی لەبەردەستن ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی خەریکە دابەش دەبن بەسەر دوو هاوپەیمانێتیی جیاوازی شیعەکاندا، یەکێتی لەگەڵ عەممار حەکیم و پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدر. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم دوو حیزبە بۆ لەنێوان خۆیان هاوپەیمانێتییەک درووست ناکەن وەک هاوپەیمانیی کوردستانی، بۆ دەبنە پاشکۆی دوو هاوپەیمانی کە ئاییندەکەی ڕوونه، کورد هیچی تیا ناچنێتەوە. هیچ هاوپەیمانێتییەکی شیعەکان ئامادە نییە ماف و داخوازییەکانی کورد بکاتە ئامانجی خۆی، ئەی کەواتە بۆچی ئاوی کوردستان دەکەنە ئاشی بەهێزبوونی شیعەکانەوە؟
ئەگەر دابەشبوونەکە بە و جۆرە بێت و کورسییەکانی کورد وەک نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان لە خولی داهاتوو بخرێتە ناو لیست و هاوپەیمانیی لایەنە ئێراقییەکانەوە، دەبێت لە ئێستا وە بەرچاومان ڕوون بێت کە شتێک نامێنێت بەناوی ماف و داخوازیی خەڵکی کوردستان، سەرباری ئەوەی کە پێکیشەوە بن و هیچ دڵنییایەک نییە بۆ ئەوەی کورد بتوانێ لە داهاتووی ئێراقدا بە مافە زەوتکراوەکانی بگات، بەڵام لانی کەم وەک نەتەوەیەک کە کێشەیەکی هەیە و کێشەکەی چارەسەر نەکراوە، هەقی داواکردنەوەی خەباتی هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، بەڵام بە بوونە بەشێک لە لیستێکی هاوبەشی ئێراقی دوور لە ئەجێندایەکی کوردستانییانە، کورد تەنانەت ئەو مافەش لەدەست دەدات کە هەقی داواکردنەوەی مافەکانی هەبێت.
بۆیە پێویستە پارتی و یەکێتی بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی و بە درکردن بە مەترسییەکانی داهاتوو، بیر لە ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردستان بکەنەوە و شێوازی هەڵبژاردنەکە بکەنە دەرفەت بۆ مشتوماڵکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و درووستکردنی هاوپەیمانێتییەکی کوردستانی وەک جۆرێک لە دڵنیایی بۆ ڕزگاربوون لەو پەرتەوازەیی و خۆخۆرییەی ئێستا لەنێوان نوێنەرە کوردەکاندا بەدیدەکرێت لە بەغدا. بەوە دەتوانن هەڵگری خواست و ئامانجەکانی گەلی کوردستان بن و بە دەنگ و پێگەیەکی بەهێزترەوە لە هاوکێشەکانی داهاتووی ئێراقدا ڕۆڵی زیاتر بگێڕن. ئەگەر دەیانەوێ شەرعیەتی نوێنەرایەتی کردنی میللەتێکی مەزڵومیان بمێنێ. خۆ ئەگەر بەهۆشی خۆیاندا نەیێنەوە، ئەو ڕق و کینەیەی نێوانیان هەر بەردەوام بێت و زیاتر هانیان بدات بەرەو ژێر باڵ و عەبای عەرەبەکان، دڵنیابن جگە لە ناوێکی بێزراو لە مێژوودا هیچیان بۆ نامێنێتەوە. [1]