$پێویست ناکات لەسەر حیزب و حکومەت بوەستین$
#توانا عوسمان#
#19-08-2019#
بەپێی ئامارەکان ژمارەی ئۆتۆمبێل لەسەر زەوی 1 ملیار و 400 ملیۆنی تێپەڕاند و پێشی دانیشتووانی چینی دایەوە، ئەمەش مەترسی پیسبوونی ژینگەی جیدیتکرد، بەتایبەت کە دەرکەوت ئاستی زیادکردنی ئۆتۆمبێل لە 40 ساڵی ڕابردووەوە تاوەکوو ئەمڕۆ چوار ئەوەندە زیادیکردووە ساڵی 1976 تەنیا 342 ملیۆن ئۆتۆمبێل هەبووە ( wards intelegence.)
ئەمڕۆ بابەتی ژینگە بابەتێکی زۆر گرنگە لە جیهاندا، بەرنامەی هەڵبژاردنەکانی لەسەر دادەنرێت، کارنامەی حکومەتەکانی بۆ دەگۆڕدرێت، کۆمەڵگەی مەدەنی پێوە مەشغوڵە و چالاک و نوخبە لۆبی لەسەر دەکەن، بەڵام لە کوردستاندا جگە لەوەی جووڵانەوەی سیاسی سەوز نییە، درووشمی هیچ هێزێکی سیاسیش بەڵێن و بەرنامەی ژینگەیی تێدا نییە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ماوەیەکە لە سۆشیالمیدیای کوردستان هەست بە بەرزبوونەوەی هۆشیاری ژینگەیی دەکرێت و جموجوڵێکی خۆڕسکانە بەدیدەکرێت، باس لە بەکارنەهێنانی پلاستیک دەکرێت و بڕیارە وردەوردە زەرفی کاخەز بەکاربێت، دەیان پۆست لەسەر پاکڕاگرتنی سەیرانگەکان بڵاودەکرێتەوە، ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە ئەگەر گەشە بکات، بەتایبەت کە سۆشیالمیدیا بووەتە هێزێکی کاریگەر لە کوردستاندا و لۆبیەکی ڕاستەوخۆیە.
ئێمە پێویست ناکات لەسەر حیزب و حکومەت بوەستین، دەکرێ گوشاری خۆمان بکەین و هۆشیاری ژینگەیی بڵاوبکەینەوە.
هەرچەندە لە ڕاستیدا ئێمەی کورد و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی بەرپرس نین لە پیسبوونی ژینگەی جیهان و دیاریدەی گەرمبوونی زەوی کە لە ڕۆژگاری شۆڕشی پیشەسازییەوە تاوەکووئەمڕۆ بەهۆی کارکردنی کارگە و بڵاوکردنەوەی گازە زیانبەخشەکانەوە 2 پلەی سەدی بەرزبووەتەوە، بەرپرسیش نین لە پەنگخواردنەوەی گەرمی ناو چینی ئۆزۆن بەهۆی بڵاوکردنەوەی کاربۆنەوە کە مەترسی تواندنەوەی بەستەڵەک و نوقمکردنی دەیان هەزار کیلۆمەتر زەوی و تێکچوونی ژینگەی گیانلەبەران و کشتوکاڵی لێکەوتووەتەوە، ئەوەی بەرپرسە لەم مەترسییە زەبەلاحانە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان خۆیانن، ئەمەریکا، چین، یەکێتی ئەوروپا، ڕووسیا و هتد..
بەڵام ئێمە بەرپرسین لە پیسکردنی ژینگەی وڵاتی خۆمان، بەرپرسین لە پاککردنەوەی ئاو و هەواو خاکی هەرێمەکان.
[1]