هەرچەندە ئێمە هەموومان لەوکاتانەی دەمانەوێت شتێک دیاری بکەین ویستمان لەسەر ڕەهابوونە (absolute) واتە نامانەوێت شتەکان ئەگەر و نەزانراوی تێدا بمێنێتەوە و ناجێگیری پێوەبێت، هەر شتێک کە بەو شێوەیە نەبێت ناڕەحەتییەک لە ناخماندا درووستدەکات جا گەر بەتایبەتی ئەو شتە پێناسی خۆمانبێت، بەڵام ڕەهابوون بۆ کەیسی مرۆڤ لە کەسایەتیدا مەحاڵە.
چون مرۆڤ ئەو جەستەیەیە کە خاوەنییەتی کۆی هەموو پەیوەندییەکانی و ژینگەی چواردەوری.
بەبێ ئەو جەستەیەی کە مرۆڤ پێکئەهێنێت بێگومان مرۆڤ مرۆڤنابێت، وە ڕاستی بەبێ ژینگە و پەیوەندییەکان دووبارە مرۆڤ مرۆڤنابێت.
چونکە مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی بناسێت هەمیشە پێویستی بە شتێک و کەسێکە تاوەکوو ئەو کەسە و ئەو شتە وەکوو ئاوێنەیەکی بەراوردکاری بۆ بوونی خۆی بەکاربهێنێت و خۆی تێدا ببینێتەوە.
گەر ئەمانە نەبن شتێکی نابێت خۆی پێ بەراوردبکات و وەکوو ڕێفرێنس بەرانبەر جەستەکەی وەریگرێت تا مانا بدات بە جەستەکەی و لەگەڵ جەستەکەدا مانا گشتییەکە تەواو بکەن ئەویش مرۆڤێکی خاون کەسایەتییە.
هەر بۆیە بەبێ ئەو دوو ڕەگەزەی تر لەپاڵ جەستەی مرۆڤ دووبارە مرۆڤ مرۆڤنابێت.
بەواتایەکی تر مرۆڤ بەبێ ئەوانی کە نەک تەنیا بێزار و بێتاقەتەبێت بەڵکوو تەنانەت خۆشی ون ئەکات. تەنانەت ئەوانەشی زۆرزۆر بەشێوەیەکی هیچ لە بوون و پەیوەندییەکانیان ڕوانیوە نەیانتوانیوە لەم ڕەگەزە نەجاتیانبێت، چونکە ئەستەمە. بۆ نموونە هەنێکیان هێشتا نووسیویانە و خوێندویانەتەوە گەر بنووسین بۆ کێ ئەنووسین و شتی کێ ئەخوێنینەوە؟
وە ئەوەی ڕاستییە ئەوەیە هەر سێ ڕەگەزەکە هەرگیز وەستاونین و بەردەوام لەگۆڕاندان، هەرگیزیش هیچیان ئەسڵێکیان نەبووە تا بۆی بگەڕێینەوە و لەوێوە مرۆڤی بەڕەهایی پێ پێناسە بکەین. سەرەنجام ڕەهابوون و دیاری کردنی ناسنامەی خود بەشێوەیەکی ڕەها مەحاڵە یاخود شتی وا بوونی نییە.
کەواتە قەت ناتوانیت بەتەواوی بڵێیت ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤە، یاخود ئەمە خودی منە، چون شتێک بوونی نییە. بەناوی ڕووی ڕاستەقینە و خود.
کاتێکیش دەوترێت مرۆڤ گرنگە خۆی بدۆزێتەوە، ئەمە زۆرتر مەبەست لێی دۆزینەوەی فەلسەفەیەکی ژیانە تا لەسەری بڕۆین و لەگەڵ بوونییە. جەستەیی و ژینگەییەکەماندا بگونجێت نەک شتێکبێت بۆ دۆزینەوەی خودی کەسایەتی.
ئێمە بێ ئەوانی کە نەبووین ( هەمیشە چاوی کەسی دووەم و سێیەم پێناسکارن بۆمان (وەکو سەلمێنەرێکی بوون) بەڵام لەهەمان کات مرۆڤ بوونێکیشە کە هەمیشە خودی خۆی سەنتەری ڕێفرێنسەکانە بەخۆی (بۆیە پێویستناکات زیاد لە پێویست خۆمان تەرخان کەین بۆ پێناسەی چاوی کەسی دووەم و سێیەم) ، چونکە لە ڕاستیدا ئەوانی کەش بەبێ بوونی مرۆڤ خۆی بۆ مرۆڤ نەبوون.
بێگومان قوورسە بۆ ئێمە لەژێر بنچینەی ئەو جۆرە تێڕوانینانە ژیانی ڕۆژانەمان بەڕێبکەین، با ڕاستیش بێت. گەر یەکێ لێت بپرسێت کێیت؟ نایەیت شتێکی لەم شێوەیەی بۆ باسبکەیت...
بەڵام ئەم شتانە یارمەتیدەرن بۆ تێگەشتنێکی زیاتر لەوەی چی بکەین بۆ کەسایەتیمان.
ئێمە دەزانین بۆ مرۆڤبوون پێویستمان بە هەردوو ڕەگەزە: هەم جەستەمان (وەکوو سەرچاوەیەک) ، هەم پەیوەندییەکانمان (وەکوو سەلمێنەری ئەم سەرچاوەیە) .
دۆزینەوەی ڕێژەی گونجاو لەپەیوەندی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە کلیلە بۆ گەشتن بە داناییەکی درووستتر. [1]