دەستنووسێکی مامۆستا عەلائەددین سەججادی، 1950
سەرچاوە: بەدیع باباجان
ئامادەکردن و کۆکردنەوەی: بەختیار سەعید
لەبەرنووسینەوە: زیاد ئەسعەد
مامۆستا سەججادی چەند جار لای نووسەرانی ئەوسا ئەوەی دەرکاندووە کە زۆر بە هونەری بەدیع باباجانی هونەرمەند سەرسامە. تایبەت ئەو کارانەی کە بۆ گۆڤاری گەلاوێژی کردبوون. بڕیار دەدا سەرێکی بدا. پەیدای دەکا. داوای لێ دەکات وێنەی شاعیرانی بۆ بکێشێت. دیارە ئەوسا پەڕتووکی مێژووی ئەدەبی کوردی ی بە دەستەوە بووە. باباجان دەڵێت فرۆزە ( وصف )ی شاعیرانم بۆ بکە و بە نووسراو بۆم بنێرە، بەشکم بتوانم لە ڕوویەوە وێنەیان بکێشم. ڕێدەکەون و باباجان چاوەڕێی نامەی سەججادی دەبێت. ئەمەی بنەوە دەقی نامەکەیە کە سەججادی فرۆزەی ئەو شاعیرانەی تێدا کردووە کە لە چاپی یەکەمی مێژووی ئەدەبی کوردی دا ئاوڕی لێ داونەتەوە.
1. بابەتاهیر 935 - 1010؛ تەمەن 75 ساڵ.. پیاوێکی دەروێش، سەروڕیش درێژ، قژ درێژی ڕیش سپی ڕیش درێژ، سەر و ڕوومەتی...
2. بێسارانی 1641 - 1702؛ تەمەن 61 ساڵ بووە، پیاوێکی ڕووخۆش و مەلای کوردەواری بووە، زۆر ....... چاووبرۆی گەورە بووە، ڕوومەتی پان بووە، ڕیشی سپی و قەڵەمی کردووە، لە ناوچەی هەورامان بووە، کەوا و سەڵتەی لەبەر کردووە، سەبیلی کێشاوە، مێزەرەکەی خڕ بووە.
3. سالم 1800 - 1866؛ تەمەن 66 ساڵ، پیاوێکی لاواز بووە، باڵابەرز بووە، ڕوومەتی پان، سمێڵی ئەستوور، لووتی درێژ، ڕیشی تاشیوە، مشکی و جامانەی بە شێوەی سلێمانی لەسەر بەستووە، (خەڵکی سلێمانی بووە) چاوی گەورە بووە، لە ئاخری ژیانیا زۆر خەمبار بووە.
4. مەلای جەباری 1806 - 1876؛ تەمەن 70 ساڵ بووە، خەڵکی وڵاتی کەرکووک، پیاوێکی باڵابەرز، باریکەلە، سەری زل بووە، دەموچاوی درێژکار و چاووبرۆی ڕەش بووە، پاشان برۆی سپی بووە، چاوی زل بووە، برژانگ کوورت بووە، ڕیش تەنک و قەڵەمی کردووە، سمێڵ و چەناگەی درێژ بووە، کەوا و سەڵتەی لەبەر کردووە لەگەڵ عەبا و جامەدانی بە شێوەی وڵاتی کەرکووک لەسەر پۆشیوە.
5. تایەربەگی کوردی 1809 - 1849؛ تەمەن 40 ساڵ، خەڵکی سلێمانییە، پیاوێکی باڵابەرز و کەڵەگەت، سوور و سپی، مووڕەش و چاوگەورە و ڕوومەتی پان و پڕ، سمێڵی نە زۆر ئەستوور نە زۆر باریک بووە، ڕیشی تاشیوە، ناوچەوان پان بووە، کەوا و سەڵتەی کوردی وڵاتی سلێمانیی پۆشیوە.
6. مەحوی 1830 - 1904؛ تەمەن 74 ساڵ، پیاوێکی بەدیمەن بووە، سوور و سپی بووە، چاوگەورە و برژانگ زۆر درێژ نەبووە، قەڵەو بووە، مێزەرەی کوردانەی لەسەر ناوە، کەوا و سەڵتە و جبەی لەبەر کردووە، لووتی بەرانی بووە، ڕیشە سپییەکەی قەڵەم نەکردووە، بە ئەندازەی دوو پەنجە دەیهێشتەوە، سەرگۆناکانی بەرز بووە و باڵای بەرز بووە.
7. سالمی سنە 1845 - 1909؛ تەمەن 64 ساڵ، خەڵکی سنە بووە، پیاوێکی (متوسط العام) بووە، ڕیشەکەی سپی، دانەدانە ڕەشی تێدا مابوو، مێزەری سپیی لەسەر ناوە، کەوا و سەڵتە و عەبای هەبووە، مێزەرەکەی خڕ بووە، ڕوومەتی پان و چاوڕەش بووە.
8. حەریق 1851 - 1907؛ تەمەن 56 ساڵان، خەڵکی سابڵاغ بووە، باڵابەرز بووە، چاوکز و چاوی بچووک بووە، ڕوومەتی مەیلەو درێژ بووە، ڕیشی تۆپز و بەشی زیاتری سپی بووە، مێزەرەکەی سپیی سابێغیانەی لەسەر ئەنا، ڕیشی هەبووە، گۆناکانی قوپابوون، برۆی باریک و سمێڵی ئەستوور بووە.
9. ئەدەب 1859 - 1914 تەمەن 55 ساڵ، خەڵکی موکریان بووە، پیاوێکی باڵابەرز بووە، چاوی ڕەش و ناوچەوانی پان، برۆکانی پڕ و جیا بوون، لووتی باریک و بەرز بووە، لەشی زۆر ئەستوور بووە، ڕیشی ئەتاشی، سمێڵی بە لای باریکیدا دەیڕوانی، ملی تۆزێک بەرز بووە، مشکی ئەبەست بە سەریەوە، کەوا و سەڵتەی لەبەردابووە. [1]