ناونیشانی بابەت: شەڕی میدیایی دەزگا ئەمنییەکان کێشە قوڵەکانتان لەبیرنەباتەوە
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
هەردو چەمکی خیانەت و گەندەڵی زۆرترین ئامەدەیییان لە وتاری سیاسی و میدیای ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام کەمترین کاری فەلسەفیی سیاسییان لە بارەوە کراوە. لەڕوی فەلسەفەی یاسایی بنەمای هەردو چەمکی خیانەت و گەندەڵی بە مانای ناپاکیکردن دێت، لەگەڵ ئەرک و بەرپرسیارێتییەک کە بە کەسێک سپێردراوە. بە کوورتیی هەردوکیان چیلکەی یەک دارن، کە داری ناپاکییە. پاڵنەری هەردو کردەکانی خیانەت و گەندەڵیش، وەدەستهێنانی دەسەڵات و سەرمایەی زیاترە لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی و لە دەرەوی ئاکار و یاسا و ڕێکارە کارپێکراوەکان. نەبوونی فەلسەفەیەکی ڕوونی حوکمڕانی و دەزگایەکی یاسایی باڵای نیشتمانی بۆ بەدواداچون و لێپێچینەوە وا دەکات، کە هەرکەس و لایەنێک بۆ لەکەدارکردن و شکاندنی کەس و لایەنێکی تر بەکاریانبهێنێت، بێ هیچ ترسێک لە لێپێچینەوە و لێپرسینەوە. کێشە بنەڕەتییەکە لە تێگەیشتن یا باشتر بڵێین تێنەگەیشتنی بەشێکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بۆ چەمکی بەرژەوەندیی گشتی، چونکە لە فەلسەفەی سیاسیی ناوچەی زەرد، بەرژەوەندیی گشتی مانای بەرژەوەندیی پارتیی و بنەماڵەی بارزانییە، لە ناوچەی سەوزیش بە هەمان شێوە بەرژەوەندی یەکێتیی و بنەماڵەی تاڵەبانی لە جێگەی بەرژەوەندی گشتییە. هەم یەکێتی و هەم پارتی بەپێی لۆژیکی خۆیان ڕاست دەکەن، کە یەکتر بە خیانەتکردن لە بەرژەوەندی یەکتری تۆمەتبار دەکەن، چونکە لە تێگەیشتنی ئەوان بەرژەوەندیی گشتی مانای بەرژەوندی خۆیان، بەڵام لە ڕاستیدا هەردوکیان خیانەت و ناپاکی لە بەرژەوەندی گشتیی دەکەن.
لێرەدا هاوکێشەیەکی سەیر هەیە لەنێوان دوانەی خیانەت و گەندەڵی. کاتێک سەرمایە زۆر دەبێت، دەستڕۆیشتوەکان لە سەرەتا هەوڵدەدەن، سەرمایەی بەردەست بە قەبارەی دەستەڵاتەکانیان بە شێوەیەکی گونجاو و هاوسەنگ لەنێوان خۆیان دابەشبکەن و لە ڕێگەی پێناسەیەکی هاوبەش بەرژەوندییەکانی خۆیان بە بەرژەوەندیی گشتی لە قەڵەم بدەن. بۆ ڕەوایەتیدان بەمەش، بەشێکی باشی سەرمایەکە بۆ کرینی قەڵەمی وتاری ڕۆشنبیری و میدیای تەرخاندەکەن و دەزگای میدیایی زەبەلاح درووستدەکەن کە دەرکەوتنی میدیای دی کە ڕەخنەگر و نیشتمانیی بێت ئاستەم بێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەوانەوە هەموو دەنگێکی ناڕازی بە تێکدەر و گێرەشێوێن وێنەبکەن و ئەگەر پێویستیشی کرد، تۆمەتی خیانەتکردن لە بەرژەوەندیی گشتی بخەنە پاڵ. کاتێک دابەشکارییەکە بەهۆی کەمبوونەوەی سەرمایە ناهاوسەنگی تێدەکەوێت، پێناسەکە سەر لە نوێ لە ماناکەی خاڵی دەبێتەوە، ئەکت و تۆمەتی خیانەت و گەندەڵی دووبارە تەیار دەکرێنەوە، بەرژەوندیی گشتی لە ڕێگەی وتاری میدیای و ڕۆشنبیریی حزبی دووبارە پێناسە دەکرێتەوە، هەمان تۆمەت ئاڕاستەی یەکتر دەکەنەوە، کە پێشتر بە یەکەوە ئاڕاستەی خەڵکی تریان دەکرد.
بە هەموو پێوەرەکانی لۆژیک و بیرکردنەوەی تەندرووست دەبوایە هاتنی پەتای کۆرۆنا، کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ڕەنگ و تەمەن و گیرفان و ئایین و پایەی مرۆڤەکان ناکات، ببێتە هۆی تێگەیشتنێکی تازەی بەکۆمەڵ بۆ چەمکی بەرژەوندیی گشتی، چونکە پەتای نەگریسی کۆرۆنا هەڕەشەیەکی تەواو جددییە بۆ سەر هەموو تاکێکی جیهان و هەرێم. ڕێککارەکانی حکومەتی هەڕێم و هەماهەنگی نێوان دەزگاکانی هەڕێم بۆ یەکەم جار هەستێکی وایان لای هاووڵاتییانی هەرێم درووستکردبو، کە تەنیا بە یەکەوە دەتوانرێت ڕوبەروی ئەم هەڕەشە و لێکەوتەکانی ببنەوە. بۆ یەکەم جار لایەنە پەیوەندارەکان توانیان بێ جیاوازی حزبی و ناوچەیی لە خەمی هاووڵاتییاندا بن و ئەوەی لە توانایان دایە بیکەن. هاووڵاتییانیش پاداشتێکی باشی ئەم هەنگاوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان دایەوە و تا ئاستێکی باش بەدەم ڕێنمایییەکانی دەزگا پەیوەندارەکان چون. لە ئێستادا بەرژەوەندیی باڵای هاووڵاتییان ئەوەیە، بەرپرسان بەئاگایییەوە ڕەچاوی باری دەروونیی هاووڵاتییان بکەن و لە ڕێگەی زانیاریی درووست و شەفاف و بەرنامەی پتە و بۆ لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا، ئارامی بە هاووڵاتییان ببخشن، نەک باری دەروونییان لە ڕێگەی تۆمەتبەخشینەوە کوڵاندنەوەی برینی کۆن زیاتر شپرزە بکەن، بەڵام پێدەچێت ئاماژەکانی پەیوەست بە لێکەوتەکانی پەتاکە، کە خۆی لە کەمبوونەوەی داهات و سەرمایە بەرجەستە دەکات، لە ئێستاوە پایەکانی دەستەڵاتی سیاسییان وا هێنابێتە لەرزین و دۆخی دەروونی بڕیاربەدەستانی وا شپرزە کردبێت، کە لەوە زیاتر خۆیان بۆ نەگیرێت.
مەترسی ئەم جارەی کەمبوونەوەی داهات و سەرمایە جیاوازە لە قەیرانی دارایی سەردەمی هاتنی داعش. لە سەردەمی شەڕی داعش تەنیا بودجەی حکومی کوورتی دەهێنا، بەڵام داهاتی کۆمپانیاکانی حزبی نەک کەمی نەکردبو، بەڵکوو زیاتریش ببو. ئەمە وای کردبو، حزبەکان بتوانن بێ هیچ کێشەیەکی وا خەرجی دەزگا و ئەندامانی حزبی دابینبکەن و لە ڕوی پشتگیریی جەماوەرییشەوە، لە دژی هەر نارەزایەتییەکی هاووڵاتییان پشت بە قاعیدەی جەماوەری حزبی و هێزە ئەمنییەکان ببەستن. بێگومان مەترسیئ داعش و هاوکاری هاوپەیمانانیش وای کردبو، کە خەڵک چاو لە زۆربەی کەموکوورتییەکان بپۆشن. قەیرانی ئەم جارە تەنیا لە کوورتهێنانی بودجەی حکومیی کوورت نابێتەوە، بەڵکوو داهاتی کۆمپانیا قەبەکانی حزبیش دەگرێتەوە. ئەوە بەو مانایە دێت، کە حزبەکان لە ماوەی داهاتو، جگە لە نەدانی مووچەی مۆچەخۆرانی حکومی بەتەواوی، ناتوانن مووچەی دەزگا و ئەندامانی حزبیش دابینبکەن. ئەمەش وادەکات، کە ئەم جارە ئەندام و هەوادارانی حزبی پێش هاووڵاتی ئاسایی، هێزەکانی پێشمەرگە و ئاساییش پێش فەرمانبەری ئاسایی دەنگی نارەزایی بەرز بکەنەوە و بەمەش پایەکانی دەستەڵاتی حزبی بەتەواوی دەکەونە بەر مەترسی هەرەسهێنان. لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بینیمان چەند فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەنگی ناڕەزایەتییان دژ بە دواکەوتنی مووچەکانیان بەرزکردەوە. بڕیاربەدەستانی پارتی و یەکێتی باش دەزانن کە بەهۆی کەمبوونەوەی داهات و سەرمایە لە ماوەی داهاتو نەک تەنیا ناتوانن ئەندامانی حزب و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاساییش ڕازیبکەن، بەڵکوو لەژێر مەترسی ئەوەش دان، کە بەهۆی کوورتهێنانی داهاتی حزبی و بنەماڵەیی شەڕی پشکێنەی پارە درز بخاتە ناو ئەندامانی بنەماڵەکان و حزبەکانی خۆشیانەوە، لەبەر ئەوەش پێویستیان بەوەیە، ئەندام و لایەنگرانی خۆیان لە دژی یەکتر هانبدەن و تەیار بکەنەوە، بۆ ڕێخکستنەوە و دابینکردنی قاعیدەی حزبی لە پشت خۆیان، بە ڕوکەش لە دژی یەکتر، بەڵام لە ناوەرۆک لە دژی هەموو دەنگێکی ناڕازی و دۆخێکی نەخوازراو. ئەوان ئەگەر خۆشیان ئەو ئامانجەیان نەبێت، گەمەکەیان بەو ئاڕاستەیە دەڕوات، بۆیە؛ هاووڵاتییان نابێت بە گەمەی هێزە ئەمنیی و سیاسییەکان بکەونە دۆخێکەوە کە قوڵایی قەیرانەکان و کێشە جدییەکان و پێویستیی ڕیفۆرمی ڕیشەیی لەبیربکەن. لەگەڵ ئەوانەشدا، ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنە دەتوانرێت لەلایەن دەزگای ناوخۆیی و ناودەوڵەتییەوە بەکاربهێنرێن بۆ بەدواداچون بە کەیسەکان چونکە ئەو دەزگایانە سەرەڕای هی حیزبەکانن، ئیدیعای ئەوەش دەکەن کە دەزگای ڕەسمیی هەرێمی کوردستانن.
لاتان سەیر نەبێت، ئەگەر لە ماوەی داهاتو پایەکانی دەستەڵات کەوتنە بەر مەترسیی هەرەسهێنان، بەرپرس و بڕیاربەدەستی زیاتری حزبەکان لەژێر فشاری جەماوەری و بە ناوی بەرژەوەندیی گشتییەوە، مەلەفی تاوانی زیاتر، نەک تەنیا لە دژی حزبەکانی ڕکابەر، بەڵکوو لە دژی هاوڕی و هاسەنگەرەکانی یەکتریش ئاشکرابکەن. دور نییە لە داهاتو تۆمەتەکانی خیانەت و گەندەڵی میدیا و لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بکەن و جێگە بە پەتای کۆرۆنا لەق بکەن. ئەوەی بۆ هاووڵاتییان گرنگە، نەکەونە ناو ئەو یارییە ترسناکە و هەمیشە ئەوەیان لەبیربێت، ئەو شەڕەی بە ناوی بەرژەوەندیی گشتی دەکرێت، لە ناوەرۆکدا تەواو دژی بەرژەوەندیی گشتییە. بە هیچ شێوەیەک نەبنە بەشێک لێی، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک دژی بوەستنەوە، چونکە بەرژەوندیی گشتی تەنیا مانای بەرژەوەندیی چەند کەسێک و بنەماڵەیەک نییە، بەڵکوو بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە بێ جیاوازیی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، دینیی، ئێثنیتیی و نەتەوەیی و ڕەگەزیی. [1]