ناونیشان: نان ئینجا دیموکراسی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #02-08-2016#
نوکتەیەک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوبووەتەوە کە نەیارانی ئاک پارتی پێی دڵخۆشن: سەرکردایەتیی #داعش# کۆبوونەتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ڕەفتاری دەوڵەتی ئەردۆغان لەپاش کودەتاکە کردووە. بڕیاریانداوە نامەیەکی بۆ بنێرن و تێیدا بنووسن: تەڕ و وشک پێکەوە مەسووتێنە، دڕندایەتیش سنووری هەیە! هەرچەندە ئەمە نوکتەیە و بەڕاستی ڕووینەداوە، بەڵام ئەوەی چاودێریی هەڵسوکەوتی دوو هەفتەی ڕابردووی حکومەتدارانی ئەنقەرەی کردبێت، دەبینێ لە تەڕ و وشک سووتاندندا تەقسیر نەکراوە. جا پرسیارەکە ئەوەیە: ئەوانەی کودەتایان کرد خەتابارترن کە پاساویان دایە دەست سوڵتانی نوێ یان ئەردۆغان و حیزبەکەی خەتابارن کە بەناوی پاراستنی دیموکراسییەوە دیموکراسییان لە تورکیا گەیاندووەتە حاڵێک کەس ئیرەیی پێ نەبات؟ پاش ئەزموونەکەی تورکیاش چاک وایە لەخۆمان بپرسین: لەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەی ئێمەدا نان خەڵک دێنێتە سەرشەقام یان دیموکراسی؟
لە سەرەتای دووهەزارەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چەند هەوڵێک بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی بەرەو دیموکراسی لە وڵاتی جیاجیادا دران، نموونەی توونسی لێدەرچێت لە هیچ شوێنێک گۆڕانەکان بەقازانجی خەڵک و بە خێر و خۆشی نەشکاونەتەوە. سەیری نموونەی میسر بکەن. حوسنی موبارەک-ی کۆنە عەسکەر چوو و لە کۆتاییەکەیدا سیسی-ی کۆنە عەسکەر شوێنی گرتەوە. بەم گۆڕانە ئازادی لە میسر زیاتر بوو؟ ڕەوشی بژێویی خەڵک گۆڕا؟ خەڵک بەختەوەرتر بوون؟ بێگومان نا. لیبیا و سووریا و پێشتریش ئەفغانستان و ئێراق و بەدواشیاندا یەمەن نموونەی دیکەن کە هەوڵی ڕادیکاڵ بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی دەرهاویشتەی پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان و زۆر ڕادیکاڵانەیان هەبووە. باسی کوردستانیش ناکەم کە پاش ڕووداوەکانی 23ی حوزەیران، کە کودەتایەکی سپی بوو، هێشتاش هەموان ئاخ بۆ قۆناغی بەر لە 23ی حوزەیران هەڵدەکێشن.
درووستبوونی داعش و ئەو ماڵوێرانییەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە، بەرهەمی هێنانی ئەو کۆنسێپتە نەگونجاوەیە کە لەسەر مێزەکانی بڕیاردان لە واشنتن و برۆکسەل و لەندەن و پاریس دەنووسرێنەوە و بەهەڵە هەوڵ دەدرێت لێرە جێبەجێ بکرێن. کاتێکیش جێبەجێ نابن، هیچ هێزێک ناتوانێ دۆخەکە بگێڕێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە تێکدان.
ڕاستە چینی دەستەبژێر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسی دیموکراسی دەکات، بەڵام ئەوە نەبووەتە مەتڵەبێکی جەماوەری و خەڵک پێش دیموکراسی باسی ئاساییش و نانی گەرم دەکات. خۆ ئیمارات سیستمێکی دیموکراسییانەی نییە و بەپێی هەموو پێوەرێکیش دیکتاتۆرییە، بەڵام کەی بیستووتانە ئیماراتییەکان ڕژابنە سەر جادە و لەپێناوی دیموکراسی ژیانی خۆشی خۆیان تێکدابێت؟ ڕاستە هەموو ئیماراتییەک خۆش ناژیت، بەڵام زۆرینە زۆر ڕازییە لەو ژیانەی هەیەتی.
بۆ تورکیاش هەمان شت ڕاستە. بەرلەوەی ئاک پارتی بێت، خەڵک سەردەمی کودەتاکان و دیموکراسی و سیکولاریزمی بەزۆر سەپێنراوی هاوشان لەگەڵ هەژاری و برسێتیی تاقیکردەوە. لە سەردەمی ئەردۆغان و حیزبەکەیدا ڕۆژبەڕۆژ ئازادییان کەمتر بووەوە و جیهانبینیی ئایینگەرایانەی ئاک پارتی (بێگومان بە مامۆستایەتیی گویلەن و هەڵهێنجراو لە بیری ئەو) زۆرتر کۆمەڵگەی تورکیای بەرەو داخران برد، بەڵام لەبەرانبەردا ئابووریی وڵاتەکە باشتر بوو و ژمارەی تێرەکان ڕۆژبەڕۆژ لە ژمارەی برسییەکان زۆرتر بوون. بۆیە ڕاستییەکەی ئەو شەوەی خەڵک ڕژانە سەرشەقام، لەپێناوی برسینەبوونەوەی سکەکانیان ڕژانە سەرشەقام نەک لەپێناوی دیموکراسی.
با دوور نەڕۆین و سەیری باشووری کوردستانیش بکەین. ئێستا لە کوردستان، پاش ڕووداوەکانی 23ی حوزەیران و دواتر، مووچەی تەواو و ئاساییش و نەبوونی تەقینەوە مەتڵەبترە یان دیموکراسی؟ وابزانم پێویست ناکات وەڵام بدەمەوە. [1]