ناونیشان: کەرکووک پاش هەینیی ڕەش
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #24-10-2016#
کەرکووکییەکان هەینییەکی سەختیان تێپەڕاند. چاوەکان لەسەر حەویجە بوون و گلەیی ئەوە دەکرا کە بۆچی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ پێش حەویجە خراوە، چونکە، وەک کەرکووکییەکان دەیانگوت: تا حەویجە بەدەست #داعش#ەوە بمێنێ، مەترسی لەسەر کەرکووک لاناچێ. کەچی داعش ئاگرەکەی خستە نێو ئاگردانی گەڕەکە عەرەبنشینەکانی کەرکووکەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، پرسیارەکە ئەوە بوو: مووسڵی پاش داعش دەبێتە حەڵەب یان نا؟ کەچی ئێستا پرسیارەکە گۆڕاوە و ئەوەیە: ئەگەر داعش بەو هەموو دوژمنەیەوە کە هەیەتی بتوانێ وا بەهێزەوە بێتە نێو کەرکووک، ئەی لە قۆناغی پاش داعش #حەشدی شەعبی# و هێزەکانی دیکە ناتوانن کەرکووک بکەنە حەڵەبێکی نوێ؟
دیمەنەکانی هەینیی ڕەش لە کەرکووک دوو دیویان هەبوو: دیوێکی خۆش و دیوێکی ناخۆش. دیوە خۆشەکەی ئەوەبوو کە بەرلەوەی هێزە ئەمنییەکان بێنە دەست، خەڵکی کەرکووک بۆخۆی هاتەدەنگ و نەیهێشت داعش دەست بەسەر شارەکەیدا بگرێت. ئەو دیمەنانە پێشتریش لە کەرکووک بینراون. کاتێک گەڕەکێکی کوردی هەڕەشەی لەسەر درووست دەبێت، گەورە و بچووکی کوردی کەرکووک چەک هەڵدەگرێت و دێتە سەرشەقام. سەرلەبەیانیی هەینیی ڕەش ناخۆشترین سیناریۆ کە چاوەڕوانی بووین ببێتە ڕاستی، ئەوەبوو کە خەڵکی کەرکووک لەگەڵ بیستنی هاتنی بەلێشاوی داعش شارەکەیان بەجێبهێڵن و خۆیان ڕزگار بکەن، بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا. ڕاستییەکەی تا مێژووی کەرکووکت نەخوێندبێتەوە و کەرکووکییەکان نەناسیت، ناتوانی بەباشی لەوە تێبگەیت کە بۆچی چەکدارە خۆبەخشە کەرکووکییەکان لە هەینیی ڕەشدا لە پەخشی ڕاستەوخۆی ڕووداودا دەیانگوت: شارەکەمان شەرەفمانە و دەیپارێزین.
مێژووی پەنجا ساڵی ڕابردووی کوردی کەرکووک مێژووی دەرکردن و زوڵم و مافخواردن بووە. لە شەستەکان و حەفتاکان و نەوەتەکاندا لەسایەی #بەعس# و حوکمڕانیی پێش بەعسیش، کە عەرەبی سوننە بوون، کوردی کەرکووک خۆشییان لەخۆیان نەبینی. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام و بەتایبەتیش پاش هاتنی داعش، کە بەهۆیەوە سوپای ئێراق ناوچەکەی چۆڵ کرد و پێشمەرگە کەرکووکی کۆنترۆڵ کرد، کوردی کەرکووک ئەو ژیانەیان بینی کە ساڵەهابوو چاوەڕوانیان دەکرد: واتە ژیانی سەربەرزانە و کوردانە لە شاری خۆیان. بۆیە لەو ماوەیەدا هەر شتێک ڕوویدابێت، لە کەرکووک کە هەڕەشە بووبێت بۆ سەر گۆڕینی ئەو واقیعە، کەرکووکییەکان دژی وەستاونەتەوە.
ئەمە دیوە خۆشەکەیە و دیوە ناخۆشەکەش لە چیرۆکی دزەکردنی ئەو هەموو چەکدارەی داعشەوە بۆ نێو کەرکووک دەستپێدەکات تا دەگاتە ئەوەی تاوەکوو ئێوارەی ئەو ڕۆژەش بێسەروبەرییەکی گەورە بەو هێزە ئەمنییانەوە دیاربوو کە دەبووایە شارەکە بپارێزن. شۆکەکە بۆ ئەوان هێندە گەورە بوو کە کاتێک لەسەر تەلەڤزیۆن قسەیان دەکرد، خۆشیان نەیاندەزانی بەدرووستی چی لەو شارەدا دەگوزەرێ. لە دەمی یەکێکیشیانەوە دەرچوو کە ئەو زانیارییەی ئەوان هەیانبووە ئەوە بووە کە داعش بەتەمایە هێرش بکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکان. باشووری کوردستان لە نەوەتەکاندا سیستمی فیفتی بە فیفتیی تاقیکردەوە و بۆی دەرکەوت سەرکەوتوو نییە، کەچی هێشتاش لە کەرکووک ئاساییشی فیفتی بە فیفتی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە. خۆیان ئیدیعا دەکەن کە هەماهەنگییان زۆر باشە، بەڵام هەر ئەوەی کە دوو ئاساییشی جیاوازن، نیشانەی ئەوەیە ئاساییشێکی یەکدەست و یەک بڕیار لە کەرکووک نییە.
ئێمە کە باسی کۆتایی قۆناغی سایکس-پیکۆ دەکەین و جارێکی دیکە بەتەما نین کەرکووک ڕادەستی هیچ داگیرکەرێک بکەین، دەبێ پاش هەینیی ڕەش لە کەرکووک دان بەوەدا بنێین کە تەنیا بەقسە سایکس-پیکۆمان تێپەڕاندووە و بەکردەوە هیچمان بۆ نەکردووە. [1]