ناونیشان: چانسەکەی دیکەی ئەمریکا
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #24-01-2017#
لە یەکەم سەردانیدا دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک، دۆناڵد ترەمپ چووە سی ئای ئەی. یەکەمین لێدوانی باڵکێشیشی، کە چاوەڕوان دەکرێ لە ماوەی داهاتوودا زۆری وای لێ ببیستین، ترەمپ لە بنی هەنبانەکەی دا و باسی هەڵەی ئەمریکییەکانی کرد کە نەوتی ئێراقیان بەئاسانی ڕادەستی ئێراقییەکان کردووە. بەڵام دووبارەبوونەوەی چانسێکی، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە بەدوور نەزانی.
ئەو قسەیەی لە هەینیی ڕابردووەوە ترەمپ دەیکات، چیدی قسەی پیاوێکی سەرمایەداری پۆپولیست نییە کە هەرچییەکی ویست بیڵێت و مەرج نەبێ کردەوەی بەدوادا بێت. ترەمپی سەرۆک لەو ڕۆژەوە کە دەستبەکاربووە جانتایەکی ڕادەستکراوە کە بەهۆیەوە دەتوانێ هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر هەر جێییەکی دنیا بیەوێ، کارا بکات. پیاوێکی وا کە باسی چانسێکی دیکە لە ئێراقدا بکات، ئەگەر باشیش بیری لە قسەکەی نەکردبێتەوە، نیشانەی ئەوەیە خەونێکی وای هەر بینیوە.
یەکێک لەو قسانەی پاش ڕۆیشتنی ئۆباما لەسەر هەشت ساڵەی سەرۆکایەتییەکەی کران ئەوەبوو کە بۆ ئەمریکییەکان خەون بوو و بۆ ڕۆهەڵاتی نێوەڕاست مۆتەکە بوو. بەڕاستیش وابوو: ڕەشپێستێک ببێتە سەرۆکی ئەمریکا بەرجەستەکردنی خەونی ئەمریکی بوو، بەڵام لەو هەشت ساڵەدا ئۆباما قسەی زۆر و کردەوەی کەمی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێبوو. بۆ پارچەکانی کوردستانیش هەروابوو. جگە لەو پشتیووانییە خۆپارێزانەیەی لە #هەولێر# لە شەڕی #داعش#دا کردی، ئۆباما و ئیدارەکەی خێرێکی وا زۆریان نەبوو. بۆیە ئێستا کە ترەمپ هاتووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا دەگاتە باکوور و ڕۆژاوا و باشوور ئومێدیان پێیەتی.
ئەگەر وایدانێین ئیدارەی نوێی ئەمریکا چاوی لە گەڕانەوە بێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی نەوت لە ئێراق و تەنانەت لە سووریاش، تا وەک خۆیان دەیڵێن لەدەست داعش و هاوشێوەکانی بیپارێزن، ئەوە ئاسانترین شوێن باشووری کوردستانە کە لەئێستاوە بەو کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکی و ڕۆژاواییانەی کاری تێدادەکەن نیوەی چانسی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی ترەمپ باسیکردی ڕەخساندووە. خۆی ڕاستییەکەشی کاتێک باسی نەوتی ئێراق دەکرێت کە بکرێ لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییدا بێت کەس بیری بۆ نەوتی بەسرە ناچێت، بەڵکوو یەکسەر بیری بۆ موسڵ و #کەرکووک# و هەرێمی کوردستان دەچێت.
ئێمە لە هەڵسەنگاندنی مێژووی خۆماندا ئۆباڵی بێدەوڵەتیمان بۆ نەبوونی سنووری دەریایی و هەبوونی ئەو نەوتە دەگەڕێنینەوە کە چەندین دەیە بە ئاگرەکەیەوە سووتاین، بەڵام وەک دەردەکەوێ لە هەزارەی نوێدا جگە لە بەخت و ئیقبالی باش ئەوە نەوتە کە دەتوانێت قەرەبووی بێ دەریاییەکەمان بۆ بکاتەوە. بەڵام نە نەوت و نەبەخت ناتوانن قەرەبووی ئەوەمان بۆ بکەنەوە کە هەڵە بکەین و بە سەرقاڵبوون بە کێشەی بچووکەوە هەلە مێژووییەکانمان نەقۆزینەوە. [1]