ناونیشانی بابەت: کۆرۆنا تێرمێکی نوێی بایۆتیرۆریزم یا کۆلۆنیالیزمێکی ڤایرۆسی؟
ئامادەکردن: #نیگار نادر#
بایۆتیرۆریزم (Bioterrorism) بریتییە لە ئەنجامدانی هێرشی بایۆلۆژی، لە ڕێگەی ناردنی ڤایرۆس، یا پەتای کوشندە، یا ژەهر و بەکتریایەکان، بە مەبەستی نەخۆشکردن و کوشتن، لەلایەن دەوڵەتێک یان تیرۆریستان و دوژمن و نەیارانی هەر دەوڵەتێکەوە، بەرانبەر دەوڵەتیکی تر. هێرشەکان ڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی ناردنی ڤایرۆسەکان، یان لەڕیگەی مرۆڤەوە و، مرۆڤ دەبێتە هەڵگریان و گوێزەرەوەیان، یان ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی ئاوی خواردنەوە، هەوا، خواردەمەنی، کەلوپەل و دەرمانەوە بڵاودەکرێنەوە .
بایۆتیرۆریزم، بە جۆرو شێوازی جیاواز، هەروەها بە پلان و تاکتیکی جیاواز، ئاڕاستە و هێرشی پێ ئەنجامدەدرێت، هەر لەبەرئەوەشە، زیاتر بە ڤایرۆسی سیاسی دەناسرێت، بە مەبەستی زەبر وەشاندن لە سیستەمی ئابووری و سەرچاوەی مرۆیی و گۆڕینی باڵانسی هێز و هەڵبژاردنەکان بەکاردەهێنرێت، هەروەها دەوڵەتان، ساڵانە بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی بایۆبەرگری (biodefense) ، بودجەی زۆر گەورە تەرخاندەکەن بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینەکان، لەبەر سەختی هۆکاری دەستنیشانکردنیان و پێشگیری و بەرەنگاربوونەوەیان ، هەر لەبەئەوەشە، کە هێرشی ڤایرۆسی بە یەکێک لە سەرەکیترین هەڕەشە و مەترسییەکان دەژمێردرێت کە ئامانجی تێکدان و زەبروەشاندنە لە ئاساییشی نەتەوەیی هەر وڵاتێک لە جیهاندا.
هێرشی بایۆتیرۆریزمی (ڤایرۆسی) ، بە بەراورد لەگەڵ هێرشی تیرۆرستی چەکداری ، مینڕێژی و تەقینەوەی بۆمب، بە یەکێک لە خەتەرترین هەڕەشەکان دادەنرێت لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و تێکدانی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و ئاساییشی تەندرووستیان ، هەر بۆیە زۆربەی بیرمەندان و سکۆلارەکانی ئاساییشی نەتەوەیی، پێیانوایە لە سەردەمی بەجیهانیبووندا، ئەگەری ڕوودانی ئەو هێرشە ڤایرۆسیە ، دە هێندە زیاترە لە ئەگەری ڕوودانی هێرشە تیرۆریستییەکان، و قوربانی زۆر زیاتریشی لێدەکەوێتەوە، هەڕەشەیەکی مەترسیدارو شاردراوەشە بۆ سەر ئاساییشی مرۆفایەتی.
لەو سەردەمەدا، دەوڵەتان شانبەشانی کڕین و درووستکردنی چەک و بنیادنانی هێزی بەرگرییان، بەردەوامن لە توێژینەوە و درووستکردنی تاقیگەی تایبەت بە ستانداری جیهانی بە مەبەستی بەرگریکردن لە هێرشی ڤایرۆسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بایۆتیرۆریزم و چەکی بایۆلۆژی. لەتاقیگە بایۆلۆژیەکاندا، چەندین جۆر ئامێری سەردەمی و تەکنۆلۆژی بەکاردەهێنن بۆ دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی هەر هەوڵێک کە گومانبکرێ ئەگەری هێرشی ڤایرۆسی و بەکتریاییە، و دەبێتە هۆی تێکچوونی باری تەندرووستی و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانیان، هەروەها ساڵانە ڕاپۆرتی پێشبینیکردنی ئەگەری گوماناویترین هێرشی چەکی بایۆلۆژی، دەخەنە بەر دەستی ئەنجوومەنی ئاساییش و دواتریش لایەنی پەیوەندیدار، بە پاراستنی ئاساییشی تەندرووستییەوە.
لە مێژووی ڤایرۆسەکاندا پاش تاعوون و کولێرا و گرانەتا و سیل، کە مەزەندە دەکرێت بە سەدان هەزارو ملیۆنەها مرۆڤیان کوشتبێت، لەساڵانی شەستەکاندا، ئایدز دیارترین ڤایرۆسە، کە مرۆڤایەتی تووشی ترس و هەژان کردبێت، دواتریش لەسەردەمی بەجیهانیبووندا، ئەنفلۆنزای باڵندەو بەرازو سارس و ئێبۆلا، لە شاشەی میدیاکانی جیهانەوە ڕاگەیەنران ، بەڵام دواتر زۆر بەخێرایی، بەبێ ئەوەی زیانی گەورە بدەن چارەسەریان بۆ دۆزرایەوە و نەبوونە جێگای زەندەقچونێکی جیهانی ، بەڵام ئەمجارەیان ئەوەی لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوتووە، پەیامێکی جیاوازتر بە جیهان دەدات، هاوتای جیاوازی سەردەمەکە، کە سەردەمی کۆلۆنیالیزمی تەکنۆلۆژیایە .
کۆرۆنای سەردەمی کۆڵoنیالیزمی تەکنۆلۆژیا, چرکە بە چرکە، لە چەندین جۆر سەرچاوەی میدیایی و سوشیال مێدیایییەوە، چەندین زانیاری درووستکراو و ئاڕاستەکراو و تەموومژاوی بڵاودەکەنەوە، کە سەدانبار خێرایییەکەی زیاتر و تیژترە لە خێرایی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە، و جیهانی بەگشتی تووشی تۆقاندنێکی سەرسوڕهێنەر کردووە. ئەوەی ئەو ڤایرۆسە لەوانی تر جودای دەکاتەوە، ئەوەیە کە کۆی ئاساییشی دەروونی مرۆڤەکان، ئەو جیهانەی پێکەوە شێواندووە، پەیامێکی ترسناکی بۆ ژیانی داهاتوومان هەڵگرتووە، کە جارێ درووست ناتوانرێ دەستنیشانبکرێت ، چونکە وەک چۆن سرووشتی ڤایرۆسەکە نادیارە و شێوەی خۆی دەگۆڕێ، بە هەمان شێوەش تا ئێستا پەیام و دەرهاویشتەکانی لە گۆڕان دایە.
=KTML_Bold=کۆرۆنا چ زەنگێکە؟=KTML_End=
کۆڕۆنا زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئەوەی بزانین لێرە بەدواوە ئەو جیهانە چەندە مەترسیدارە، بۆ ئەوەی تێبگەین هەموو سیستەمی ئاساییشی جیهانیی، سیستەمی تەندرووستیی جیهان ، سیستەمی بەرگریی دەوڵەتان، هەموو داهێنانە زانستییەکان، هەموو چارەسەرە پزیشکییەکان، دەرەقەتی ڤایرۆسێک نایەن کە بەچاو نابێنرێ. هەموو ئەو دژە ڤایرۆس و تاقیگەی پشکنین و چاودێرییانە ، سیستەمی پشکنینی سەر سنوورەکان، سیستەمی ناسا لە ئاسمان، ناتوانن بەرگری لەو ئیزرائیلە گچکەیە بکەن، کە سنوورەکان ناناسێ، و هاوشێوەی تۆڕی ئینتەرنێت بە جیهاندا ڕەگدادەکوتێت و مرۆڤەکان پیکەوە گرێدەدات.
بەدرێژایی مێژووی هاتنی پەتا و ڤایرۆسەکان، گومان لەسەر پەیدابوون و درووستکردن و سرووشتیبوونەکەیان هەبووە، هەندێکیان کە بە درووستکراو ناودەبرێن، بە مەبەستی قڕکردنی مرۆڤایەتی، وەک قڕکردنی نەژادی و دینی و سیاسی و ئابووری، لەنێوان دەستەڵاتدارە پانخوازەکانی ئەو جیهانەدا، سەریانهەڵداوە. بۆ نموونە ئایدز کە لە ئەفریقا سەریهەڵداوە، تا ئێستاش لەیبڵێکە بۆ مرۆڤە ڕەشپێستەکان، بەڵام تا ئێستا کۆڕۆنا زۆر ناڕوونە، ڕاستە لە چین سەریهەڵداوە، بەڵام سنووربەزاندنە تیژەکەی زۆر گوماناویترە.
لە ئێستادا دوای پیشەسازیی چەک درووستکردن و، پیشەسازی دەرمان درووستکردن، لە ترۆپکی پیشەسازییە قازانجبەخشەکانی جیهان دەژمیردرێن، لەبەرئەوە دوور نییە، چارەسەری کۆرۆناش بکەوێتە ناو ئەو بازنە سەرمایەدارییەی کە ئامانجی بێت قازانجێکی گەورەی لە داهاتوودا پێ گەرەنتی بکات، یان زەنگێک بێت بۆ پێکەوەبەستنی، تەندرووستیی مرۆڤەکانی هەموو جیهان و دەستەمۆکردنیان، بە هەڕەشەیەکی کوشندەی وەک کۆرۆنا لە داهاتوودا بە فۆرمێکی جیاوازتر.
هێرشی ئەو ڤایرۆسە ) کۆرۆنا) ، ئەوەندە کتوپڕە تا ئێستا هیچ لە زانا و فەیلەسوف و بیرمەند و سکۆلارەکانی جیهان، نەیانتوانیوە دیدی خۆیان بەزانستی و بەوردی لەسەر بوەشێنن، تەنیا هەندێک مەزەندە هەن کە ئایا سەرهەڵدانی شەڕێکی بایۆلۆژیی نوێیە؟ یان ئەوەتا تاکتیکێکە بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی ئیمپراتۆریەتی پیشەسازی و ئابووری ئەو جیهانە؟ یان تێکڕوخاندنی سیستەمی جیهانی و شکاندنی باڵانسی هێزە؟
لە ئێستادا هەموو ئاماژەکانی کۆرۆنا پێمان دەڵێن، کە جیهان بەگشتی خراوەتە کەرەنتینەیەکەوە و لەنێوان دووڕیانێکدا قەتیس ماوە، ئەویش: بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانییەکان و توقاندێکی گشتگیری جیهانی و کوشتنی بەکۆمەڵی هەزاران مرۆڤە، یان دۆزینەوەی دەرمانێکی چارەسەری دژە ڤایرۆسەکەیە و، بە مەبەستی قازانجێکی بازرگانی و ناساندنییەتی وەکوو فریادڕەسێکی گشتگیر بۆ ئەو جیهانە و هاوشێوەی جەنگی دژە-تیرۆر پاش 11ی سێپتەمبەر و سەرهەڵدانی #داعش# بە بیانووی پاراستنی سیستەمی ئاساییشی جیهان.
لە دووماهیدا بە دیدی من، لەو سەردەمە سەرمایەدارییەی نیولێبرالیزمدا بەتایبەت نیولێبرالیزمی ئابووری، کۆرۆنا کۆلۆنیالیزمێکی ڤایرۆسیی نوێیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی تەکنۆلۆژیا سەریهەڵداوە، لە سەرەتای یەکەمی ئەو سەدەیەوە، بە ئامانجی تۆقاندن و هەڕەشەکردن لەسەر ئاساییشی تەندرووستیمان. هەروەها چۆنییەتی خۆپاراستن و سەلامەت مانەوەمان، لەلایەن سیستەمێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە لە داهاتووشدا جیهان دەکاتە کۆلۆنییەکی تەندرووستی هێدمەگرتوو ، جەنگێکی بایۆلۆژی نوێ دەبێت، هاوشێوەی جەنگی دژە-تیرۆر لە جیهانێکی بێ سیستەمدا، کە کولتوورە ڕەسەنەکان دەهاڕێت، و لە داهاتووشدا ئاساییشی مرۆڤایەتی بەو جۆرە هەڕەشانە دەشڵەژێنێت، و دەیانخاتە ژێر کۆنترۆڵ و ڕکێفی خۆیەوە. [1]