ناونیشانی بابەت: 14ی تەمموزی 1958: شۆڕش بوو یان کودەتا؟
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
ڕەجەب عەبدولمەجید کە دوربینترین نەخشەکێشی شۆڕش بوو، دەیوت: کورد مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت، د.کەمال مەزهەر لەپێشەکی پەرتووکی شۆڕشی (14/تەموز/1958) لە ئێراق وا دەڵێت.
64 ساڵ لەمەوبەر، خەڵکی ئێراق بەبیستنی هەواڵی ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی و ڕاگەیاندنی سیستمی کۆماری بەخەبەرهاتن. پەرتووکی شۆڕشی (14ی تەمموزی 1958 لە ئێراق) لە نووسینی مافناس عەبدولقادر ساڵح، ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارە لەدوتوێی (250) لاپەڕەدا دەگێڕێتەوە. ئەم پەرتووکە لەبڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرێتی گشتی چاپ و بڵاوکردنەوەیە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری.
ئەم پەرتووکە لەدو بەش پێکدێت، لە بەشی یەکەمدا باسی کوورتەیەک لەمێژوی ئێراق و گرنگترین گۆڕانکارییەکانی پێش شۆڕشی چواردەی تەمموزو مێژوی ئەفسەرانی ئازادیخواز دەکات، لە بەشی دوەمیشدا گرنگترین دەرهاویشتەکانی شۆڕشەکە توێژینەوەی لەبارەوە کراوە، کە زیاتر باس لەدەرهاویشتە سلبیەکان کراوە.
=KTML_Bold=ڕەجەب و دەوڵەتی کوردی=KTML_End=
مێژونووسی ناسراوی کورد د.کەمال مەزهەر، لەپێشەکی ئەم پەرتووکەدا نووسیویەتی: ئایا ڕژێمی پاشایەتی وا گەندەڵ بوبوو تا لەناوبردنی ببێتە ئەرکێکی مێژویی ڕەوا؟ ئەگەروایە چی وای لە زۆرینەی دەستەبژێری وڵات کردووە خەون بەوەوە ببینن ڕەوڕەوەی مێژو بگەڕێتەوە بەرەبەیانی (#13-07-1958#) ؟
لەبارەی کارەکتەرەکانی شۆڕشەکەوە، مەزهەر دەڵێت ڕەجەب عەبدولمەجید کە دوربینترین نەخشەکێشی شۆڕش بوو، لەوە پەشیمان بوو کە بۆ بەرپابوونی شۆڕش کردی، ئەوم لە نزیکەوە دەناسی و ئەو قسەیەم لەخۆی بیستوە، هەروەها لەخۆیم بیستوە کە دەیوت: کورد مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت. دەربارەی عەبدولکەریم قاسمیش دەڵێت: پیاوێکی نیشتمانپەروەر و خاوێن و دڵساف و ساویلکە بوو، بۆ هەموو کارێک دەستی دەدا پەت پەتێن و فێڵ و فەرەجی سیاسەت نەبێت.
=KTML_Bold=لەقاهیرەوە بۆ بەغدا=KTML_End=
نووسەر، بەپشتبەستن بەچەندین سەرچاوە ئاماژە بەوەدەکات بیرۆکەی دامەزراندنی ئەفسەرانی ئازادیخواز کە سەرکردایەتی شۆڕشەکەیان کرد، بیرۆکەی ڕائیدی ئەندازیار ڕەفعەت حاج سری بووە. سری لە ئەیلولی (1952) بۆ یەکەمینجار دەستپێشخەری بیرۆکەی دامەزراندنی ئەفسەرانی ئازادیخواز بۆ هاوڕێی خۆشەویستی موقەدەمی ئەندازیار ڕەجەب عەبدولمەجید دەخاتەڕو، ئەمەش لەژێر کاریگەریی ئەفسەرانی ئازادیخوازی میسر کە لە (#22-07-1952#) شۆڕشیان لە میسر ئەنجام دابو.
هەروەها دەڵێت: سری ڕێگەی خۆشکرد بۆ درووستکردنی ڕێکخستنێکی پتە و لە سوپادا، کە ئەنجامەکەی لەو ڕێکخستنە بەهێزەدا خۆی بینییەوە کە بەسەرکردایەتی قاسم لە (1957) پێکهات.
لیژنەی باڵای ئەفسەرانی ئازادیخواز لەچواردە ئەفسەر پێکدەهاتن، هەموویان لەدایکبوی بەغدا بوون تەنیا سێ کەسیان نەبێت، باری داراییان لەیەک نزیکبو، هیچ یەکیان ماڵی نیشتەجێبوونی خۆیان نەبو، تەنیا عەقید ڕوکن ناجی تاڵیب نەبێت کە باوکی خاوەن زەویوزار بووە، هەموویان سوننی مەزەب بوون جگە لەناجی تاڵیب و موحسین حسێن حەبیب نەبێت کە شیعە بوون، قاسمیش دایکی شیعە بوو، بەڵام هیچ کات لە ژیانیدا شتێکی نەکردووە بەلای ئەوەدا بشکێتەوە شیعە بێت. یەکێک لەئەندامە کاراکانی لیژنەی باڵاش بەرەگەز کورد بووە، ئەویش عەقید ڕوکن محێدین عەبدولحەمید بووە و سەرۆکی کوتلەی ڕێکخستنی بەغدا بووە.
گرنگترین بنەماکانی کارکردنی لیژنەی باڵا بریتی بوون لە: لە کۆبوونەوەکاندا نووسین بەهەمو شێوەیەک قەدەغەیە، لە کاتی تەلەفۆنکردندا وشەی ڕەمز بەکاربهێنرێت، لایەنگیری نەکردن بەلای هیچ پارت و بیروباوەڕێکی سیاسیدا، لیژنەکە کەسی ڕانەسپاردبوو پەیوەندی بەوڵاتانی دەرەکییەوە بکات، ئاماژەیان بەکوشتنی مەلیک فەیسەڵ یان لێپرسینەوەی نەکردبو، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لەدەستگیرکرن و دادگایکردنی نووری سەعیدو عەبدولئیلا.
=KTML_Bold=دوانەی عارف و قاسم=KTML_End=
زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی باڵای ئەفسەرانی ئازادیخواز، لە سەرەتاوە وەرگرتنی عەبدولسەلام عارفیان ڕەتکردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی هەڵچونی بەردەوامی و متمانە نەبوون پێی، بەڵام قاسم بەرپرسیارییەتی دەخاتە گەردنی خۆیەوە و لەحوزەیرانی (1957) بەئەندام وەردەگیرێت.
نووسەر، ڕایدەگەیەنێت پلانی شۆڕش نەخراوەتە بەردەستی لیژنەی باڵا تا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵکوو لەلایەن قاسم و عارف و دەراجیەوە داڕێژراوە. بۆ ڕاستاندنی ئەم وتەیەش وتەیەکی عارف لە بەردەم دادگای باڵای سەربازیدا لە ڕۆژی (#31-12-1958#) دەهێنێتەوە، کە وتبوی: زەعیم قاسم پێیوتم با لەگەڵیاندا بۆ هەندێک قسە و باس لوتف بنوێنین، بەڵام لە بواری کاری یەکلاکەرەوەدا با لەنێوان هەردوکماندا بێت.
=KTML_Bold=شۆڕش یان کودەتا؟=KTML_End=
دوای ناساندنی شۆڕش و کودەتاو خستنەڕوی ئەنجامەکانی شۆڕشی چواردەی تەمموز، نووسەر دەڵێت: ئەوەی لە (14/تەموز) ڕویدا دوو کودەتا بوو، یەکەمیان بەسەر لیژنەی باڵادا کرا و لەناو نەخشەی شۆڕشدا هەڵیوەشاندەوە، دوەمیان بوو بەمایەی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشایەتی لە ئێراقدا.... لەڕاستیدا ئەوەی ڕویدا کودەتایەکی سەربازی بوو نەک شۆڕش، ئەم کودەتایەش کۆمەڵێک ئەفسەر پێی هەستان و پاش ڕاگەیاندنی شۆڕش خەڵکی لەدەوری کۆبوونەوە و لەگەڵیدا تێکەڵ بوون و پشتگیریان لێکرد و بەتەواوی سەریانخست.
قاسم و (55) نازناو!
نووسەر باس لەوە دەکات پاش سێ مانگ لە شۆڕش، شیوعییەکان نازناوی تاکە پێشەوایان لەقاسم نا، لە کاتێکدا قاسم لەو کاتەدا هێندە متمانەی بەخۆی نەبوو تاوەک دەسەڵاتێک حوکم بکات. هەروەها دەڵێت بە تێپەڕبوونی ڕۆژ و مانگیش هۆکارەکانی پڕوپاگەندە و ڕاگەیاندن زیاتر وەسفی قاسمیان دەکرد، تا ئەوەی (55) نازناوی بۆ دانرا لەعیملاقی تەمموزەوە هەتا سەرکردەی دنیایەکی نوێ.
بەبڕوای نووسەر، هەموو ئەو نازناوانە هێما بوون بۆ سەرهەڵدانی مەسەلەی شەخسپەرستی، دواتریش ئەو کارە بووە.ە سیمای گەلی ئێراقی و پێیدەناسرێتەوە، کە هەر خۆیان دیکتاتۆر درووستدەکەن و پاشان دەیڕوخێنن. لەوبارەیەوە دەڵێت هەر بۆیە دەبینین دیکتاتۆرێک دەڕوات و یەکێکی تر دێتە جێگەی. قاسمیش لەبەر ئەوەی سایکۆلۆجیەتێکی نەرجسی هەبو، ئەم بارەی قۆرغکرد بۆ زیاتر چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی و پیادەکردنی حوکمی تاکڕەوی لە ئێراقدا. [1]