ناونیشانی بابەت: $پێناسەکانی خۆکوژی لە کۆمەڵگەدا$
نووسین: #چیمەن جەوانڕوودی#
ناوەرۆک: کۆمەڵناسی
بە هەر جۆرە کارێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کە کەسەکە بە ئاگاییەوە بۆ گەیشتن بە مردن دەیکات دەڵێن خۆکوژی.
ئەم کارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زۆر کۆن و ژیانی کۆمەڵایەتی سەرەتایی مرۆڤ. کە هەر چەند لەلایەن خودی ئەم کەسەوە لەسەر خۆی دەکریت بەڵام کاردانەوەی تاکەکەسە لە بەرانبەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندیدارە بە ژیانی بە کۆمەڵی مرۆڤەکان.
ئەوەی کە لە پەیوەندی بە ئەم قەیرانە دەخرێتە بەر باس ئەم ڕاستییەیە کە خۆکوژی لەناو ناچێت، ڕێژەکەی ناگاتە سفر، بەڵکوو تەشەنەکردن و زیادبوونی ئاماری خۆکوشتن کە لە قۆناغێکی مێژوویی یا خود لەناو کۆمەڵگەیەکی تایبەت دا ڕوودەدات زۆر مەترسیدارە و کارەساتی بە دواوەیە.
پێشگرتن لە پەرەگرتن و کەمکردنەوەی ئاماری خۆکوشتن پێویستی بە کاری بنگەیی، خۆکوشتن تایبەت بە کۆمەڵگەیەک یاخود وڵاتێک نییە بەڵکوو لە هەموو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی بە شێوازی جیاواز دەبینرێ و یەکێکە لە 10 هۆکاری سەرەکیی مردن لە جیهاندایە.
دیاردەی خۆکوشتن و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەموو کات بووە بە هۆکاری زیان لێکەوتنی گەورە بۆ سەر جەستەی کۆمەڵگ، بە بێگومان باشترین و تەواوترین بۆچوون لەسەر کۆمەڵناسیی خۆکوشتن، لەلایەن دوورکهایم کەوتۆتە بەر باس.
دورکهایم سەبارەت بە خۆکوژی دەڵێت: (کۆمەڵگەیەکی کە بێ یەک دەست بوون و ڕێکخستن کردنی تاکەکان لەلایەن کۆمەڵگەوە ژیانی مرۆڤەکان دەشێوێنێت، لە ڕاستی دا ئەو لەم بڕوایە دایە کە پەرەسەندنی لەڕێدەرچوون و خەسارناسی لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا (زیاد بوونی ڕێژەی خۆکوشتن) لەسەر ئاستی یەک نەبوونی تاکەکان لەگەڵ کۆمەڵگە و ڕێکخستن نەبوون و پێکنەهێنانی داخوازییەکانیان، دەردەکەوێ. بە واتایەکی تر ئاڵقەی هاوبەشی هەموو جۆرە خۆکوژییەکان، پلەی یەکگرتوویی لەگەڵ کۆمەڵگەیە. دوورکهایم چوار شێوازی خەسارناسی دیاری دەکات.)
$شێوازەکانی خەسارناسی$
1. خۆکوشتنی خۆویستانە: تاک پەیوەندییەکی لاوازی لەگەڵ سیستەمی کۆمەڵایەتی خۆی هەیە، کە ئەمە دەبێتە هۆی هەست بەتەنیایی، گۆشەگیری و ڕۆچوون لە دەروونی خۆید، پەیوەندی و هاوسەنگی تاک لەگەڵ بنەماڵە زۆر کەمە.
2. خۆکوژی خۆنەویستانە (فیدایی): تاک خۆی فیدای گرووپ یان کۆمەڵگەکەی دەکات، ئەم جۆرە خۆکوژییە نیشاندەری ئاستی یەکگرتوویی پتەو گرێدراوی تاک بە گرووپی یەکەم و دووەمی کۆمەڵگە، هاوکاری و هاوسۆزی بە ڕێکخستنە جۆراوجۆرەکانە، لەم خۆکوژییەدا ئاستی چاوەدێری و زەختی گرووپ زۆر پێویستە.
3. خۆکوژی بەهۆی دژە نۆرمی کۆمەڵگە: هەر کاتێک تان و پۆی ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان لە یەکتر هەڵوەشێ، ئەوە چاودێر ناتوانێت بە باشی چاودێری لەسەر تاک بکات و دەست لە تاکەکان بەر دەدات، تاک لەناکاو لە گرووپ دەردەکرێت یان لەناکاو لەسەر کار لادەبرێت، خانەنشین دەکرێت، تەڵاق دەدرێت.
4. خۆکوژی لەسەر بنەمای قەزا وقەدەر: باوەڕ بە خێر و شەڕ و چارەنووس، کاردانەوەیە لە بەرانبەر بە زەختی لە ڕادەبەدەری یاسا و زیادەڕۆیی لە «یاسا و بڕیارەکانی کاردانەوە» بە چاوپیاخشاندن لەسەر چاودێری و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی توند کە تاک ناتوانێت هەلوومەرجەکەی بگۆڕێت وەکوو: (هاوسەرگیری بە زۆرە ملی، ناچار کردنی تاک بە قبووڵ کردنی عورفی و ئایینی) کە لە هێزی تاک دا نییە و ناچارە خۆکوژی بکات.
ماریس هالبوواکس قوتابی دوورکهایم بە کەڵک وەرگرتن لە ئاماری تازە زۆرێک لە بۆچوونەکانی دوورکهایمی پێ ڕاست بووە و بە بڕوای ئەو تەنیا هۆکاری خۆکوژی بۆشایی کۆمەڵایەتییە کە تاکەکەی داگیرکردووە. هەموو کۆمەڵگەیەک خاوەن هەلوومەرج و جووڵانەوەی بە کۆمەڵی، پێکهێنانی خۆکوژییە. کە بە سێ شێوەی جیاواز دەردەکەوێت.
$شێوەکانی خۆکوژی$
1. لە ڕێگای جیابوونەوەی تاک لە گرووپ (تاکگەرایی ڕەها)
2. لە ڕێگای گرێدانی لە ڕادەبەدەر بە گرووپ (لاوازی تاکگەرایی)
3. لە ڕێگای لەناو چوون لەناو قەیرانەکان (لاوازی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی)
پاوێل کە لەسەر بۆچوونی دورکهایمە، دژە نۆرمی وەکوو هۆکاری بنەڕەتی لە هۆکارناسی خۆکوژی دا پێناسە دەکات.
بەڵام هێنری و شوورت لەسەر خۆکوژی ئانۆمیک لێکۆڵین دەکەن و بۆچوونەکانیان لەسەر سێ بنەمایە:
1. ئاستی خۆکوژی لەناو کۆمەڵگەیەک پەیوەندی پێجەوانەی هەیە لەگەڵ پتەوبوونی سیستەم لەگەڵ ئەندامەکانی.
2. یەکگرتوویی سیستەمی پەیوەندی ئەندامەکانی کۆمەڵێک، پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ چوارچێوەکانی دەرەوەی چاودێری لەسەر کرداری ئەوان هەیە.
3. ئاستەنگییەکانی دەرەوەی چاودێر لەسەر کردار، پەیوەندی پێچەوانەی لەگەڵ پلەوپایەی ئەوان لەناو کۆمەڵگە دا هەیە واتا ڕێژەی خۆکوژی پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پلەوپایەی تاکەکان هەیە.
$بە گشتی لە چەند بنەما و بابەتەوە بۆچوونی کۆمەڵناسان لەسەر دژە نۆرمی و لە ڕێدەرچوون (وەکوو خۆکوژی) گشتی و هاوبەشن.$
1. نابێ بۆ بنەمای چەواشەکاری و خۆکوژی لە ناخی تاکدا بگەڕێی بەڵکوو لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و نیهاد و پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان دایە.
2. خاڵی کۆچکردنی ئەوان لە کۆمەڵگە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە.
3. هەستەکانی تاک لە بەرانبەر بە کۆمەڵگە هەڵدەسەنگێنێ.
4. خۆکوژی وەکوو هەر پەرچدانەوەیەکی دژە نۆرم، کارێکی داسەپێنراو و بابەتێکی نەویستراو بە ئەژمار دێت، لە بواری ئێپیستێمۆلۆژی.
$پۆرتا کە ئیتاڵییە خۆکوژی بەم جۆرە لێکدەداتەوە:$
1. هۆکاری خەسارناسینی دەروون -جەستە بریتییە لە نەخۆشی دەروون و جەستە.
2. هۆکاری ئابووری بریتییە لە بێکاری-کێشەی ماڵی-دەرکردن لە کار- لە دەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی- ترس لە فەقیری و شکستی ئابووری.
3. هۆکاری سۆزداری کە بریتییە لە هەست یان ئەوینی پێنەگەیشتوو، لە دەستدانی ئازیزێک یا خود مردن یان جیابوونەوە، کێشەی بنەماڵە و ژن و مێردایەتی، بنکەوتن لە وانە و قوتابخانە و هتد.
مۆرن لێکۆلەری فەڕەنسایی بۆ خۆکوژی ئەم خاڵانە دیاری دەکات
1. هۆکارە ڕێخۆشکەرەکان وەکوو هۆکاری سرووشتی: بارودۆخی هەوا، کۆمەڵ، جوگرافی، ژێنێتیک، پێکهاتەی زەینی و ئەزموونەکان.
2. نەخۆشی دەروونی وەکوو: دێپێرسیۆن، شیزۆفێرنی، وڕێنەی درێژخایەن.
$لە لێکۆڵینەوەیەکدا هۆکاری خۆکوژی لە پێنج بابەتدا باس دەکات:$
1. کەسایەتی و ئەزموونەکانی سەردەمی منداڵی وەکوو: لە دەستدانی دایک و باوک، بێبەش بوونی سۆزداری بۆ ماوەیەکی درێژ، گەورەترین و سەرترین منداڵی بنەماڵە، بەبینی و لە خۆڕوانینی نەشیاو و سەلبی، گۆشەگیری و ڕۆچوون لە ناخی خۆیدا.
2. هۆکارەکانی کولتووری: کاریگەریی میدیای گشتی، باوەڕییە ئایینییەکان.
3. یەکگرتویی کۆمەڵایەتی: کۆچکردن، دابڕان لە کۆمەڵگەی پێشوو و یەکنەگرتن لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ.
4. بارودۆخی ئابووری، فەقیری و نەخۆشی
5. نوێگەراییی تاک، شارنشینی، پیشەیی بوونی کۆمەڵگە، خوێندن.
$ هۆکار ناسی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان سەرنج دەدرێتە دوو گرووپ لە هۆکارەکان:$
1. هۆکارە بەستێن سازەکان.
2. ئەو هۆکارانەی کە ئاشکرای دەکەن.
-هۆکارە بەستێن سازەکان ئەو هۆکارانەی کە کەسێکی کە دەیەوێت خۆی بکوژێت، هاندەری دەبن. بەڵام لە لێکۆڵینەوەکان دا زۆرتر گرینگی بە هۆکارە دەرکەوتنەکان دەدەن و هۆکارە بەستێن سازەکان لە بەر چاو ناگرن.
هۆکارە بەستێن سازەکان زۆرتر لەناو ناخی خودی تاکەکەدا هەیە و لە ڕێگای جێنەکانەوە بۆ تاک دەگوازرێتەوە. لە شێوازی مانەوەی جەنین لەناو زگی دایکیدا، لە دایک بوون، سەردەمی منداڵی، گەشەکردن و شێواز و شوێنی پەروەردە کە هەموویان هۆکارێکن بۆ تێکشاندنی تاکەکەس.
-هۆکارە ئاشکراکان ئەم ڕووداوانەن کە لەوانەیە لە ژیانی تاکدا دەرکەون وەکوو: جیابوونەوە، مەرگی ئازیزان، کێشەی توندی خێزانی، شکست لە خوێندن، ئیشی زۆر و زەختی دەروونی قوورس.
کاتێک هۆکارە بەستێن سازەکان و هۆکارە ئاشکراکان بە یەکەوە بەرۆکی تاکێک دەگرن زۆر شتی جیاواز دەردەکەون، بە جۆرێک کە بە هەر ڕادەیەک کە ئەم هۆکارانە زیاتر بن زیان و زەرەرەکانی زۆر زیاتر لەسەر تاک دەردەکەوێت.
$هۆکار و هاندەرەکانی خۆکوژی$
1. کێشەی خێزانی و ژن و مێردایەتی، نەگونجاو بوونی هەلوومەرجی ژیانی بنەماڵە و پێگەی کۆمەڵایەتی.
2. کێشەی دەروونی شکست لە ناخی کەسەکە و تێکچوونی هاوسەنگی و کەسایەتی.
3. فەقیری، بێکاری، گیرۆدە بوون بە مادەی کهولی، هەلوومەرجی ئابووری نابەجێ و گرانی.
4. هەلوومەرجی تایبەتیی ژیانی شار بە تایبەت شارە گەورەکان کە تاک لە گەڵی ناگونجێت.
5. هەڵوەشاندنەوە و جیابوونەوەی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، فەقیری کولتووری و کۆمەڵایەتی، میدیاکان.
6. باوەڕییە ئایینی و نەریتییەکان وەکوو کوشتنی نامووسی و هتد.
7. نوێخوازی و تاکگەرایی.
8. کۆچ کردن و دابڕان لە کۆمەڵگەی پێشوو.
ئەڵبەت ، قۆناغی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووی وەستانی کاری پەرووەردە بۆ ماوەی سێ ساڵ خۆی هەڵگری نەخۆشی دەروونی بووە، ناتوانین لەبەر چاوی نەگرین، دەتوانێت هۆکاری تەشەنە سەندنی خۆکوژی لە زۆربەی وڵاتان جیهان بە تایبەت وڵاتانی ڕووژهەڵاتی ناوەڕاست بێت.
بەڵام خۆکوژی ژنان لە کوردستان زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ چەند بابەتی گرنگ لە وانە:
$بابەتی خۆکوژی ژنان لە کوردستان$
یەکەم: کۆمەڵگەی سوونەتی {قۆناغی سوونەت بۆ مودڕنییتە} بە لە پەراوێز خستنی ژنان لە زۆر لە بوارەکان دا، بە تایبەت لە بواری عاتفی بە شێوازی درێژخایەن.
دووەم: ئەزموون (تەجروبە)ی سەر دەمی منداڵی، بە داخەوە کچان زۆرتر هەستی پێ دەکەن.
سێیەم:بابەتی قەزاوقەدەر، کە بە شوودانی زۆرەملی، تەڵاقدانی ژن و جیابوونەوەی لە منداڵەکانی، سەر بە هەوێ بوون بۆ ژنان، ڕەش ڕوانینی دەروونی، نەبوونی متمانە بە خۆیی.
قەیرانی ئابووری، بێکاری، ناسەقامگیری کۆمەڵگە، ترس لە شکەست، ترس لە نەگەیشتن بە ئەوین، ترس لە تەمێبوون نەخۆشی دەروونی، پەروەردەی سەق و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەم یان خود هاوسەرگیری منداڵان.
ئەم هۆکارانە دەتوانێت زۆرترین هۆکاری خۆ کوژی کۆمەڵگەی کوردستان بێت، بۆیە پێویست بە کاری جدی لە هەموو بوارەکان دا هەیە، کە ئەمە ئەرکی سیستمی حکوومەتە لە بواری پەروەردە، تەواوی داموو و دەزگاکانی پەیوەندیدار، مزگەوت و مەئاگا و تێگەیشتووتر ، هەروەها هۆشیاری کۆمەڵگە و گەشەی مرۆویی لە تەواوی بوارەکاندا.
#31-07-2022#
[1]