ناونیشانی پەرتووک: تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان
ناوی نووسەر: #بەشار عەزیز#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
دەزگای پەخش: کتێبخانەی یادگار
ساڵی چاپ: 2024
ژمارەی چاپ: یەکەم
پەرتووکێکی یاساییە، لەلایەن پارێزەر بەشار عەزیز، نووسراوە و کتێبخانەی یادگار لە سلێمانی چاپی کردووە، یەکێکە لە پەرتووکە دەوڵەمەندەکان لە ڕووی بابەت و سەرچاوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لە بوارەکەی خۆیدا.
تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە 290 لاپەڕە پێکدێت، بەسەر چوار بەشی سەرەکیدا دابەشکراوە..
لە بەشی یەکەمدا لە دەروازەی یەکەم پێناسەی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕووی زانستی و یاسایی و ئایینی کراوە، بەو پێیەی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕوانگەی ئایینیشەوە حەرام و ڕێگە پێنەدراون، هەروەها جیاوازی نێوان ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵی و پێشینە کیمیاییەکان باس کراوە. لە دەروازەی دووەمدا مێژووی ماددە هۆشبەرەکان و سەرەتای سەرهەڵدانی خراوەتەڕوو.
پاشانیش لە دەروازەی سێیەم جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان باس کراوە و چەند نموونەیەک لەو ماددانە باس کراوە، تا زیاتر خوێنەر بەو ماددە هۆشبەرانە و جۆرەکانی ئاشنا ببێت، لەگەڵ خستنەڕووی مەترسییەکانی لەسەر مرۆڤ. پاشانیش هەر لەم دەروازەیە باس لە هۆکاری قەدەغەبوونی ماددە هۆشبەرەکان کراوە.
لە بەشی دووەمی پەرتووکەکەیدا نووسەر باسی لە سیاسەتی بە تاوانکردنی ماددە هۆشبەرەکان کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا لە دەروازەی یەکەم حیکمەتی بە تاوان دانانی ماددە هۆشبەرەکانی خسووەتەڕوو لەو چوارچیوەیەشدا بە گشتی باس لە زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان کراوە و پاشانیش تایبەتمەندییەکانی تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان خراوەتەڕوو.
لە دەروازەی دووەمی بەشی دووەمی ئەو پەرتووکەش باس لە کۆڵەگەکانی تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان کراوە، تا بینەر زیاتر بە کۆڵەگە و ڕەهەندەکانی ئەو تاوانانە ئاشنا ببێت و زیاتر ڕوونبێت کە چی کردەوەیەک دەبێتە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان.
بەشی سێیەمی ئەم پەرتووکە، ئاسانکاری زیاتر دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نووسەر و تێیدا باس لە ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، لەو چوارچێوەیەشدا دەروازەی یەکەم باس لەو ڕێککەوتننامە و هەوڵە نێودەوڵەتییانە دەکات کە لەلایەن کۆمەڵەی گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە تایبەت بەستراون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان. پاشان لە دەروازەی دووەمدا، ڕێکارە خۆپارێزی و چارەسەرییەکانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان خراونەتەڕوو و وردتر چووەتە نێو دەقەکانی سێ ڕێککەوتننامەی سەرەکی، کە ئێستا ئەو ڕێککەوتنانە وەک بنچینەی یاسای نێودەوڵەتی بەرکارن و بنەمای یاسای نێوخۆیی وڵاتانیشن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
نووسەر لە بەشی چوارەمی ئەم پەرتووکەدا هاتووەتە سەر مەبەست و ئامانجی سەرەکیی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵی و پێشینە کیمیاییەکانی لە ھەرێمی کوردستان-ئێراق ژمارە 1 ی ساڵی 2020 ی خستووەتەڕوو، بەڵام نەک تەنیا وەک دەقی یاساکە، بەڵکوو شرۆڤەیەکیشی لەگەڵدا کراوە و کۆی بەشەکانی ئەم یاسایە خراونەتەڕوو، بە سەرنج و تێبینی و شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی خاڵە ناڕوونەکانی دەقەکانی ئەم یاسایە. پاشانیش خشتەکانی ماددە هۆشبەرەکان کە هاوپێچن لەگەڵ یاساکە.
نووسەر لەبارەی پەرتووکەکەیەوە ئاماژەی بەوەداوە ئەوەی لەم پەرتووکەدا گرنگە، لە بەشی چوارەم و هاوکات لەگەڵ باسکردنی سزای تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، ئاماژە بە چەندین بڕیاری دادگەکانی کوردستان کراوە، کە دەربارەی تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەرکراون، ئەمە گرنگییەکەی لەوەدایە کە پراکتیزەکردنی بڕیارەکانی دادگاکانی کوردستان بۆ ئەو یاسایە خراوەتەڕوو. هەروەها چاوپێکەوتنی لەگەڵ یەکێک لە سزادراوانی ماددە هۆشبەرەکاندا کردووە، لە دووتوێی ئەم پەرتووکە چاوپێکەوتنەکەش خراوەتەڕوو.
وەک نووسەر ئاماژەی پێکردووە، لە ئامادەکردنی ئەم پەرتووکە، زیاتر لە 100 سەرچاوە، بە کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، لە پەرتووک و توێژینەوەی زانستی و نامەی دکتۆرا و ماستەر و وتار و زانیاریی پێگە ئەلیکترۆنییەکان و چاوپێکەوتن بەکارهاتوون.[1]