هەموو شتێک بەستبووی
سەرما گوێزان بوو کاتێ بۆ دەرمان کڕین چووم بۆ بازار
من پاڵتۆی ئەستور و گۆرەوی بەن و بوتێکی چەرمی ناو لۆکەم لە پێدا بوو
کلێتەیەکی خوری
دەستەوانەیەک لە سویدەوە بە دیاری بۆم هاتبوو
لێ کوڕێکی پارچەڵەی گۆرەوی فرۆش گوێیەکانی بوبون بە پۆپیتەی کەڵەباب،
کەچی خۆی گۆرەوی لە پێدا نەبوو.
هەناسەی بەستووی شێلم فرۆش و هەڵمی مەنجەڵەکە، وەک دوو پەڵە هەوری تەنک و سپی تێکەڵ دەبوون.
منداڵی عەللاگە فرۆش پەنجەکانیان دە چلوورە بوون، چاوەڕێ بوون گەرمایی بیست و پێنج هەزارییەک، تاوێ پەنجەکانیان گەرم بکاتەوە
پیرەمێردەکە ، چەن تەسبیحێکی سەرما بردووی بە بازنەی دەست و باسکیدا شۆڕ کردبوەوە و خۆی دابووە بەر سواندەی دوکانێک
گەنجە بۆیاغچیەکان بێ ئیش لەسەر تەختەی تەڕدا دانیشتبوون، سەیری پێڵاوی ئەو ڕێبوارانەیان دەکرد، کە بەڕاکردن بەبەر دەمیانا تێدەپەڕین.
ژنە بە ساڵاچوەکە کە گونیەک گوێزی لەبەردەما بوو، زمانی گۆی نەدەکرد تا دەنگ هەڵێنێ و بڵێ گوێز، گوێزی هەورامان
بە تای کراسێکی سپی دەسوڕایەوە، کەچی کۆنە قەمسەڵەیەکی بەسەر دەستەوە بوو و هەرزان فرۆشی دەکرد.
هەموو شتێک بەستبووی، تەنانەت ویژدان و بەزەییش.
چووم بۆ ناو شار تاچەند پاکەتێک حەب بکڕم
حەبی شەکرە و
پڕۆستات و
دڵ.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]