دایکم حاشام لێ دەکات
هەرگیز حەز ناکەم دایکم زیندوو بێتەوە چونکە گەر بزانێ؛
ژنێکی سفورم هێناوە نەک ژنێکی حیجاب پۆش
مزگەوتم تەرک کردووەو نیوە شەوان بەسەرخۆشی لەمەیخانە دەگەڕێمەوە ماڵێ
حەز ناکەم زیندوو بێتەوە چونکە بزانێ؛
کچەکانم قژ پەخشان دەکەن و تەنوورەی کورت دەکەنە پێیان.
خوشکەکانم بە نەخشی خودا ڕازی نەبوونە و کەپوو و لچ و لێویان دەسکاری کردووە.
نامەوێ زیندوو بێتەوە چونکە
بزانێ؛
ماڵەکەم نە بەرماڵێکی تێدایەو نە سیواکێک و نە مەسحەفێک
بە دیواری هۆڵی شوقەکەما ، تابلۆی ژنێکی ڕووتم هەڵواسیوە.
کوڕەکەم بازنێکی ئاڵتونی کردۆتە دەستی و سەرقاڵی کەمانچە ژەنینە
نەوەکانم ناوی هەموو گۆرانی بێژەکان دەزانن و کەچی ناوی خەلیفەیەکی ڕاشید نا..
بزانێ؛
من گومان دەکەم کە کتێبە پیرۆزەکان لە ئاسمانەوە هاتبنە خوارێ،
حاشام لێ دەکات و جارێکی تر سەرناکا بەماڵەکەی مندا.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]