چارەکە شەراب
لەسەر لاتەختی باخچەیەک دانیشتووم
ساقۆیەکی ڕەشم لەبەردایەو
بە ملپێچێکی سوور ، ملم پێچاوە
درەختێک کە واتێدەگەم سوورە چنارە، دەم نا دەم پارچە زیوی سووک سووک هەڵدەداتە خوارێ
هێندێکیان دەکەونە تەنیشتم
هێندێکێش بەر شان و سەرم دەکەون و پاشان بەردەبنەوە بەر پێم
کزەباکە، زۆر بە هێواشی تێ دەپەڕێ، هێزی ئەوەی تیا نییە، گەڵا ڕژاوەکان لە قوژبنی باخچەکەدا، خڕ بکاتەوە
لەپڕ بەتەنیشت خۆمەوە لای ڕاست، گوێم لە خشپەیەک بوو
کە ئاوڕم دایەوە مانگ بوو
دابەزیبوە خوارێ ،ئامێزم تێوەرینا و ڕوومەتە تەزیوەکانیم ماچ کرد
بە قەڵەمە
ماجیکەکەم کە پەمەیی ڕەنگ بوو؛
دوو چاو و
لووتێکی خنجیلە و
دەم و لێوێکی گۆشتن و
جووتێ مەمکی قیتم ،
بۆ کێشا
دەنا پێشتر مانگ
چاوو
کەپوو و
دەم و
مەمکی نەبوو.
پێی گوتم تۆ لە من تەنیاتری قوباد!
جار جارە ئاوڕێکم لە دواوەی خۆم دەدایەوە، چارەگە شەرابەکەم لە گیرفان دەردەهێنا، دوو قومی بە پەلەم لێ دەدا و دەستم دەخستە سینگی مانگ و لێوە گۆشتنەکانیم دەمژی.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]