=KTML_Bold=چەند پێناسەیەکی کوورتی کلتوور=KTML_End=
#محەمەد شوانی#
لەبارەی فرەجۆری کلتوورەوە، بە قەد جیاوازی کۆمەڵگەکان جیاوازی کولتووریش هەیە، چونکە جگە لە سیما سرووشتییەکان (ئەوەی پەیوەندی بە پێکهاتەی بایۆلۆجی هەیە)، ئەوەی کۆمەڵگەکان لەیەک جیادەکاتەوە جیاوازی کلتوور و وردە-کلتوورە. لەبارەی پێناسەوە، یەکەم پێناسەیەک بۆ کلتوور کرابێت، پێناسەکەی مرۆڤناسی بەریتانی “ئەدوارد تایلەر”ە، کە دەڵێت “کلتوور بریتییە لەو گەشتە ئاڵۆزەى کە زانیارى و بیروباوەڕ و ئاکار و فەلسەفە و هونەر و هەموو ئەو توانایانەش دەگرێتەوە کە تاک لە کۆمەڵگەکەیدا وەری دەگرێت بەو پێیەى کە ئەندامە تیایدا”.
کۆمەڵناسی بەریتانی، ئەنتۆنی گیدینز، لە پێناسەیەکی کۆمەڵناسیانەدا دەڵێت کلتوور “بریتییە لەو کۆمەڵە بەهایەی کە ئەندامانی کۆمەڵگەیەک هەیانە و ئەو کاڵا ماددیانەی کە درووستی دەکەن، یاسا و ڕێسایەک کە پەیڕەوی لێ دەکەن و ئەندامانی کۆمەڵگەکە فێرە دەبێت و نابێ دەکەن”.
هەندێک جار لە پێناسەیەکی زۆر کوورتدا دەڵێن کلتوور بریتییە لە “ڕێگای هاوبەش و شێوازی پێکەوەیی ژیان”، یان کلتوور بریتییە لە شێوازی ژیانی هەر کۆمەڵگایەک، ئەم شێوازی ژیانە لەناو زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا سەری هەڵدا، جگە لە ئەنترۆپۆلۆجیا لە بوارەکانی تریشدا بەکار دەهات. بۆ نموونه، لویس وێرس لە بارەی شارنشینییەوە دەڵێت “شارنشینی وەکوو شێوازێکی ژیان بەسەربردن، وەکوو جۆرێک لە کلتوور، ئاماژەیە بە جیاوازی نێوان کولتووری شارنشینی و کولتووری لادێیی.
کلتوور دیاردەیەکى مرۆییە، ئەرکێکی ناسنامەیی و کۆمەڵایەتیى هەیە. هەردوو زانای ئەمریکی “کرۆبەر و کلاکهون” زیاتر لە سەد و شەست پێناسەیان بۆ کلتوور ڕیز کردووە. زۆریی پێناسەکان تا ڕادەیەک بوونەتە مایەی لێڵ کردنی بابەتەکە نەک ڕوون کردنەوە و ڕۆشن کردنی. دەبینین بەشێکی زۆری ئەو پێناسانە پەیوەندیان بە شارنشینی و شێوازی ژیانی مەدەنیانە و شارستانییەتەوە هەیە.
یەکێک لەو پێناسانەی لە دوای پێناسە باوەکەی تایلەر زۆر دەگوترێتەوە بریتییە لەو پێناسەیەی کە دەڵێت “کلتوور بریتییە لە کۆی دەستکەوتە ماددی و مەعنەوییەکانی مرۆڤ، کە لە ڕێگای بە کۆمەڵبوون و پێکەوەژیانەوە بە دەست دێن و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمی دێنن و لە یادەوەریاندا دەمێنێتەوە”. لێرەدا جەخت کراوەتە سەر داهێنراوەکانی مرۆڤ، ئەوانەی خودی کۆمەڵگە خۆیان درووستی دەکەن چ ماددی بن یان مەعنەوی، کە ژیانی کۆمەڵایەتی دەیانخوازێت و پاڵنەری داهێنان و درووستکردنیان پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانە. هەر ئەم داهێنراوانە، دواتر دەبنە بەشێک لە یادەوەری تاکەکان و ئاڕاستەیان دەکەن. مەبەست لێیان بەرهەم هاتووەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییە، ئەو پەیوەندییەی لەنێوان واقع و هزری مرۆڤەکاندا هەیە، خۆیان واقعێک درووست دەکەن، دواتریش ئەو واقعە دەبێتە قاڵبێک و دەکەوێتە دەرەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و وەکوو بوونێکی بابەتی کاریگەریی دەخاتە سەر کۆمەڵگە و ئاڕاستەی دەکات. ئەمە ئەو پەیوەندییە دیالەکتیکییەیە لەنێوان سەرخان و ژێرخاندا هەیە کە کارڵ مارکس لە ڕاڤە و شرۆڤەکانی کۆمەڵگەدا ئاماژەی پێکردوون.
لە پێناسەیەکی تردا هاتووە کلتوور بریتییە لە کۆی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکان و ئاڕاستە دەروونییەکان و بەرهەمی ماددی و زەینی هەر کۆمەڵگەیەک کە دەبێتە ناسنامە و تایبەتمەندییان. لەم پێناسەیەدا جەخت کراوەتە سەر لە قاڵبدانی ڕەفتاری تاکەکان، سنووردانان و درووستکردنی ئاڕاستەی دەرو�%