هەوار ئیسماعیل
بەپێی توێژینەوەیەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی کۆمەڵایەتیی سیاسی، تەنیا 42.2%ی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ماڵەکانی خۆیاندا بە کوردی قسە دەکەن؛ ئەوانی دیکە، کە نزیکەی 60%ن، بە تورکی دەئاخڤن.
ئەم ناوەندە لە ڕۆژانی 2 بۆ 9ی ئایاری ئەمساڵ2024 بە بەشداریی 1276 کەس لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر قسەکردن بە زمانەکانی دایک، بێجگە لە تورکی، کردووە.
توێژینەوەکە لە شارەکانی ئامەد، ڕووها، خارپێت، دیلۆک، مێردین، وان، ئێلیﮪ، شرنەخ و ئاگری لە باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، کۆجائەلی، ئانتاڵیا، چاناککالە و مێرسین لە تورکیا کراوە.
بەپێی ئەنجامەکان، تەنیا 42.2%ی کورد بەردەوام لە ماڵەکانیاندا بە کوردی قسە دەکەن، 17.7% هەندێکجار بە کوردی قسە دەکەن و 9.1% هەرگیز بە کوردی قسە ناکەن.
پیاوان زیاتر بە کوردی قسە دەکەن
بەپێی توێژینەوەکە، ژنان کەمتر لە پیاوان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، بە شێوەیەک کە 46.3%ی پیاوان و 35.9%ی ژنان لە ماڵەوە بە زمانی کوردی قسە دەکەن.
ڕێژەی قسەکردن بە زمانی دایک لەنێو کەسانی تەمەن مامناوەنددا زۆرترینە و لە کەسانی سەروو 65 ساڵ زیاترە؛ هەروەها هەرچەندە زمانی دایکیان تورکی نییە، بەڵام 18.8%ی خێزانەکان لە ماڵەکانیاندا بە زمانی تورکی قسە دەکەن، 46%ی خێزانەکان هەم بە زمانی دایک و هەم بە زمانی تورکی قسە دەکەن، ئەمەش بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە.
بە گشتی 64.8%ی خێزانەکان لە ماڵەوە بە زمانی تورکی قسە دەکەن، 70%ی ئەوانەی زمانی دایکیان تورکی نییە، لەسەر شەقام بە تورکی قسە دەکەن، هەروەها لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ژنان زیاتر لە پیاوان بە زمانی تورکی قسە دەکەن.
لە هەر پێنج کەس، یەک کەس زمانی دایکی خۆی نازانێت
21.9%ی ئەو هاووڵاتییانەی زمانی دایکیان تورکی نییە، زمانی دایکیان نازانن و 78.1%ی ئەو هاووڵاتییانەی زمانی دایکیان تورکییە دەڵێن، ئێمە بە باشی لە زمانی دایکمان تێدەگەین. 40.5% گوتوویانە، ئێمە بە دەگمەن یان هەرگیز بە زمانی دایکی خۆمان قسە ناکەین. 50.9% دەڵێن، ناتوانین بە زمانی دایکی خۆمان قسە بکەین و 58.9% دەڵێن، دەتوانین کەم بنووسین یان بە هیچ شێوەیەک بە زمانی دایکی خۆمان نەنووسین.
لە توێژینەوەکەدا پرسیار لەبارەی هۆکاری تێنەگەیشتن و قسە نەکردن بە زمانی دایک کراوە، 38.6%ی بەشداربووان گوتوویانە، چونکە کەس لە ماڵەوە قسە ناکات، ئێمە فێر نەکراوین و فێر نەبووین. 37.1% دەڵێن، تەنیا زمانی فەرمییان فێرکردووین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی جیاکاری نەبینەوە. هەروەها 38.7%ی بەشداربووان گوتوویانە، چونکە ناتوانم بە باشی زمانی دایکی خۆم قسە بکەم، قسە ناکەم. 33.9%ی بەشداربووان گوتوویانە، قسە ناکەم، چونکە لە ماڵەوە و دەوروبەرم کەس قسەی پێناکات. 24.2%ی بەشداربووان دەڵێن، چونکە هیچ قوتابخانە و سەرچاوەیەک نەبووە کە زمانی دایکمی تێدا فێربم، فێری نەبووم و ناتوانم قسەی پێبکەم.
باوکان زیاتر لە دایکان بە زمانی دایک قسە دەکەن
بەپێی توێژینەوەکە، 61.8%ی دایکان و 63.4%ی باوکان بەگشتی بە زمانی دایک قسە دەکەن. لە خێزانەکاندا قسەکردن بە زمانی دایک لەگەڵ تەمەندا کەم دەبێتەوە. لەنێو منداڵانی تەمەن 0-5 ساڵ، 42.9%یان بە هیچ شێوەیەک زمانی دایکی خۆیان نازانن و 19.6% زۆر کەم دەزانن. لەنێو منداڵانی تەمەن 6-11 ساڵدا، 41.4%یان بە هیچ شێوەیەک زمانی دایکی خۆیان نازانن و 21.5%یان زۆر کەم دەزانن. لەنێو منداڵانی تەمەن 12-17 ساڵدا، 38.3%یان بە هیچ شێوەیەک زمانی دایکی خۆیان نازانن و 25.4% زۆر کەم دەزانن. لەنێو کەسانی تەمەن 18-24 ساڵدا 25.2%یان بە هیچ شێوەیەک زمانی دایکی خۆیان نازانن و 20.6% زۆر کەم دەزانن. 67.2%ی خێزانەکان هەوڵدەدەن منداڵەکانیان فێری زمانی دایک بکەن.
98% داوای خوێندن بە زمانی دایک دەکەن
98.4%ی خێزانەکان دەیانەوێت منداڵەکانیان بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە بکرێن. 32.8%ی خێزانەکان داوای وانەی بژاردەی کرمانجی و زازاکییان بۆ منداڵەکانیان کردووە، 16.4%یان ڕایانگەیاندووە پۆلی زمانی دایکی بۆ منداڵەکانیان کراوەتەوە، هەندێکی دیکەش ڕایانگەیاندووە، بە هۆکاری جیاواز پۆل نەکراوەتەوە. 99.4%ی بەشداربووان لە وەڵامی پرسیاری، دەتەوێت زمانی دایکی خۆت بپارێزیت و پەرەی پێبدەیت؟ گوتوویانە، بەڵێ.
لە توێژینەوەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە، بەڕای ئێوە گەورەترین مەترسی لەسەر زمانی دایکتان چییە؟ 52.5% گوتوویانە نەبوونی پەروەردەی زمانی دایک. 17.4% دەڵێن، قسەکردنی خێزانەکان بە زمانی تورکی لەگەڵ منداڵەکانیان. 17.4% گوتوویانە سیاسەتی ستەم و تواندنەوە.
لە لێکۆڵینەوەکەدا پرسیار کراوە، بە بۆچوونی ئێوە چی بکرێت بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک؟ 36.1%ی بەشداربووان گوتوویانە، دەبێت زمانی پەروەردە بێت. 29.6% گوتوویانە، پێویستە بە یاسا پارێزراو بێت. 16.5% دەڵێن، دەبێت زمانی فەرمی بێت و 12.5% دەڵێن، خێزانەکان پێویستە منداڵەکانیان فێری زمانی دایک بکەن.
لەبارەی جیاکاری بەرانبەر زمانی ناتورکی، پرسیار لە بەشداربووان کرا؛ زۆرینەیان ڕایانگەیاند، لە ژیانی ڕۆژانە و لە دامودەزگاکانی حکومەت و لە سۆشیال میدیا بەهۆی زمانی دایک جیاکارییان لەگەڵ دەکرێت. ئەو هاووڵاتییانەی زمانی دایکیان تورکی نییە، لە دامودەزگاکانی حکومەتدا ڕووبەڕووی زۆرترین جیاکاری دەبنەوە.
بەپێی وەڵامەکان ڕێژەی جیاکاری بەم شێوەیە:
بەڵێ هەندێکجار
لە دامەزراوە حکومییەکان: 77.7% 11.6%
لە دامەزراوە تەندرووستییەکان: 62.1% 23.5%
لە دامەزراوە پەروەردەییەکان: 75.9% 13%
لە بواری گواستنەوەدا: 40.4% 28.5%
لە کۆنسێرت و ئاهەنگەکاندا: 61.1% 19.4%
جلوبەرگ: 47.5% 19.6%
جەژن و ئاهەنگەکان: 48.6% 20.5%
ژیانی کۆمەڵایەتی: 31.2% 31.3%
سۆشیالمیدیا: 46.6% 26.6%
لە شوێنی کار: 48.4% 22.7%
لە شارەکەدا: 28.7% 27%.[1]