#مەریوان#م
مەریوانە مەکانی مەهروخانە
مەریوانە وەکوو باخی جینانە
مەریوانە بەهەشتی ڕووی زەمینە
مەریوانە کە نایابی جیهانە
برا سەر چەشمەکەی وەک سەلسەبیلە
بە عەینی خاکەکەی فەردی زەمانە
لەناو ئەو دەشتەدا گۆلی زرێبار
نموونەی چاوی لیلی عاشقانە
هەوایێ موعتەدیل، کوێستانی پڕ گوڵ
بەمل باقی وڵاتا، ئاسمانە
بەهەشتە ئاو و خاک و باو و ئەرزی
کچانی حور و کوڕ غیلمانیانە
ئەمە زۆر فەخرە بۆ خاکی مەریوان
موئەڕیخان ئەڵێن جێی ئاردەڵانە
ئەمیر حەمزە و هەڵۆ خان و قوباد بەگ
یەکا یەک جێگە دەسیان تیا نیشانە
جەنابی ناری فەرمووی خاکی ئێمە
قەدیم تا ئیسە جێگەی شاعیرانە
خەیاڵی و شێخ سەعید و خاتوو خورشید
مەلا ئابی کە شیعری چەن جوانە
فەریق و ناری هەر دوو بەحری عیلمن
لە گشت لایەک هونەرهایان عەیانە
بە فارسی و عارەبی و کوردی و تورکی
بە چوار زمانە ئەدەبیاتیان عەیانە
لە قەڕنی پیشوا کاری مەریوان
موحەققەق خارجی شەرح و بەیانە
زمان کوا قووەتی شەرحی ئەدا کا
قەڵەم کەی قابلی ئەو داستانە
بە هیچ قانع هەموو وەسف و سەناکەت
کە ئێستە مەنزڵی بێگانەکانە
پەرتووک: #گوڵاڵەی مەریوان#
هۆزانەوان: #قانع# [1]