دڵ دەڵێ یاری تەڕ و شۆخی جوانم گەرەکە
دۆشەکی نەرم و شل و دەستە ملانم گەرەکە
نەزەری دوور و خەیاڵی پڕ و پووچم ناوێ
خەمی ئەبرۆی سیەهی حەڵقە کەوانم گەرەکە
مەکر و ئەفسووسی ئەم و ئەو لە نەزەرما هیچە
بۆقی نەی دەنگی دمەک، ساز و جەقانم گەرەکە
داو و تەزویری درۆزن بە چ کارم نایەت
زبڕە زبڕی شەوی تاریک و نیهانم گەرەکە
لابە تەسبێحی دووسەد دانە لەبۆ ئیشی ڕیا
قەهقەهەی خۆنچەدەم و چاوی جوانم گەرەکە
گەر بڵێن کەیفی ئەتۆس هەرچیت ئەوێ حازرە بۆت
سمتی خرتی شلکی دوختەری خانم گەرەکە
قانعی وردی شەو و ڕۆژی ئەمەس هەر ئەیڵێت
ڕوومەتی سوور وخڕی ئافەتی جانم گەرەکە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]