باری نەگبەت تا بە کەی لەم جادەیی عوریانییە؟
بۆ هەموو کەس ئەم زەمانە نوبەتی ئینسانییە
غیرەتی کوردی نەمێنێ وا نەما قەدری وەتەن
کێ فرۆشتی ماڵی بابی قەت بە ئەم هەرزانییە؟
چاوگەکەی خاکی وەتەن پڕ بوو لە زیخی موغرزی
با بە قەنناتی سداقەت دەر بدەین ئەم کانییە
بیرکەنۆ بۆ خاتری جەمشید و ئەیووبی وەلی
بۆچی دەس هەڵناگرن لەم بێ سەر و سامانییە
هەرکەسێ بۆ خۆی بەجارێ بوو بە پیاو و هاتە ڕیز
ئێمە پەستین گشت خەتای بێ مەکتەب و عیرفانییە
فکری کوردی ئینحساری دوو شتە و هیچێکی تر
یا کەری پیاوی نەفامە یا خەریک شەیتانییە
قانعی هەر وەختێ ئەمرێ هیچ نەخۆشینی نییە
غەیری زووخاوی نەزانی و وەرهەمی کوردانییە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]