سەری کۆنەم خەریکی تازە دەردە
سورشکم گەرم و ئاهم خەیلێ سەردە
بحمد الله تەناسوب هەس لە بەینا
لە خەم تاقم لە حوسنا یار فەردە
وەکوو قەوس و قەزەح هەڵدێن لە وەسڵا
لەبی ئاڵ و لەبم پڕ بار و زەردە
عەجەب ماون کە دووسەد پێکۆ نابن
کەچی باڵای وەکوو گوڵ قەلبی بەردە
وەکوو حاتەم لە بەخششدا بە ئەعدا
لەبەر چی وا لەبەختی ئێمە ڕژدە
وتم ئەی گوڵ لە ئاهی من حەزەر کە
وتی عەنقا چ خۆفی هەس لە جەردە
لە دەشتی عیشقبازی یار، قانع
عەجەب شیرین سوارێکی نەبەردە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]