گەرچی خۆم شێتی زەمانم فیکرەکەم لوقمانییە
وەحشی و سەرمەست و گێژم خولقەکەم ئینسانییە
گەر جەسەد لابەی خەیاڵم سەد ئەرەستوو پەست ئەکا
قەت لە زاهیر تێ مەفکرە سورەتم شێخانییە
هەر بەوا بمزانیایە کاکی کوردم کەوتە ژێر
لاوی خوێن گەرمم خەریکی ئیشی ناکۆڵانییە
مردنم چاکە عەزیزم بیژەنی خەسرەونژاد
ئێستە مەحکوومی چەپۆکی جوولەکەی کاشانییە
ناوی قانوون و عەداڵەت هەم پڵاوی خانەقا
ئیسمی بێ جسمە سەراسەر کردەیی شەیتانییە
چون زەمانە خۆی هەڵە و سەیارە تەبع و ئارەزووی
قانعیش گاهێ عیراقی، گاهگاﮪ لوبنانییە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]