بێجگە حەزرەتی فاتیمەی زەهرا
ساحێبی قەدر و مەرتەبەی غەڕڕا
کچانی حەزرەت یا بێ ئەولاد بوون
یاخود ئەولادیان موتەوەففا بوون
لە زەهرای بەتوول بە ئەمری خودا
دوو کچ پەیدا بوو، سێ کوڕی والا
ناوی کوڕەکان «حەسەن» و «حوسەین»
سێیەمیان «موحسین» وەکوو نووری عەین
ناوی کچەکان بزانە مەعلووم
یەکەم «زەینەب»ە، جا «امّ کلثوم»
ئومموکولسوومیان شووی کرد بە عومەر
دوو مناڵی بوو بە نەقڵی خەبەر
«زەید» و «ڕوقەییە» بێنەسڵ و سەمەر
موتەوەففا بوون پاش فەوتی عومەر
ئومموکولسوومی ساحێب بەهرە و فەڕ
شووی کرد بە عەونی وەلەدی جەعفەر
پاش ئەو «موحەممەد» پاش ئەو «عبداللّه»
کوڕانی جەعفەر برای «مُرتضي»
نەتەوەی نەبوو لەم سێ برایە
هەر خێر و ئیحسان بۆی بوو بە مایە
ئەمما زەینەبەی بە ئیحسان و فەڕ
بوو بە عائیلەی «عبداللّه»ی جەعفەر
کوڕ و کچێکی لێ بوو بە مەعلووم
کوڕ «عەلی» ناو بوو، کچ «امّ کلثوم»
نەتەوە کەوتەوە لەم دوو ئینسانە
هەموو شەریفن لە ڕووی زەمانە
فەقەت پایەیان کەمترە بە عەین
لە پایەی نەسڵی حەسەن و حوسەین
ئەمان مەشهوورن لە سەفحەی دونیا
لە زومڕەی ئالی مەرتەبەی عولیا[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#