جل و ئەسباب و «اثاثُ البَيت»ی
وا دەرکەوتوون لە دوای فەوتی
پێنج کاسەی بووە سەییدی ئەبڕار
یەکەم لە بلوور، دووهەمین لە دار
یانێ دارخوارما، سێهەم شکابوو
لە سێ شوێن بە زیو پینە کرابوو
کاسەی چوارەمین ناوی «ريان» بوو
پێنجەم «مغيث» ناو، گەلێ جوان بوو
خەنەدانی مس، زەرفێکیش لە بەرد
پێیان ئەگوت «تور»، بێلەکە و بێگەرد
ڕەکوەیێکی بوو جەوەندە بۆ ئاو
تەشتی خۆ شۆرین لە «مفرق» تەواو
کیفێکی هەبوو قایشی نایاب
مەشهوور بە «ربعه» بۆ وردە ئەسباب
وەکوو ئاوێنە و مەقەس و کلدان
شانە و ئەسبابی پێویستی پیاوان
سیواکێکی بوو لە داری ئیراک
لە وەختی خۆیا پێی ئەکرد سیواک
کورسییەکی بوو پیچکەی داری ساج
«مُدهن» جێگەی ڕۆن، کرا بوو لە عاج
قەسعەیەکی بوو ناوی «غرا» بوو
لە ئەترافیەوە چوار حەڵقەی تیا بوو
کە پڕیان ئەکرد لە چێشتی میوان
بە چوار کەس ئەهات بۆ حەڵقەی دیوان
دوو مێزەرەی بوو شای عالی جەناب
ئەوی گەورەیان مەشهوور بە «سحاب»
بچووکەکەیان وەکوو شەوە بوو
لە فەتحی مەککە بە سەریەوە بوو
دوو کراسی هەبوو سەر تا بە دامان
کاڵای «صحاري»، لەتیف و جوان
دوو کراسی جومعە لەگەڵ سێ «خميص»
یانێ چەتفەی ڕەش، نایاب و نەفیس
دوو کراسیتریش لە حیبری ئەعلا
یەک یەک بوو «کسا» و «قميص» و «ردا»
قەمیس کراسێکە تا ئەژنۆی ئینسان
ڕیدا جلێکە ئەدرێتە ناو شان
سێ جبەی هەبوو شاهی بە تەمکین
ڕەنگی یەکێکیان سەوزێکی شیرین
کەسا دائەگرێ ئەغڵەبی ئەندام
بۆ کاتی سەرما، یا بەعزێ مەقام
دوو خوفی هەبوو لەگەڵ یەک لیفە
دوو نوێینی ناسک، کاڵای قەدیفە
فەرشێ چەرمی بوو کە پڕ بوو لە لیف
«صاع»ێک و «مدّ»ێ بۆ شەرعی شەریف
ئەنگوسیلەیێ لە زیوی زەریف
یەکێ لە ئاسن ئەمما زۆر لەتیف
نووسرابوو لێیان عینوان و جاهی
یانێ «مُحمّد رسول اللّهِ»
سەرەوە «اللّه» ئەمجارە ڕەسوول
ئینجا موحەممەد سەدیری مەعقوول
ئەمانەم وەرگرت زۆر بە ئیهتیمام
لە تەئلیفاتی عولەمای ئەعلام
وەک «مواهب» و شەرحی «زرقاني»
وەکوو «انوار»ی شێخی نەبهانی
مادام کە دیتان سەهو و نیسیانێ
یا لە عەدەدا زیاد و نوقسانێ
بیبەنەوە سەر تەرتیبێکی چاک
مەمنوونتان ئەبم بە دڵێکی پاک
فەقەت دەربخەن مەئخەزی تەسحیح
تا موعتەبەر بێ وەسیلەی تەڕجیح
«أَرْشَدَنَا اللّهُ إِلَي الصَّواب
وَ أَسْعَدَنا يَوْمَ الْمَآبِ»[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#