لە ساڵی سیازدە لە فەسڵی بەهار
ڕێکی خست بۆ شام سوپای فیداکار
کردی بە قائید بۆ فەوز و نەجاح
ئەبووعوبەیدەی وەلەدی جەڕڕاح
سێ مانگ شەڕی کرد لە حدوودی شام
ئینجا داوای کرد کۆمەک لە ئیمام
ئەویش ئەمری کرد خالیدی سەمسام
لەبۆ کۆمەکیان بڕوا لەبۆ شام
تەعیینیشی کرد بە قائیدی عام
ئەبووعوبەیدەی عەزل کرد لە شام
کە ڕێ کەوت بۆ شام خالیدی وەلید
کردی بە جێدار «مثنّي»ی ڕەشید
ئیتر مایەوە موسەننای نەبەرد
لە سوپای عێراق تا وەفاتی کرد
لە پێش هاتنی سەعدی موعتەبەر
بۆ خاکی عێراق لە عەهدی عومەر
خالیدی دلێر کە گەیشتە شام
فەتحی «بصرا»ی کرد بە سوپای ئیسلام
ئینجا هاتەجێ حەربەکەی «يرموک»
بەم حەربە ڕۆمی بوون بە پووشی سووک
لەم حەربەدا هات بە ڕاستی و تەحقیق
قسەی وەفاتی بووبەکری سددیق
تەسادوفی کرد حادیسەی ئەجەل
لەبۆ بیست و دووی «جمادي الأول»
لە «روضه»ی والا لای قەبری ئەنوەر
تەسلیمی خاک بوو سددیقی ئەکبەر
دوو ساڵ و سێ مانگ بە حەق ئیمام بوو
یەعنی خەلیفەی «فخر الأنام» بوو
عومری عەزیزی شەست و سێ ساڵ بوو
هاو وێنەی شاهی ساحێب کەماڵ بوو
***
لە نەخۆشینا سددیقی ئەکبەر
عەهدنامەی خۆی دابوو بە عومەر
پاش وەفاتی ئەو ئەسحابەی کیڕام
بەیعەتیان پێ کرد بە ئیجماعی عام[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#