هەرکەس خۆندیەوە ئایەتی سوجوود
سوننەتە لەبۆی سوجدە بۆ مەعبوود
یەک سوجدەی جامیع بۆ شەرت و ئەرکان
عەینەن بە وێنەی سوجدەی نوێژەکان
لە غەیری نوێژا یا لە نوێژا بێ
ئەگەر لە ئیمام تاک و جیا بێ
چونکی مەئموومی فەرعی ئیمامە
سوجدەی تابیعی سوجدەی ئیمامە
ئەمما لە نوێژا تەکبیر و سەلام
بۆ ئەم سوجدەیە نایێتە ئەنجام
هەروا سامیعیش بۆ ئەو ئایەتە
ئەگەر مەشرووع بێ ئەو قەرائەتە
جا نەخوازەڵا کە شەخسی قاری
خۆی سوجدە ببا بۆ زاتی باری
نەک بۆ خوێندنی لەش پیس یاخود مەست
یا خوێندنێکی بێ جێگە و ناوەخت
ئایەتی سوجدە چواردەن لە قورئان
بۆت بەیان ئەکەم تا ببن عەیان
لە «اعراف» و «رعد»، لە «نحل» و «اسرا»
یەکێ لە «مريم»، دوانیش لە «حَج»ا
«فرقان» و «نمل» و «الم، تَنْزيل»
«حم»ی سوجدە ئەی برای جەلیل
«نجم» و «انشقاق»، سوورەتی «علَق»
تیایانا هەیە جێی سوجدە بە حەق
***
لەوانە نییە سوجدەی سوورەی «صاد»
ئەو سوجدەی شوکرە بۆ «ربّ العباد»
وەختی خۆی داوود «عليه السّلام»
سوجدەی شوکری برد بۆ خوای عەللام
ئێمەیش هەر سوجدەی ئەو شوکرە ئەبەین
کە بە خوێندنی ئەو باسە بگەین
لەوەختی نوێژا ئەم سوجدە نییە
لەسەر سوننەتی «خير البَرِيَّة»
هەم سوجدەی شوکری حودووسی نیعمەت
یا سوجدەی شوکری لاچوونی زەحمەت
یان هی بینینی گیرۆدە و بێدین
لە غەیری نوێژا ئەبرێن بە یەقین
ئینجا تەکبیری تەحەڕڕوم ئەکرێ
لەپاش سوجدەکەیش سەلامی ئەدرێ. [1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#