ناو: عەبدولڕەحمان
ناوی باوک: فەرەج
ساڵی لەدایکبوون: 1926
ڕۆژی کۆچی دوایی: #28-11-1987#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
(عەبدولڕەحمان فەرەج) لە ساڵی 1926 لە گەڕەکی کانێسکان، حەوشی گەورە، سلێمانی لەدایک بووە.
خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە.
بۆ تەواوکردنی خوێندن چووەتە بەغدا، لە کۆلێجی دەرمانسازی وەرگیراوە، دوای ساڵێک لە خوێندن لەسەر مشتومڕێک دەربارەی (شیخ مەحمود) لەگەڵ قوتابییەکی عەرەب دەبیتە شەڕیان و لێی دەدات. لەسەر ئەوە لە کۆلێج دەر دەکرێت.
ناچار دەچیتە کۆلێجی (یاسا) و لە ساڵی 1952 تەواوی دەکات.
لە ماوەی خوێندنی لە بەغدا لەگەڵ ھاوڕێکانی بەشداری خۆپیشاندنەکانی ئەو سەردەمە دەکات، ئەندامی (وەفد)شاندی لاوانی کورد بووە بۆ لوبنان و نەمسا ساڵی 1959 و ئەندامی شاندی ئاشتی بووە ساڵی 1964 نێوان (#مەلا مستەفا بارزانی# و #ئیبراهیم ئەحمەد#).
ئەندامیکی کارای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بووە، بۆ ماوەی 4 ساڵ خۆبەخش پاریزەری جوتیارانی بووە لە ناوچەکانی ئالانە و مەروێ و شارباژێڕ لەنێوان ساڵەکانی 1958-1962' دووچاری ھەڕەشە بووەتەوە لەلایەن دەربەگەکانی ئەو ناوچەیە، بەڵام توانی ھەموو مافەکان بۆ جوتیاران ساغ بکاتەوە.
لە ڕەشبگیری ساڵی 1963 دەسگیر کراوە لە (حامییە)ی سلێمانی، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شۆڕش ساڵی 1976 بەردوام بووە لە یارمەتیدانی شۆڕش و ساڵی 1977 دەمانچەکەی پێشکەش بە ڕێکخراوی کۆمەڵە کردووە، لە سلێمانی.
لە ژیانی (وەزیفی)دا زۆر پلە و پۆستی وەرگرتووە وەک: (بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی کاروباری باکوور. پشکنەری گشتی لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و ھاتوچۆ.)
بەڵگەنامەکان دەربارەی عەبدولڕەحمان فەرەج، لە بنکەی ژین پاریزراون.
باوکی کچ و کوڕێکە بە ناوەکانی ( شیرین و شوان) .
لە ڕێکەوتی 28-11-1987 لە تەمەنی شەست و یەک ساڵیدا، بە نەخۆشی وەستانی دڵ، بۆ دواجار ماڵاوایی لە ژیان کردووە و لە گردی سەیوان بە خاک سپیراوە.
ناردنی وێنە و زانیاری فەرهاد فەرەج
[1]