دۆزینەوەی ئەڵماس لە دەورووبەری شاری #سلێمانی# لە ساڵی 1850ز. دا.
لێکۆلەر: #سامان مستەفا ڕەشید ئینجاغا#
ڕۆژنامەی #کوردستانی نوێ#، #28-08-2024#
ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی پڕە لە بەڵگەنامەی فەرمی سەرنجڕاکێشی نەبیستراو و نەبینراو لەمەڕ بابەتی: مێژووی سیاسی، ئابووری، کلتوری و ئایینی کۆمەڵگەی کوردی لەسەدەکانی ڕابردوودا، کە دۆزینەوە و ساغکرنەوەیان دەتوانێت تۆزی سەر چەندان ڕاستەقینەی مێژوومان بۆ بتەکێنێت و چەندان گۆشەی تاریکی مێژووی چوار سەدەی ڕابردوومان بۆ ڕووناک بکاتەوە و وەڵامی چەندان پرسیاری بێ وەڵامی مێژووی کورد بداتەوە، ئەم دۆخە بە جۆرێکە، بە بڕوای من، بێ کنەوپشکنین و ساغکردنەوەی ئەو ئەرشیفە گەورە نووسینەوەی هەر مێژوویەک بۆ چوار سەدە لەمەوە بەری کورد سیخناخ دەبێت لە گومان و پڕدەبێت لە کەموکوڕی.
هەروەها جودا لە تۆمارکردنی ڕووداوە ئاسایی و یاساییەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی، زۆرجار چەندان ڕووداوی سەیر و سەرنجڕاکێشیش لە بەڵگەنامەکاندا تۆمار کراون، یەکێک لەو ڕووداوە سەرنجڕاکێشانە دۆزینەوەی، بەسەرهاتی هەندێک بەردی هاوشێوەی ئەڵماسە لە ساڵی 1850 لە دەورووبەری شاری سلێمانی، بە جۆرێک سەرەتا ئیدارەی لۆکاڵی سەرنجەقی سلێمانی پێیان وابووە بەردەکان ئەڵماسن، بەنووسراوی فەرمی چەند نموونەیەکیان لێ ناردۆتە ئەستەمبوڵ تا لەوێ هەم لە جۆری بەردەکان و هەمیش چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ بەردەکانیان بۆ ڕوون بکەنەوە، بەڵگەفەرمییەکانی ئەم بەسەرهاتەش لە دوو دۆسییەی تایبەتیی ئەرشیفی عوسمانییدا هەڵگیراو و پارێزراوە، لێرەدا هەوڵدەدەم بەکورتی بیانخەمەڕوو.
زانیارییەکان لەبارەی ئەم کەیسەوە لە دوو دۆسییەی سەربەخۆدا تۆمارکراون و هەڵگیراون، دۆسییەی یەکەم، دۆسییەیەکە لە بەشی ئیرادە و بەشی مەجلیسی والا کە بە ناونیشانی لەبارەی ئەو ئەڵماسانەی لە سلێمانی دەرکەوتوون بە کۆدی (İ.MVL. 177. 5269) لە ئەرشیفی عوسمانی پارێزراون و لە شەش لاپەڕە پێکهاتوون. هەرچی دۆسییەی دووەمە لە سەدارەت لە بەشی مەکتوبی قەلەمی و مەجلیسی والا بە کۆدی (A.} MKT.MVL. 30.22) پارێزراوە و لە دوو لاپەڕە پێکهاتووە.
$ناردنی نموونەی بەردەکان بۆ ئەستەموڵ و پشکنینی لەلایەن مەجلیسی کانزاکان، سەرۆکی زێڕینگەرانی کۆشک و شوێنی سککەلێدانی سەڵتەنەت لە ئەستەمبوڵ:$
وەک لەم دۆسییەی و چەند دۆسییەکی تری هاوشێوە بۆم دەرکەوتووە دەوڵەتی ئەو کات زۆر هەستیار بووە لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەلەپوور و شوێنەواری مێژوویی دا و بۆ بڕیاردان لەبارەیانەوە دەبوو بە پڕۆسەیەکی وردی بیرۆکراتیی دا تێپەڕێت و لەلایەن دامودەزگا میرییە تایبەتمەندەکانەوە ڕا و سەرنج و بڕیاری تایبەتیی لەبارەوە بدرێت، ئەوەتا لەم کەیسە و چەند کەیسێکی تر کە لە ئاییندەدا لەسەریان دەنووسم هەم دەسەڵاتی لۆکاڵی و هەمیش چۆن دەسەڵاتی پایتەخت دێنەسەرخەت و ورد لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو کەیسانەوە دەکەن و بڕیاری ڕاست و درووستیان لەبارەوە داوە. تۆ بڕوانە دۆزینەوە چەند پارچە بەردێک چۆن ئەو هەموو قۆناغە ئیداریی و بیرۆکراتییانەی بڕیوە و حکومەتی ئەو کات چۆن وەها بابەتێکی بەو پەڕی گرنگییەوە بایەخ پێداوە و بەرچاو ڕوونی خسووەتە بەردەم دەسەڵاتی لۆکاڵی لەهەمبەر چۆنییەتی مامەڵەکردن بەو بەردانەی کە لە وەها شوێنێکی دوورەدەستی ئەستەموڵدا دۆزراونەتەوە.
لەنووسراوێکی دۆسییەی یەکەمدا (کە فەرمانێکی باڵایە) کە ڕێکەوتی (14 شەعبان 1266ک، کە دەکاتە 25 حوزەیرانی 1850ز) لەسەرە تێیدا هاتووە، لەگەڵ نووسراوماندا نموونەی ئەو کانزایانەی لە ناوچەیەکی سلێمانیدا دۆزراونەتەوە و نموونەیان پێشکەشکردووین بە مەبەستی پشکنین و چۆنیەتییەکەی لەلایەن مەجلیسی کانزاکانەوە و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا بۆتان دەنێرین. بە ڕێکەوتی دوای چوار ڕۆژ لەسەر نووسراوی پێشوو واتا (18ی شەعبان 1266ک) لە بەشی خوارەوەی نووسراوەکەدا هاتووە ئەوە فەرمانە باڵا جێبەجێکراوە و نموونەی ناوبراو نێردراون بۆ مەجلیسی کانزاکان و سەرۆکی ژووری زێڕینگەران دوای پشکنین و لێوردبوونەوە دەرکەوتووە نموونەکان لە جۆری ئەو بەردانەن کە بە نەجەفی ناودەبرێن و لە درووستکردنی هەندێک (ئەنگوستیلەی بەیاغی) دا بەکاردەهێنرێن. ئاماژەشیان بۆ ئەوە کردووە دوای پشکنین نموونەکانیان ناردۆتەوە بۆ حزوری عالیلەری و فەرمان لای ئەو کەسەیە فەرمان دەردەکات.
وەک لە بەڵگەیەکی تری هەمان دۆسییەدا دەردەکەوێت، نموونەی ئەو بەردانە نێردراوە بۆ مەجلیسی والا و بە فەرمانێکی باڵا فەرمانیان پێکراوە کە لە جۆر و چۆنییەتی ئەو نموونانەی بۆیان نێردراوە بکۆڵنەوە، مەجلیسی ناوبراویش ئاماژەی بەوەکردووە لەسەر بنەمای ئەو فەرمانەی پێیکراوە، نموونەکانی ناردووە بۆ (ضربخانە عامرە- شوێنی سککەلێدان لە پایتەخت) و دوای تەماشاکردن و پشکنینی لەلایەن مەجلیسی کانزاکان و سەرۆکی ژووری زێرینگەران بۆیان دەرکەوتووە نموونەکان بەردی نەجەفی بوون کە لە درووستکردنی هەندێک ئەنگوستیلەی بەیاغی دا بەردەهێنرێت و نموونەکان گەڕێنراوەتەوە و لەلایەن وەزیری گەنجینەی تایبەتەوە ڕاگەیەنراوە بە گوێرەی فەرمانی باڵا کارەکان بەجێگەیەنراون. داواکراوە وەڵامنامە بۆ موشیری ئۆردو ئێراق و حیجاز بنووسرێت. دواتر ناوەرۆکی ئەو لێکۆڵینەوە پشکنینە لە 19ی شعبان 1256ک واتا لە #30-06-1850# کراوەتەو نووسراوی فەرمی و تێیدا داواکراوە وەڵامی بۆ موشیری ئوردوی ئێراق و حجاز بنووسرێت کە دوای پشکنین لەلایەن ئەو جێگایانەی لەسەرەوە ناویان هاتووە دەرکەوتووە نموونەکان بەردی نەجەفین کە هەندێکیان لە درووستکردنی ئەنگوستیلەی بەیاغی دا بەرکاردەهێنرێت.
$بڕیاری فەرمی لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەردەکاندا$
بەو شێوە و دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی بیرۆکراتییەتی پڕۆسەی پشکنینی ئەو نموونانەی لە سلێمانییەوە لە ڕێگەی موشیرییەتی ئورد و ئێراق و حیجازەوە نێردرابوون دوای بڕینی قۆناغە ئیدارییەکان، لە #18-08-1850# ز نووسراوی وەڵامدانەوە بۆ موشیریەتی ئۆردوی ئێراق و حیجاز کراوە و تێیدا هاتووە، نموونەی ئەو بەردانەی هاوشێوەی ئەڵماس بوون و لە دەورووبەری سلێمانی دۆزراونەتەوە و نموونەیان بۆ ئێرە نێردراوە، دوای ئەوەی لە زەربخانەی عامیرە (شوێنی سککەلێدان سەڵتەنەت) پشکنینیان بۆکراوە، دەرکەوتووە بەردەکان لە جۆری بەردی نەجەفین کە لە درووستکردنی ئەگوستیلەی بەیاغی دا بەکاردەهێنرێن. بە پەراوێزێک سوور لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە گەر دەتوانن دەریبهێنن و سوودیان لێوەربگرن کاری پێویستی لەبارەوە بکەن.
$سەرچاوە:$
BOA. A.} MKT.MVL. 30.22
BOA. İ.MVL. 177. 5269.1
BOA. İ.MVL. 177. 5269.2
BOA. İ.MVL.
[1]