ناونیشانی بابەت: دۆزینەوەی سەدان سککەی دێرینە لە گوندی #عەربەت# لە ساڵی 1852ز دا.
لێکۆڵەر: #سامان مستەفا ڕەشید ئینجاغا#
ڕۆژنامەی: #کوردستانی نوێ#، ژمارە: (9244)، ساڵی 2024.
ئەرشیفی عوسمانی پڕە لە بەڵگەنامەی فەرمی کە تژیین لە زانیاری سەرنجڕاکێشی نەبیستراو و نەبینراو لەمەڕ بابەتی: مێژووی سیاسی، ئابووری، کولتووری و ئایینی کۆمەڵگەی کوردی، کە دۆزینەوە و ساغکرنەوەیان دەتوانێت تۆزی سەر چەندان ڕاستەقینەی مێژوومان بۆ بتەکێنێت و چەندان گۆشەی تاریکی مێژووی کوردمان بۆ ڕووناک بکاتەوە و وەڵامی چەندان پرسیاری بێ وەڵامی مێژووی کورد بداتەوە.
هەروەها جودا لە تۆمارکردنی ڕووداوە ئاسایی و یاساییەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی، زۆرجار چەندان ڕووداوی سەیر و سەرنجڕاکێشیش لە بەڵگەنامەکاندا تۆمار کراون، لەو ڕووداوە سەرنجڕاکێشانەش بەسەرهاتی دۆزینەوەی سککەی دێرینە و بەردی بەنرخ و چۆنییەتی مەمەڵەکردنە لەگەڵیاندا لەم ناوچانەی کە سەدان فەرسەخ لە پایتەختی دەوڵەتی عوسمانییەوە دووربوون.
لەم دۆسییەدا بەسەرهاتی دۆزیینەوەی سەدان سککەی دێرینەی ئیسلامی و کردیستییان دەخەینەڕوو کە لە ساڵی 1852 لە گوندی عەربەتی سەربە سەرنجەقی ئەو کاتی #سلێمانی# دۆزراونەتەوە، دواتر بەگوێرەی ڕێوشوێن و دابی ئیداری ئەو کات سککە دۆزراوەکان لەگەڵ نووسراوی فەرمی نێردراون بۆ ئەستەمبوڵ تاوەکوو جۆر و بەهای سککەکان و چۆنییەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەیسەکەدا بۆ ڕوونبکەنەوە.
$ژمارە و جۆری سککە دۆزراوەکان:$
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەیەکی فەرمی ئەرشیفی عوسمانی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (#13-04-1852# ز.) لە گوندی عەربەت لەسەرنجەقی #سلێمانی# بڕێک سکەی دێرینە دۆزراوەتەوە، دواتر، لەگەڵ وردەکاری ئەم ڕووداوە، نووسراو لەبارەی ئەوەی ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن و چی لەو سکە دێرینە بەنرخانە بکەن لەگەڵ ڕاپۆرتێکی مەجلیس (ئەحکامی عەدلییە) نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی دەوڵەتی عوسمانی، وەک لەو نووسراوەدا کە لەلایەن ( دائیرەی مەکتوبی قەلەمی عمومی ویلایەت ئەڤراقی- لە نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی گشت ویلایەتەکان لە سەرۆکایەتی حکومەت)ەوە بۆ قەیمقامییەتی سلێمانی نێردراوە ئاماژە بەوەکراوە: سککەکان لە: (606) سکەی کوفی ئیسلامی و (38) ئاقچەی کریستیان پێکهاتوون.
$دیاریکردنی جۆر و بەهای سککە دێریینەکان:$
دوای ئەوەی تەواوی سککە دۆزراوەکان هاوپێچ لەگەڵ نووسراوی دەسەڵاتی لۆکاڵی سلێمانی لەوبارەیەوە نێردراوە بۆ مەجلیسی ئەحکامی عەدلییە لە پایتەخت، ئەوانیش دوای هاوپێچ کردنی نووسراو و ڕاپۆرتی خۆیان سککەکانیان ناردۆتە خەزێنەی تایبەتیی شاهانە و ئەوانیش هەستاون بە دیاریکردنی جۆری سککەکان و کێشان و پێوانەکردنیان، دوای تەواوکردنی پڕۆسەی کێشان و پێوانەکردنی سککەکان ڕوونیانکردووەتەوە کە ئەوانەی ناوی ئیسلامییان لەسەربووە، عەیاری ڕیالی بوون و بە هەمووی (576) درهەم بوون، هەر درهەمێکیش 112 پارە بووە، کە کۆی گشتی بەهاکەیان 1612 قروش خەمڵێنراوە. هەرچی سککە کریستێدانییەکانیشە بە (45) درهەم قەبڵێنراوە، هەر درهەمێکیشی (104) پارە، بەهای بە هەر درهەمێکیش لەو سککانە بە (117) قروش خەمڵێنراوە، بەهای کۆی گشتی سککەکان بە گوێرەی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی و خەزێنەی تایبەتیی شاهانە بریتی بووە لە (1729) و نیو قروش.
$چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سککە دۆزراوەکان:$
هەرچی سەبارەت بەچۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ کەیسی سککە دۆزراوەکان لەو نووسراوەدا کە وەک وەڵام بۆ قایمقامییەتی سلێمانی نێردراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، سێیەکی سککە ئیسلامییەکان، و پێنج یەکی ئاقچە کریستێدانییەکان، واتا (1098) هەزار و نەوەت و هەشت قروش دەبێتە هیی خەزێنەی دەوڵەتە، ئەوەشی دەمێنێتەوە، (631) شەش سەت و سی و یەک قروش هەشت پارە دەدرێتەوە بەو کەسانەی دۆزیویانەتەوە، ئەو شەش سەت و سی و یەک قروش و هەشت پارەیە دەبێت لەلایەن سندوقی دارایی لیوای ناوبراوەوە بە سەنەدی وەرگرتن پێیان بدرێت و ئەوەش ڕوونبکرێتەوە ئەو بڕە پارە لە چ پارەیەک دراوەتە ئەو کەسانەی سککەکانیان دۆزیوەتوە و ئەو سەندانە بە شێوەی خشتە بنێردرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و وەزارەتیان لێ ئاگاداربکرێتەوە.
ماوەتەوە بڵێم ئەوەی جێگەی سەرنجە هەم دەسەڵاتی لۆکاڵی ئەو کاتی سلێمانی و هەمیش ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی وەک ئیمپراتۆریەتی عوسمانی چەند بەشێوەیەکی هەستیار و ورد و بیرۆکراتییانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو سککە دێرینە دۆزراوانەدا کردووە کە چەندان مایل لە دوور مەڵبەندی دەسەڵاتەکە و لە گوندێکی دوورەدەستدا دۆزراونەتەوە. لەوەش زیاتر هەم سککەکان وەک شوێنەوارێکی مێژووی براونەتە خەزێنەی تایبەتیی دەوڵەت و هەمیش ئەوانەی سککەکانیان دۆزیوەتەوە لە دەسکەوتی ماددی دۆزینەوەی سککەکان بێبەش نەکراون و دوای خەمڵاندن بە ئەندازەی پێویست بەشیان بۆ جیاکراوەتەوە.
سەرچاوە:
BOA. A.} MKT.UM.527-44.
[1]