=KTML_Bold=بیکە بە خاتر زەردەی خۆرئاوا=KTML_End=
#سیروان ڕەحیم#
چ رستەسازییەکی شاعیرانەی پڕ هەستە، جا بە دەنگی زیرەکیش، بە جارێ جوانیی لێ دەبارێت. بیهێنە بەرچاوت، بە زەردەی خۆرئاوا سوێند بۆ ئەڤیندار بخۆ و بەوشێوەیە دڵی رابگرە!
موزیکڤان، نووسەر و دەرهێنەری شانۆی ئەڵمان ریشارد ڤاگنەر (1813-1883) دەڵێت: دەنگی مرۆڤە دێرینترین، رەسەنترین و جوانترین بەشی میوزیک، بەشێکی میوزیکی ئێمە سوپاسبژێری هەبوونیەتی.
بێگومان دەنگی حەسەن زیرەک لەو دەنگانەیە کە ڤاگنەر ئاماژەی پێداوە، دەنگێک بە گوهداریکردنی هاوکات؛ خوڕەی ئاوێکی روون، تریفەی مانگەشەو، زەردەی خۆرئاوا و لەرینەوەی تەبای هەزاران گەڵا بە دەم سروەی ناسکەوە دەڕژێنە دەروونی مرۆڤەوە.
بەڵام جەخار، وەکو زیرەک خۆی لە هەوری لاردا دەڵێت: چونکە کوردم، بە زمانی کوردی قسە دەکەم، هونەر کارێکی نەکرد بە شوێنیدا بچم.
ئایا ئەگەر زیرەک منداڵی نەتەوەیەکی دیکە بووایە و لە باوەشی ئەردنیگارییەکی دیکە گەورە بووایە، ئەگەر باشتر و بە دڵی خۆی بە شوێن هونەردا چوبووایە، چیدیکەی دەخستە سەر ئەو هەموو داهێنان و بەخشینانەی؟
چەند رۆژێکە من لەگەڵ زیرەک دام، پێکەوەین، بە جۆرێکی دیکە، بەجۆرێک مۆزیکڤانی هێژا عەبدوڵڵا سەگرمە پێشکێشمانی دەکاتەوە. زیرەکم دێتە بەرچاو، لەسەر سەکۆیەکی رەنگین، لەسەر شانۆیەکی پڕ شەبەنگی نوژەن، گۆرانی دەڵێت و ئۆرکسترایەکی لێزان و پڕ هەست پاڵپشتین، ئۆرکسترایەک هاوتەریب لەگەڵ هەست و حەزی ویدا دەژەنن، ئەویش بە دەنگی ئاسمانیانەی خۆی دەیان رستەی پڕ خوناوی بۆندار بە دەروون دا دەپرژێنێت: خودایە لێمببورە دڵبەر میوانە، گەلۆ پلانی پێشوەختەی زیرەک چییە بۆ میوانداری دڵبەر؟
قیبلەم تۆراوە، ئەیڕۆ ئاشتی نابێتۆ چ تەڵزگەیەکە ئەو تۆرانە؟
جا بەو گەمەکردنە، بەو نزمی و بەرزییەی دەنگی زیرەک ئەم قەرار و جەوابە چۆن گوتراوە! جارێکی دیکە گوێ رادێرە بۆ ئەو دەستپێکەی بە تەورات تکایە!
گوێ بدە لەو دەستپێکە: ئەمان ئەمان لە ئەڤینی کەنیشکێکی جوودا!
زیرەک باس لە گوارەیەک دەکات، گوارەیەک بۆ کەژاڵی دەکڕێت، کەژاڵ گیان لە گوێی بکات، بەڵکو دنیا خاپوور بێ!
کەژاڵێک مانگی چواردە دەیبینێت و بە خەجاڵەتی دەگەڕێتەوە، بێگومان هەر گوارەی وەها شایستەیە!
زیرەک چی بڵێت دەبێت کوردی بێت، گەرووی ئەو، هەستی ئەو و دەروونی ئەو، لە دەنگیدا یەکانگیر دەبنەوە و دەنگیش لە چیا و لە پێدەشت و لە کانیاوەکانی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.
جۆرە دەنگێک لەو جۆرەی نووسەری ئەڵمان کریستۆف لێمان (1579-1639) لەبارەی گوتوویەتی: گۆرانی خۆش تۆزی سەر دڵ رادەماڵێت.
دەنگی زیرەک تۆزی سەر دڵ رادەماڵێت و ستوونێکە لە ستوونە پتەوەکانی راگرتن و پاراستنی زمانێکی هەڕەشە لێکراو.
جا ئێستا دەنگی زیرەک و کارامەیی وەستایەکی وەکو سەگرمە یەکانگیربوونە، پێکەوە لە دووئاوانێک دەچن، پڕ لە هاژەی داهێنان، سەگرمە موزیکێک بۆ دەنگی زیرەک دادەنێت کە گوێگر دەخاتە نێو جۆلانەیەکی رەنگینەوە، میوزیک و نەوایەک سرووشتی کوردستان بە فراوانی خۆیەوە لە لامان دەخەمڵێنێت.
عەبدوڵڵا سەگرمەی دەستڕەنگین و بە سەلیقە، میوزیکێکی داناوە بەرسڤدەری ئەو سینە پڕ ئاهەنگەی زیرەک و ئەو نەوا نایابە و ئەو هەستە پڕ جۆشەی وییە. هەروەها موزیکێکە بواری پەڕینەوەی دەنگی زیرەک بۆ دونیای دەرەوەی خۆیشمان دەستەبەر دەکات.
مامۆستا سەگرمەی هێژا، کۆمپۆزیتۆری کارامە، سوپاس و ستایش کە لەم رۆژگارە دزێوەدا، لە رۆژگاری شەڕ و ستەمێک چەندین شوێنی ئەم گۆی زەوییەی داپۆشیوە، تۆ ئەم بەرهەمەت پێشکێش کردین، بەرهەمێک جگە لەوەی تانوپۆی بە داهێنان سازکراوە، هەروەها چەپکێکە لە ئارامی، چێژ و جوانی، چەپکێک لە گەرووی زیرەک و سەلیقەی چێژبەخشی ئێوەی شارەزای میوزیکەوە سەرچاوەیان گرتووە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=