پارێزگاری سلێمانی
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی کوردۆساید و دادگای باڵای ئێڕاق بەشداریی پڕۆسەی ئەنفالی کردووە.
شێخ جەعفەر، ساڵی 1938 لەقادرکەرەم لەدایکبوە، لەشەستەکانی سەدەی ڕابردودا بوە بەپێشمەرگەی ئەیلول، ساڵی 1969 کاتێک لەهێزی ڕزگاری فەرماندەیی شەڕێکی کردوە و تێکشکاوە لەناوچەی گەرمیان، مستەفا بارزانی بۆ ماوەی دو ساڵ خستویەتییە زیندانی ڕایاتەوە. سالًی 1974 کە شەڕی نێوان سوپای بەعس و پێشمەرگە دەستپێدەکاتەوە، شێخ جەعفەر دەچێتە پاڵ حکومەت.
شێخ جەعفەر لەسەرەتادا دەکرێت بەسەرۆکی شارەوانی پێباز، پاشان دەبێت بەسەرۆکی شارەوانی دوکان، پاش ئەوەش بۆ ماوەی چەند مانگێک بەوەکالەت دەبێتە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی. ساڵی 1977 تا 1980 کە ئەرشەد زێباری پارێزگاری سلێمانی دەبێت، شێخ جەعفەر بەرزنجی دەکرێت بەجێگری پاریزگار.
ساڵی 1980 کە ئەرشەد زێباری دەکرێت بەوەزیری حکومەتی عێراق، پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەشێخ جەعفەر دەسپێردرێت. ئەو 10 ساڵەی شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی دەبێت (1980 تا 1990)، بەرەشترین و تۆقێنەرترین و پڕ لەکوشتارترین 10 ساڵی شاری سلێمانی و سنوری ئەم پارێزگایە دادەنرێت.
لەم 10 ساڵەدا لەپاڵ شەڕی عێراق و ئێراندا، شەڕی نێوان پێشمەرگەو سوپای بەعسیش بەردەوام دەبێت، هەڵمەتی تۆقاندن و ڕاوەدونان و ڕەشبگیریی و زیندان و کوشتارو ڕاگواستن و تەخت کردنی گوندەکان دەستپێدەکات. لەساڵی 1987 و 1988دا کە عەلی حەسەن مەجید لەلایەن مەجلیسی قیادەی سەورەو قوتری بەعسەوە دەکرێت بەئەمینداری نوسینگەی باکوری حزبی بەعس، لەلایەن سەدام حسێنەوە تەواو سەرپشک و دەستکراوە دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هەمو توندوتیژیی و تاوانێک، ئەم کوشتار و دڵڕەقییە لەپارێزگای سلێمانی بەتایبەتی و لەهەمو کوردستاندا بەگشتی دەگاتە ترۆپک و پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەستپێدەکات. ئەم توندوتیژیی و جەللادییەش بەهاوکاری و چاوساغی ژمارەیەک لەکورد ئەنجام دەدرێت، کە شێخ جەعفەر بەرزنجی یەکێکیانە.
ئەرشیفی تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە کوردی و عەرەبیەکانی سەردەمی بەعس دەیان لێدوانی شێخ جەعفەریان لەخۆگرتوە کە چۆن لەو ڕۆژگارە ڕەشەدا بەوپەڕی ئەمەکدارییەوە دڵسۆزی خۆی بۆ سەرۆکی فەرماندە و حزبی پێشڕەوی بەعس و سوپا دلێرەکەی عێراق دوپات دەکاتەوە، سەرۆک و حزب و سوپایەک کە مەگەر تەنها نزار خەزرەجی سەرۆک ئەرکانی پێشوی عێراق لەیاداشتەکانیدا وێنای کردبێت چۆن بەوپەڕی قین و ڕق ئەستورییەوە ئاگریان بەسەر شار و شاخ و گوندو دەشت و دەری پارێزگای سلێمانیدا باراندوە.
ساڵی 1990، پلەی شێخ جەعفەر بەرز دەکرێتەوە و دەکرێت بەسەرۆکی مەجلیسی تەنفیزی حوکمی زاتی، بەڵام زۆر ناخایەنێت کە لەبەهاری 1991دا، بەهۆی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سوپای عێراق و هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی کەنداوو هێرشی هێزەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، خەڵکی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێ ڕاپەڕن و دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لەکوردستان ڕابماڵن.
شێخ جەعفەر بەرزنجی وەک سەرۆکی مەجلیسی تەنفیزی حوکمی زاتی کوردستان، لەساڵی 1991ەوە تا 2003 کە ڕژێمی بەعس دەڕوخێت لەبەغدای پایتەخت دەمێنێتەوە، سەدام حسێن لەو ماوەیەدا خانویەکی لەپایتەخت پێدەبەخشێت، کە دوای ڕوخانی ڕژێم دەیفرۆشێت.
پاش ڕوخانی ڕژێم لەساڵی 2003دا، شێخ جەعفەر ڕودەکاتەوە هەولێر و پاشان دەچێتەوە شاری کەرکووک و لەماڵەکەی خۆی دادەنیشێت و لەلایەن کەسوکارەکەیەوە پاسەوانی دەکرێت. بەڵام هەواڵی گەڕانەوەی بۆ هەولێر و کەرکووک، ڕای گشتی کوردستان لەدژی ئەم کۆنە پارێزگارەی سلێمانی و سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی تەنفیزی حوکمی زاتی و بەعسیە، دەهەژێنێت.
لەدادگای سلێمانی، کەسوکاری چەند خوێندکارێکی شەهید داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن بەتۆمەتی ئەوەی لەبەردەم ئامادەییەکی شارەکەداو بە بەرچاوی خەڵکەوە شێخ جەعفەر وەک پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگاکە، فەرمانی گولەبارانکردنی ئەو خوێندکارانەی داوەو لەکاتی گولەباران کردنیاندا لەخۆشیدا چەپڵەی لێداوەو وتویەتی دەستی ئەوە دەشکێنم چەپلە لێنەدات.
دادگا بڕیاری دەستگیر کردنی بۆ دەردەکات، بەڵام بەرلەوەی بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، شێخ جەعفەر کەرکووک بەرەو دیمەشقی پایتەختی سوریا بەجێدەهێڵێت، کە لەو ڕۆژگارەدا ببوە مەڵبەندی کۆبونەوەی بەعسیە هەڵاتوەکانی عێراق.
ناوبراو تا ئەو کاتەی سوریا شۆڕش و نائارامی تێدەکەوێ لەدیمەشق دەمێنێتەوە، پاشان بۆ ماوەیەکی کەم دەچێتە تورکیا و لەوێشەوە پەنا دەباتە بەر عەممانی پایتەختی ئوردون، کە زۆرێک لەبەعسیەکان لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس کردویانەتە پەناگەو حەشارگەی خۆیان.
شێخ جەعفەر ماوەی چەند ساڵێکە لەشوقەیەکدا کە دەکەوێتە یەکێک لەگەڕەکە ڕاقیەکانی عەممانی پایتەختەوە، لەگەڵ گوڵاڵەی هاوسەری سێهەمی و سێ کچەکەیدا ژیان بەسەر دەبات.
شێخ جەعفەر سێ ژنی هێناوە، دو کور و کچێکی هەیە لەژنەکانی پێشوی، سێ کچیشی هەیە لەگوڵاڵەی هاوسەری سێهەمی کە ئەندازیارەو خوشکی شەوکەت ڕەشیدی هونەرمەندە. ئێستا کوڕێکی لەهەولێرە و لەکۆمپانیای کار کار دەکات، کوڕێکیشی لەکەرکووکە.
شێخ جەعفەر کە هەشت برای هەبوە. دوانیان شەهیدن، شێخ مارف و شێخ حسێن ساڵی 1963 لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراقەوە لەسێدارە دراون. هەرچەندە شیوعیەکان شێخ مارف و شێخ حسێن بەشەهیدی خۆیان ناودەبەن، بەڵام کەسوکارەکەیان نکوڵی دەکەن لەوەی شیوعی بوبێتن و دەڵێن دو کەسایەتی دیاری کۆمەڵایەتی و خوێندەوار و نیشتمانپەروەری سەردەمی خۆیان بون. [1]