ناو: عوسمان
نازناو: عوسمان عوزێری
ناوی باوک: ئەحمەد ڕۆستەم
ناوی دایک: ئامینە
ساڵی لەدایکبوون: 1936
ساڵی شەهیدبوون: 1966
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی شەهیدبوون: #گەڵاڵە#
$ژیاننامە$
بەشێک لە وتاری؛ گەشتێک بەناو ژیاننامەی عوزێری و ڕۆڵی لە ئەدەب و هونەر و سیاسەتدا.
نووسین و ئامادەکردنی: #محەمەد مەردان#
#بڵاوکراوەی (شیرین)# ، سلێمانی #03-07-2021#
عوسمان عوزێری بە پێی پاسپۆرتەکەی لە ساڵی 1936 لە گوندی: (سارداو)ی سەربە شاری #سلێمانی# لەدایکبووە، لەو سەروبەندەدا (ئەحمەد ڕۆستەم)ی باوکی (پۆلیسی سوار) بووە. لە ساڵی 1944، عوزێری دەخاتە قوتابخانەی ئەیوبییە لە شاری سلێمانی.
$لە سارداوە وە دەگوێزنەوە بۆ #چەرمەگا# $
ڕەوانشاد (حەمە عەلی ڕۆستەم)، مامی عوزێری، کەسایەتییەکی ناودار و ئازای سەردەمی خۆی بووە، لە ڕژێمی پاشایەتی یاخیبووە، لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا (عەلی کەمال)؛ کە ئەو کاتە بەڕێوەبەری پۆلیس دەبێت، دەکەوێتە بۆسەی (حەمە عەلی)یەوە، پێی دەڵێت؛ تکات لێ دەکەم ژنم لەگەڵدایە و وازم لێ بهێنە، چاکەی ئەمەت دەدەمەوە، ئەویش زۆر بە ڕێزەوە بەڕێی دەکات، لە ئاکامی ئەمەدا گوندی (چەرمەگای) پێ دەبەخشێت. لە ناوەڕاستی چلەکاندا چەرمەگا دەگوێزێتەوە بۆ ئەو شوێنەی ئێستا، بنەماڵەی عوزێریش لە سارداوە وە دەگوێزنەوە بۆ چەرمەگا.
$هونەری وێنەکێشان و جواننووسی$
عوزێر هەر لە سەرەتای منداڵییەوە لەناو پانتایی سرووشتێکی پاک و بێگەردی ڕەنگاوڕەنگی جواندا چاوەکانی هەڵهێناوە، ئەو سرووشتە دڵڕفێنە لای ببووە پێشانگایەکی پڕ تابلۆی ڕەنگینی هەمیشە کراوە. لەتەک باڵاکردنی تەمەنیدا هەستی دڵ و دەروونیان هەژاندووە و وابەستەی گیانی ببوون، دەیویست لەو ڕوانگەیەوە کاری هونەری بکات، چونکە (ژیان و سرووشت و هونەر) لە ناخی عوزێریدا ببوون بە کلیلێک بۆ چوونە ناو جیهانە ڕەنگاڵەییەکەی هونەرەوە، خەتی (ڕوقعە)ی کردبوو بە بنەمای پردی پەڕینەوە بۆ گەیشتن بە خەتە جیاجیاکانی (فارسی، کوفی، نەسخ، نەستەحلیق، شکستە و هتد..)، ئوچ و قامیش بوونە هاوڕێی هەمیشەیی پەنجەکانی، لەتەک هۆگری جواننووسی و وێنەکێشانیشدا ئارەزووشی لە هۆنراوە نووسین و خوێندنەوە بووە.
$وابەستبوونی بە دنیای هۆنراوەوە$
#حاجی برایمی چەرمەگا#ی مامی عوزێری، دوای ئەوەی خاتوو (نەسرین)ی کچی مامۆستا؛ (#عەلی کەمال باپیر ئاغا# )ی شاعیر، دەهێنێت، لە سەرەتای ساڵی پەنجاکاندا، ماڵی دەباتە شاری سلێمان، لە ساڵی 1953 دا، عوزێریش بارگەی ژیانی دەگوێزێتەوە بۆ ماڵی مامی.
گومان لەوەدا نییە کە سەرەتای دەستپێکی ئەدیب و هونەرمەندان لەناو بازنەیەکی لێوانلێو لە ئارەزوو و خولیای جیاجیای کورتخایاندا بەرجەستەیان ئەنجامداوە، دوای دۆزینەوەی خۆیان لەناو کایەکانی ئەدەب و هونەردا، دواتر درێژەیان بە حەزەکانیان داوە.
گەش و هەوای ماڵی (حاجی برایم) یش، گۆڕانکاری بە ژیانی هونەری عوزەێریدا دەهێنێت، بەتایبەتی تێکەڵبوونی لەتەک ماڵی مامۆستا عەلی کەمال باپیر ئاغا و هەڵوێستی کوردایەتی (حاجی برایم)ی مامی، کە ئەو کاتە سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، هەر کەس و لایەنێک پێویستیان پێیبوایە هاوکاری کردوون، هەروەها ئاوێتەبوونی لەگەڵ شاعیر و ڕۆژنامەوانی مەزن (کەمالی)، وەها لە عوزێری دەکات دەستبەرداری (ڕەنگ و ڕووناکی و سێبەری وێنە) ببێت و ئاوێزانی هۆنراوە ببێت و دواتر لەژێر کاریگەری مامۆستا (#گۆران#)ی مەزندا زیاتر درێژەی بە هۆنراوەنووسین داوە. لەم دیدگایەوە مامۆستا (#لەتیف هەڵمەت# )ی شاعیریش دەڵێت: (بمانەوێت و نەمانەوێت عوزێری ئەوە دەسەلمێنێت کە شاعیرێکی سەرکەوتووی ئەو قوتابخانەیەی هۆنراوەی گۆرانە و بارودۆخی گەلێک لە هۆنراوەکانیشی شایەنی ئەوەن؛ ئەگەر بە جوانیی شەهید نەکرایە... تەکانێکی دیاری بە هۆنراوەی کوردی دەدا لەو سەردەمەدا، چونکە دەنگی تایبەتیی خۆی هەبوو، هەروەها یەکەم شاعیری کوردە، کە هەوڵی داوە لەشێوەی بەزم و ڕەزمی لاوک و حەیران هۆنراوە بنووسێت). دواتر بوو بە هەناسەی دەنگێکی ناوازەی ساڵەکانی ناوەڕاستی پەنجا و شەستەکانی هۆنراوەی نوێی کوردی.
$ساڵی 1956 چووە بۆ شاری بەغدا$
بەپێی ناونیشانی هۆنراوە (سوێند ئەخۆم)، کە لە ڕۆژی (#21-08-1957# ) لە شاری بەغدا نووسیویەتی:
گیانە وا شێت بووم لە دووری چاوت
بۆ شێوەی شیرین باڵای لاولاوت
ساڵ و نیوێکە من لە تۆ دوورم
هێشتا نەمدیوە شێوە و سەڵاوت
بە ناوەرۆکی ئەم هۆنراوەیەدا دەردەکەوێت؛ کە لە سەروبەندی ڕۆژی (#21-02-1956# ) دا و لە تەمەنی 20 ساڵیدا ڕووی لە شاری بەغدا کردووە، بۆ ئەم بابەتە پەیوەندیم بە بەڕێز (مەلا بێستوون)ەوە کرد، وتی؛ بۆ خوێندن نەچووە بۆ شاری بەغدا، بەڵکوو لەو ساڵەدا خولێک بۆ (موخابیری، یان خولی پەیوەندی بۆ پۆلیسی مومتاز) کراوەتەوە، عوزێریش چووە بەشداری لەو خولەدا کردووە و تیایدا سەرکەوتوو نەبووە.
چوونی عوزێری بۆ شاری بەغدا، لە زۆر ڕووەوە گۆڕانکاری بەسەریدا هێنا.
جگە لە گەشەکردنی زەریای هۆنراوە، چووە ناو پانتایی شانۆ و دەستی بە وەرگێڕان و نووسینی بابەتی شانۆیی کرد.
تێکەڵاو بە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەو هونەرمەند و شاعیر و نووسەرانە دەبێت، کە لە شاری بەغدا دەژیان.
مامۆستا (حەسەن تەنیا) دەڵێت: (لە ساڵی 1957 ڕێگە بە (یانەی سەرکەوتن کوردان) درا؛ تیپێکی هونەری بەناو (کۆمەڵەی ئاوازی کوردی)یەوە دابمەزرێت و لە مانگی شوباتی ئەو ساڵەدا کۆمەڵەکە پێکهات، کە ئەندامەکانی بریتیی بوون لە هونەرمەندان؛ شەمال سائیب، تەها بابان، ئەحمەد دەنگ گەورە، عوسمان عوزێری، حسێن قەرەداغی و ئەژی گۆران).
ئەو کۆمەڵە لە مانگی نیسانی ساڵی 1957 دا، لەسەر شانۆی (هۆڵی گەل) لە بەغدا شانۆگەریی (ژیانی قوتابی لە غەریبایەتی)دا، بە سێ پەردە نمایش دەکەن، عوسمان عوزێریش یەکێک بوو لە کارەکتەرەکانی ئەم شانۆگەرییە.
ئەژی گۆران دەڵێت: ئەمە یەکەم شانۆگەریی کوردی بووە، کە لە بەغدا نمایش کرابێت.
$سۆزی گەڕانەوەی عوزێری بۆ کوردستان$
دوای ئەوەی عوزێری لە سەرەتای ساڵی 1956دا چووە بۆ شاری بەغدا بۆ ماوەیەکی زۆر لە کوردستان دوور بوو، بە پێی ناونیشانی (ئۆخەی نیشتمان)، کە سۆزی دەربڕینی هەناسەی هۆنراوەیەکی زۆر جوان بوو بۆ ئەوینی کوردستان، لە ڕۆژی (02-09-1957) دا گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و لە پێشەکی هۆنراوەکەیدا دەڵێت: ماوەیەکی زۆر چاوم بە کوردستانی خۆشەویست نەکەوتبوو، لە شادیدا ئەم هەڵبەستەم نووسی، بۆ دەربڕینی هەستی بەکۆڵم، کە تاسەی دوورییەکی پێ بشکێت..
ئۆخەی نیشتمان هێزی دەروونم
بیلبیلەی چاو و گلارەی ڕوونم
ئەمجارەش نەمردم تۆم بینییەوە
نەما ئاهەکەی دوور و مەفتوونم
ئیتر بیشمرم خۆشیم دەگاتێ
کە شاد بووم بە تۆ زیاتر لەساتێک
ئەگەر مردیشم خاکی پیرۆزت
وام دائەپۆشێ خەمم نەگاتێ..
$ڕادیۆی کوردیی بەغدا$
ڕادیۆی کوردی بەغدا، کە لە ڕۆژی یەکشەممە #19-11-1939# دەست بەکاربووە، پەیمانگەیەکی تر بوو بۆ دەوڵەمەندکردنی ڕۆشنفکری عوزێری و لە تەمەنی 22ساڵیدا وابەستەی کاری بێژەری بووە، جگە لە پێشکەشکردنی دیوانی شیعر، لە هەمانکاتیشدا هاریکاریی بەرنامەی (هنا بغداد) و وتارنووسین بووە.
$دەبێتە فەرمانبەر لە موتەسەریفییەتی سلێمانی$
لە دوای شۆڕشی #14-07-1958# دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی، بەڵام دەستبەرداری ڕادیۆی کوردی بەغدا نابێت، بۆ پێشکەشکردنی بەرنامە و کاری تایبەتیی تر سەردانی بەغدا دەکات، لە هەمان کاتدا لە پارێزگای سلێمانی وەک فەرمانبەر (نووسەر) دادەمەزرێت.
مامۆستا (جیهان عومەر)ی چیرۆکنووس دەڵێت: (لەگەڵ عوسمان عوزێری بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە لە فەرمانگەی پارێزگای سلێمانی کارمان کرد تا #15-08-1960# ، کە بەیەک لیست کۆتایی بە ڕاژەکەمان هات، ئەوەی لە یادم بێت و لەو فەرمانگەیە لەگەڵمان بوون؛ شاعیری پایەبەرز (گۆران) و هەردوو هونەرمەند (کاوە ئەحمەد میرزا و ئیسماعیل شێخ عەلی بەرزنجی و شێخ محەمەد مەحوی و ئەنوەر جاف) بوون، کۆتاییهێنانەکەی بە ڕاژەکەمان بەهۆی کێشەیەکی موتەسەریفی ئەو کاتە (عادیل جەلال)بوو، کە پەیوەندی بە چوونی گۆرانی شاعیر بوو بۆ کۆنگرەی ئاشتی لە شەقڵاوە). عوسمان عوزێری، تێکۆشەرێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرێکی کەموێنەی ڕاستگۆ بوو.
مامۆستا (جیهان عومەر)ی نووسەر دەڵێت؛ (مرۆڤێکی چاک و کارگوزار بوو لە ڕێکخستنی ئەدەبی و هونەری و لاواندا، کە ئەو کاتە پێکەوە کارمان دەکرد لە ڕیزەکانی یەکێتی لاوانی کوردستان، کە بارەگاکەی لە بەرانبەر مزگەوتی گەورە بوو، بەتایبەتیی لە (تیپی هونەریی خەبات) ئەو تیپەش گەلێک چالاکی هونەریی هەبوو).
هەر لە ڕوانگەی کاروباری ڕامیاریی و ڕێکخستنەوە، (حاجی جەمال) سەبارەت بە ڕۆڵی عوزێری وتی؛ (عوزێری کەسێکی زۆر بەغیرەت و دڵ و دەروونی پاک و مەزن بوو، لە کاری ڕێکخستندا زۆر شارەزا و کارامە بوو، سەرۆک شانەمان بوو، لە فەرمانگەی (ڕێگا و بان)یش لەگەڵ بەڕێزان: شێرکۆ بێکەس، عەلی بۆسکانی، عوسمان دەروێش بەکر، بەکری حەلاو، فوئادی حەمە شێخلی و سەڵاحی حەمەی شێخلی و عوزێریدا، پێکەوە فەرمانبەر بووین، کاتێک لە شەڕی دەربەندی بازیان بریندارکرا، لە ماڵی عەزیز بەگی خەزووری بەنهێنی تیماردەکرا، زووزوو دەچووم بۆلای.
$ڕۆڵی عوزێری لە کاری شانۆدا$
گومان لەوەدانییە کە داب و نەریت و بۆنە و یادە فۆلکلۆری و نەتەوەییەکان بەردی بناغەی درووستبوونی شانۆی کوردی بوون و تا ساڵی پەنجاکان بەشێوەیەکی کلاسیکی کاریان لەسەر کراوە.
وەکوو (#شێرکۆ بێکەس# و عوزێری) ئاماژەیان بۆ کردووە لەناوەڕاستی ساڵی پەنجاکانی سەدەی پێشوودا، پەنجەرەیەکی نوێ بەڕووی ئەم کارە جوانەدا خراوەتە سەرپشت. شێرکۆ بێکەس بۆ ئەم کارە لە وەڵامی پرسیارێکی ڕووبەڕووی (#هەڤاڵ کوێستانی#)دا دەڵێت؛ (بەلای منەوە یەکەم درەوشانەوەی ئەستێرەی ئەم هونەرە لە کۆتایی پەنجاکانەوە دیاریدا، من تا ئەو کاتە شانۆی کوردی بە شانۆیەکی هونەری درامی نازانم، بەڵکوو تارمایی شانۆ بوو..).
عوزێریش لەم ڕوانگەیەوە لە پێشەکی پەرتووکی (لە پێناوی دادپەروەریا) دەڵێت: (ئەگەر بێت و چاوێک بە وێژەی کوردیدا بخشێنین و تەرخەم بدەینە (شانۆ)، دەبینین هێشتا شانۆ شوێنی تایبەتیی نەگرتووە و نەچەسپاوە بە هیچ جۆرێک لەناو وێژەی کوردیدا، چونکە هونەری شانۆ لەناو کوردەواریدا شتێکی تازەداهاتووە، و بۆ ڕاستی ئەم قسەیەش هەموو جۆرە سامان و میراتە وێژەییەکانمان بپشکنین هیچ جۆرە سامانێکی شانۆییمان نییە).
بەو پێیە بێت ئەشێ بڵێین عوزێری چ وەکوو ئەکتەر و چ وەکوو نووسین و وەرگێڕانی دەقی شانۆیی، بە یەکێک لە پێشەنگەکانی بواری شانۆدا دادەنرێت، کە شوێن دەستی دیارە، وەک جگە (لە پێناوی دادپەروەریا)، (یاسای قازێیتی-شانۆنامە)، (عیسمەتی کچی قازی محەمەد-چیرۆکێکی شانۆیی کورتە)، (ئەشکەنجەی خۆشەویستی-چیرۆکێکی کۆمەڵایەتییە)، (ماجید و لین-چیرۆکێکی وەرگێڕاوە).
$شانۆ دەبێتە جێژوانی ئەوینی ئاوات و شیرین$
بەپێی ئاماژەکانی ساڵی پەنجاکان، دەرگەیەکی نوێ بۆ شانۆی کوردی خراوەتە سەرپشت. کچان وابەستەی شانۆ بوون، هەرچەندە لەو کات و سەردەمەدا بینینی ڕۆڵی کچان ئاسان نەبووە، بەتایبەتیی لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی ئەو کاتەدا.
ئەم هەنگاوەی کچان بە خەباتێکی سەخت دادەنرێت، یەکێک لەو کچە پێشەنگانە خاتوو پەروینە، کە لە ساڵی 1959دا و لە تەمەنی 14 ساڵیدا (بەشداری شانۆگەری (کاوەی ئاسنگەر) دەکات، کە لە نووسین و دەرهێنانی مامۆستا (کامەران موکری) بووە)، (ئەکتەرەکانیش بریتی بوون لە: کامەران موکری، کەمالەدین حاجی تۆفیق، جەلال وەستا ئەمین، مەحموود عەزیز بەگ و تاهیر ساڵح سەعید، کچەکانیش: گەلاوێژ سابیر کۆیی، پەروین عەزیز ڕەسوڵ، سوعات سەعید بوون، ئەم شانۆگەرییە لەسەر شانۆی ئامادەیی کوڕان بۆ ماوەی (10) ڕۆژ پێشکەشکرا).
پێدەچێت پیرۆزی شانۆ هۆکاری سەرەکی لەیەکنزیکبوونەوەی ئەوینی ئەو دوو کەسایەتییە دڵسۆزە بووبێت، ئەوانیش بۆ پاراستنی ئەوینیان، ناوی خوازراوی (شیرین و ئاوات)یان بۆ خۆیان دانابوو و لە زۆربەی هۆنراوەکانی عوزێریدا ڕەنگی داوەتەوە، لە هۆنراوەی (ئاوات بۆ شیرین) دەڵێت:
(خۆشەویستی تۆ کاری کردۆتە هەموو ژیانم
بووەتە خۆراکی دڵ و جگەر و بیر و گشت گیانم
گەر شەماڵ تۆزێ.. تۆزێ ژێرپێت بدا بەڕووما
پێی ئەژێمەوە بەپیرۆزترین دیاری ئەزانم
(شیرین) ئەم ژین و هەموو دنیایەم لەبەر تۆ ئەوێ
تەنانەت لەبەر چاوانی تۆیە خۆشیم ئەوێ )
$ئاوات و سزا$
ئەو ڕۆژانەی عوزێری لەبەندیخانەی سلێمانی بەند دەکرێت، ئەویش لە دوای برینداربوونی لە شەڕی دەربەندی بازیان و هێنانەوەی بۆ سلێمانی و بەنهێنی تیمار دەکرێت، کەسێک حکومەت ئاگەداردەکاتەوە و شوێنی حەشاردانەوەکەی ئاشکرادەکات، دواتر بەبرینداری دەگیرێت، ڕۆژانی هەینی دەرگەی بەندیخانەکە کراوە دەبێت بۆ ئەو کەسانەی سەردانی بەندکراوەکان دەکەن، عوزێریش هەموو ڕۆژانی هەینییەک چاوەڕوانی دەزگیرانەکە دەکات کە سەردانی بکات. ڕۆژی هەینی #07-09-1962# کەسوکار و خزم و ناسیاوانی، کە سەردانی دەکەن، خاتوو پەروین (شیرین)یان لەگەڵدا نابێت! بەجارێک هۆش و بیری لای خۆی نامێنێت! دەپرسێت: بۆ (پەروین)تان لەگەڵدا نییە؟! دەڵێن: نەخۆش بوو، نەیتوانی بێت. ئەم هەواڵە ئازارێکی زۆر بەناخی عوزێری دەگەینێت، ژان و ئازاری ئەو هەواڵە دەبێتە هۆکاری لەدایکبوون هۆنراوەی (ئاوات و سزا)؛
کەچی ئەمڕۆکەش بیستم نەخۆشی
بەڕاستی هەرچی هۆش بێ یا خۆشی
هەرچی توانا بێ، هێز بێ، بەجارێ
سەد قات لەپلەی خۆی هاتە خوارێ.
یان:
ئینجا سەرم بەیت، بێیت بۆ بینینم
ئەی هێزی ئەژنۆ و ئاواتی ژینم
من بێجگە لەوەی دیلی داوی تۆم
کە گیان نازانم هەرگیز بەهی خۆم
دڵمت بردووە، ژین لەدەستایە
ئێستا لەشیشم لەبەندایە.
$ ڕۆڵی عوزێری لە نەورۆزدا$
لەگەڵ وابەستبوونی بە جیهانە ڕەنگاڵییەکەی شیعر نووسینەوە، هەتاکوو ساتەوەختی شەهیدبوونی، کە دەکاتە نزیکەی (10) ساڵ، جگە لە بەشداریکردنی یادکردنەوەکانی جەژنی نەورۆزدا، هۆنراوەی کورت و درێژی بۆ نەورۆز نووسیوە. شاخی (تۆکمە)، کە نزیک گوندی (قازان)ی بەرانبەر بە گوندی چەرمەگا؛ قیبلەنمای نەورۆزپەروەرانی ناوچەکە بووە، کاریگەریی مەشخەڵی نەورۆزی لوتکەی تۆکمە بووە بەهێمایەک بۆ ئاوێزانبوونی باڵای شیعرەکانی عوزێری.
لەو ڕۆژەوەی کە چووە بۆ شاری بەغدا، تێکەڵاوی لەتەک هونەرمەندان و شاعیران و ڕۆشنبیران و کوردەکانی ئەو شارە پەیدا دەکات، بۆ یەکەمین جار لەگەڵ ئەواندا بەشداری لە ئاهەنگی یادکردنەوەی نەورۆزی ساڵی 1957 دا لە شاری بەغدا دەکات، کە لە (سەلمان پاک) سازکرابوو، لە ئاهەنگەکەدا عوزێری پێشکەشکاری یادەکە بووە.
ساڵی 1958 بەهەمان شێوە بەشداری لە یادکردنەوەی جەژنی نەورۆزدا کردووە کە لە (باخچە هەڵواسراوەکانی بابل)دا سازکرابوو و لە هەمان ساڵدا دوو هۆنراوەی بۆ نەورۆز نووسیوە و هۆنراوەیەکیان لە دژی یەکگرتنی ئوردون و ئێراقە لە (#14-02-1958# )؛
(کوردینە بۆچ پەرژ و بڵاون
لەناو خۆتاندا لەیەک بڕاون؟
یەکگرن هەموو ئەوا درەنگە
نووستوویی نەما وا کاتی جەنگە
بەرەو دوژمنتان بەهەڵمەت ڕاکەن
لەجیاتی دەرزی سوژنیان پیاکەن
تاکوو بزانن کار بەزۆر نابێ
دواڕۆژی زۆردار دەبێت ڕسوا بێ).
جاران کە ڕژێم ڕێگربوو لەیادکردنەوەی جەژنی نەورۆز... کوردەکان بۆ بەرپەجدانەوە دەچوون (تایە)ی ئۆتۆمۆبێلیان لەناو گەڕەک و شەقام و سەرگردەکانی شاردا، گڕیان تێبەردەدا، عوزێری لەتەک ئەو ڕێگریەدا، بیری لای ژینگەپارێزی بووە، لەهۆنراوەی دووەمیدا لەجیاتی وشەی (تایە)؛ داری بەکارهێناوە!
(جەژنی نەورۆز، ئاگری بەکڵپەی دڵ
و سۆزی دەروونی خەڵکی ئەم نیشتمانە دەگرێتەوە
تامی نییە، گەر بەیەک دوو دار
گڕ تێبەردەی وەکوو یاری منداڵانە)
عوزێری لق و گەڵا و پرچی دار ئەرخەوانێکی جوان بوو.. بەر لەهاتنی وەرزی بەهار پەڕەی دڵی گوڵی شیعری کردووە بە (ڕایەخ) سیپاڵی ڕێگە بۆ پێشوازی بووکە جوانەکەی وەرزی ساڵ..
(ئەمڕۆ بەهارە بولبول ئەخوێنێ
جیهان چەند خۆشە
بۆنی گوڵاڵە شادی دەهێنێت
دڵ بەپەرۆشە
جیهان بەیەکجار بووە سەوز سوور
بەگوڵ ڕازاوە
سەرسام دەکەن کەنێرە و چنوور
بەشنەی باوە
لەگەڵ ئەو هەموو شادی و خۆشییە
جەژنی نەورۆزە
لەناو کوردانا هەر ڕووخۆشییە
و جەژنە پیرۆزە).
شۆڕشی چواردەی تەممووز، کانیی شیعری عوزێری زیاتر تەقاند و تینوویەتی چەوساوەکانی سەردەمی پاشایەتی پێ شکاندەوە و ڕقی پەنگخواردووی چەندین ساڵەی بەرانبەر بە ستەم و زۆرداری زوحاکەکان دەربڕیوە:
(ئەوانەی ماف و گەل و نیشتمان
بەدەستیانەوە هەمیشە ئەیناڵان
ئێمەیان فرۆشت بۆ بێگانەکان
مژدەبێت کوردە ئەوا سەربڕان
هەروای بەسەردێ ئەوەی ناپاک بێ
ئەنجامی دەبێت وەکوو زوحاک بێ).
$نەورۆزی ساڵی 1959$
بەهۆی ئەو ئازادییەی ساڵی 1959، کە بۆ کوردانی باشووری کوردستان ڕەخسابوو، بە ساڵێکی زێرین دادەنرێت، لەتەواوی شار و شارۆچکە و گوندەکان بەئازادانە یادی جەژنی نەورۆز کراوەتەوە، بەتایبەتیی لە شاری سلێمانیدا لەدوو شوێنی جیاواز یادکراوەتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لە (تووی مەلیک) و حیزبی شیوعیش لە (مامەیارە).
عوزێری یەکێک بوو لە ئەندامە هەڵسووڕاوەکانی لێژنەی سەرپەرشتی یادەکە لە (تووی مەلیک)، لەگەڵ: نەجمەدینی مەلا، کامەران موکری، محەڕەم محەمەدئەمین و ئیسماعیل عارف و هتد..
$نەورۆزی ساڵی 1960$
لەبەر ئەوەی عوزێری بەهۆی کاری سیاسییەوە پێیەکی لە سلێمانی و پێیەکی لە بەغدا بووە، بۆ یادکردنەوەی جەژنی نەورۆزی 1960 بۆی نەگونجاوە بێتەوە بۆ شاری سلێمانی، بەڵکوو ئەو هۆنراوە درێژەی، لەژێر ناونیشانی (یادی نەورۆز) کە لە ڕۆژی #17-03-1960# دا نووسییویەتی، بەیانییەکەی لەڕادیۆی کوردی بەغدا خوێندوویەتییەوە و بۆ ئێوارەکەشی دیسان لەو ئاهەنگەدا خوێندوویەتییەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا سازی کردبوو.
لەناوەرۆکی هۆنراوەکەدا زیاتر پیرۆزی خوێنی شەهیدان باس دەکات و ڕەنگی سووری کڵپەی ئاگری نەورۆزی چواندووە بەخوێنی شەهیدان.
(ئەوەش هەمووی کڵپەی خوێنی شەهیدانی کوردستانە
وا تیشکی سووری بزوێنی لەسەڕ ڕووی ئەم نیشتمانە).
لە کۆپلەیەکی تردا ئاگاداری نەتەوەکەی دەکات، کە شەهیدانیش ئاگایان لە هاتنی ڕۆژی جەژنی نەورۆزە؛
(شەهیدانیش بێبەش نابن
لەم جەژنەخۆشە پیرۆزە
یان وەنەبێت، بێئاگابن
کە ئەمڕۆ جەژنی نەورۆزە).
هەر لە هەمان ساڵدا و ڕۆژێک پێش هاتنی جەژنی نەورۆز، ئەم هۆنراوەیە دەنووسێت؛
(نەورۆز بڵێسە و مەشخەڵ و هەستە
جەژنە باوەڕە، بەستە و مەبەستە
ژیلەیە، گڕە، تینە
خۆشی و شادییە، هیوایە، ژینە
بۆیە گەلی کورد بەئاواتەوە
گشت ساڵێک یادی نوێ دەکاتەوە).
$نەورۆزی ساڵی 1961$
بەپێی ئاماژەکان یادکردنەوەی جەژنی نەورۆزی ساڵی 1961 گۆڕانکاری تیاداکراوە، جگە لەوەی ئێوارە لە زۆربەی سەربانی ماڵەکان و لوتکەی هەروتەی شاخی گۆیژە و گردی یارە و سەرگۆمەزی هەندێک لەقەبرەکانی سەیوان ئاگری نەورۆز کراوەتەوە، بۆ بەیانییەکەشی تەواوی دوکانەکانی ناوشاری سلێمانی داخرابوون، زیاتر لە (70) لاوی سوارچاک، لەگەڵ ئاپۆڕەیەکی خەڵکی زۆردا، بەوتنەوەی سروود و دەهۆڵ و زوڕنا بەناو شەقامەکاندا گەڕاون، لەتەک ئەوەشدا لە کۆچە و کۆڵانەکاندا ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ تاکوو ئێوارە سازکرابوو، لە بڵندگۆی بارەگای (پ.د.ک.) سروود و گۆرانی لێدراوە.
عوزەیریش یەکێک بووە لە ئامادەکردن و سەرپەرشتیکردنی ڕێوڕەسمی بارەگای (پ.د.ک) بوو.
$نەورۆزی ساڵی 1962$
دوای هێرش و پەلامارەکانی ڕژێمی فاشست عەبدولکەریم قاسم، لە ساڵی 1962دا، دەستی بەسووتاندنی گوندەکانی کوردستان و قەدەغەکردنی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆزی کرد، هەر لەو ساڵەدا عوزێری دوا هۆنراوەی نەورۆزی لەژێر ناونیشانی (ئاگری نەورۆز)، لەبەندیخانە نووسیوە و لەدوا کۆپلەدا دەڵێت؛
(بزانە ئێمە، کە جەستەی خۆمان
دەکەینە چرای ڕێگای تێکۆشان
خۆمان دەبینە سوتەمەنی و گڕ
خۆمان دەبینە مەشخەڵ و ئاگر
ئاگری نەورۆز وا دەکەینەوە
گرەوی ژیان هەر دەبەینەوە).
عوزێری لە سەرەتای شەستەکاندا، بەرەنگاربوونەوەی قەدەغەکردنی ئاگرکردنەوەی جەژنی نەورۆزی بە داگیرکەران ڕاگەیاند؛ ( ئەو ئاگرە پیرۆزە بە جەستەمان دەکەینەوە)..
دوای تێپەڕاندنی (20) ساڵ بەسەر ئەو هەڵوێستەی عوزێریدا.. لە سەرەتای هەشتاکانەوە تاکوو ساڵەکانی دوایی چەندین نەورۆزپەروەر بە جەستەی پیرۆزیان ئاگری نەورۆزیان داگیرساندووە، وەک شەهیدان؛ مەزڵوم دۆغان، سڵێمان ئادی، زەکییە ئەلکان، ڕووناهی بێریڤان، ڕەهشان و شاگوڵ و هتد..
$هاتنەوەی ئاواتە شیرینەکانی عوزێری و پەروین$
دوای زیاتر نزیکبوونەوەی هەناسەی گوڵڕەنگینی ئەوین پاکی نێوان (پەروین و عوزێری)، کەچەند ساڵێک لەژێر سایە و سێبەری دنیای نهێنی ڕۆژە سەختەکانی خۆشەویستییان بە ناوەکانی (شیرین و ئاوات) بەڕێکردووە، لە کۆتایی ساڵی 1960 بە ئاواتی دڵی خۆیدا دەگەن و لە ڕۆژێکی ئەرخەوانی جواندا ئەڵقەی دەزگیرانی دەگۆڕنەوە.
$عوزێری فرەڕەهەند بوو$
عوزێری ڕۆشنفکرێکی بەتوانای فرەڕەهەندی زەریای ئەدەب و هونەر و کوردپەروەرێکی دڵسۆزی سەردەمەکەی خۆی بووە. زمانەکانی؛ ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی و تەنانەت شێوەزاری هەورامی زۆر بەباشی زانیوە، لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی؛ ژین، هەتاو، پێشکەوتن، شەفەق و خەبات.. هتد.. نووسینی هەمەجۆرەی بڵاوکردووەتەوە، لە بوارەکانی؛ شێوەکاری، جواننووس، شیعر، چیرۆک، ڕەخنە، سینەما، بێژەری و یادەکانی نەورۆزدا و هتد.. جێگە دەستی دیار بوو.
$کارکردن لە بواری مێژوودا$
شەرەفخانی بەدلیسی مێژوونووس دەڵێت؛ مێژووناسین لەسەرووی هەموو هونەرەکانەوەیە، دوکتۆر کەمال مەزهەریش دڵێت؛ مێژوو زانستی زانستەکانە، بێگومان مێژوو چرایەکی پرشنگدارە بۆ ڕووناککردنەوەی نێوان دوێنێ ئەمڕۆ.. مێژوونووسیش ڕابردوو بە داهاتوو دەناسێنێت.
عوزێری بڕوای تەواوی بە مێژوو هەبووە دەڵێت: پێویستە شارەزای مێژووی نەتەوەکەمان بین و وانە و پەندی لێوەربگرین.
$#مێژووی جووڵانەوەی مامۆستایان لە پۆڵەندە# $
لە دوای خوێندنەوەی نامیلکەی (مێژووی جووڵانەوەی مامۆستایان لە پۆڵەندە) دیقەت دەدات کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئازار و مەینەتییەکانی کوردستاندا نییە، دەستبەجێ وەریدەگێڕێت بۆ سەر زمانی کوردی، لە پێشەکی نامیلکەکەدا دەنووسێت: (بەڕاستی ئەو گیروگرفت و چەڵەمانەی، کە هاتوونەتە بەردەمی گەل و نیشتمانی پۆڵەندا، ئەو کوێرەوەرییەی بەسەریاهاتووە، تا چارەنووسی کتومت لە گیروگرفتەکانی کوردستانی دابەشکراو و کۆڵەواری خۆمان دەکات، هەر ئەوەش بوو کە پاڵی پێوە نام کە وەریبگێڕمە سەر زمانەکەمان، بەتایبەتیی ئاڕاستەی ئەو مامۆستا کوردانەی دەکەم، کە تا ئێستاش هەستیان بەو پێویستییە نەکردووە، کە بزانن مامۆستایەکی کوردن و لێپرسراوی زمان و مێژوو و جوگرافیای کورد و کوردستانن، کە لەو کۆرپە کوردانە بگەیەنن کە لەبەردەستیاندا پێ دەگرن).
(چۆن کوردستان بەسەر چوار وڵاتی داگیرکەردا دابەشکرا بوو، بەهەمان شێوە پۆڵەندەش بەسەر؛ ڕووسیا، ئەڵمانیا، نەمسا دابەشببوو، مامۆسایان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەیان).
$#شۆڕشی دیاربەکر# $
پێش ئەوەی بکرێت بە پەرتووک، لەیەک دوو کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەریدا خوێندویەتییەوە، یەکێک لەو کۆڕانە لێژنەی ناوچەی بەغدای (پ.د.ک.) بوو، لە ڕۆژی 28-06-1960 دا، بۆ یادی لەسێدارەدانی (شێخ سەعیدی پیران) و هاوڕێکانی سازیکردبوو، لەو کۆڕەدا عوزێری خوێندوویەتییەوە.
جگە لە د. کەمال مەزهەر، مامۆستا (عومەر مارف بەرزنجی)یش، سەبارەت بەم پەرتووکە دەڵێت: (لە کاتێکدا ئەم پەرتووکەی عوزێری بڵاوکرایەوە تا ئەو ڕۆژگارە ماوەیەکی دواتریش هیچ بابەتێکی سەربەخۆ سەبارەت بەم شۆڕشە مێژووییە بڵاونەکرابوو، بۆیە هەوڵی نووسەر لەم بوارەدا دەبێتە بەرکوڵ و یەکەم بەرهەمی کوردی سەبارەت بە شۆڕشی باکووری کوردستان).
$شەڕی دەربەندی بازیان و برینداربوونی عوزێری$
دەربەندی بازیان، کلیلی دەروازەی شاری سلێمانییە، لە سەردەمی لۆلۆییەکانەوە هەتاکوو ئێستا هەرکاتێک کە دەربەند گیرابێت ئیتر سلێمانیش کۆتایی پێهاتووە. پێش بەرپابوونی شەڕی دەربەندی بازیان، لە ساڵی 1961 دا، (پ.د.ک.) لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی #06-09-1961# بڕیاری مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان بۆ ماوەی (3 ڕۆژ ڕاگەیاندرا.).
مامۆستا ئیبراهیم جەلال دەڵێت: (مانگرتنەکە بە ڕێژەی ٪90 لە گشت شار و شارۆچکەکانی کەرکووک، زاخۆ، دهۆک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لە ڕۆژی هەینی #08-09-1961# دا، لەژێر فشار و هەڕەشەی زۆری پیاوانی ڕژێمی قاسم، لە هەندێک لە شارەکان، خەڵکی ناچاری شکاندنی مانگرتن کران، هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی مانگرتنی (پ.د.ک.) چەند خێڵ و سەرۆک خێڵێکی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی سەربە پارێزکای سلێمانی بێ پرس و بڕیاری (پارتی) دەستیان بە خۆپیشاندانی چەکداری کرد).
ئەو کاتە عوسمان عوزێری ئەندام ناوچەی (پ.د.ک.) بوو لە سلێمانی، لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی #11-09-1961# ، کە ڕژێمی ئێراق هێرش دەکات بۆ دەربەندی بازیان، عوزێری لەگەڵ (عەبدوڵڵا ڕەزای قەرەچەتانی)، کە ئەویش ئەندامی پارتی بوو، بە ئۆتۆمۆبیل، خواردن و ئازوقە دەبەن بۆ هێزە چەکدارەکان لە دەربەندی بازیان، لەنێوان گوندی (ئەڵڵایی) و بازیاندا بە بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای ئێراق، عوزێری بریندار دەبێت و قاچی ڕاستی لەسەرەوە بۆ خوارەوە بەتەواوی دەسووتێت.
دەیهێننەوە بۆ ناو شار، لە ماڵی خاتوو (پەروین)ی دەزگیرانی، بەنهێنی خاتوو (موعەزەز)ی خوشکی پەروین خان، کە ئەو کاتە لە نەخۆشخانە کاری دەکرد، برینەکانی بۆ تیمار کرد.
ڕۆژانە خزمان و ناسیاو و دۆستەکانی بەنهێنی سەردانیان دەکرد، پەروین خان بۆ (ڕاپەر)ی کوڕی باسکردووە، کە کەسێک لەناسیاوەکانی، کە جارجار سەردانی دەکرد، شوێنەکەی عوزێری بۆ پیاوەکانی ڕژێم ئاشکراکرد، ئەوانیش دایان بەسەرماندا و عوسمانیان بەبرینداری برد، ماوەیەکی زۆر لە گرتووخانەی سلێمانی هێشتیانەوە، دواتر ڕەوانەی گرتووخانەی (بەعقووبە)یان کرد.
$ئازادبوونی عوزێری$
عوزێری لە زینداندا زیاتر کاتەکانی بە نووسین و خوێندنەوە بەسەر دەبرد، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی #08-02-1963# ، بەعسییەکان کودەتا بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا ئەنجام دەدەن و لەناوی دەبەن، (پ.د.ک.) لەلای خۆیە ئاگربەست ئەنجام دەدات، دواتر، لە ڕێکەوتی #12-03-1963# ، عوزێری ئازادەکرێت.
ڕژێمی ئێراقی ئەو گوندانەی نزیکی ڕێگاوبانە سەرەکییەکان بوون هەموویانی سووتاندبوو، گوندی چەرمەگاش سووتابوو، ماڵی ئەحمەد ڕۆستەمی باوکی لە گوندی (گەبە)ی نزیک لە چەرمەگا، نیشتەجێبوون، گڕی خۆشەویستی عوزێری هەر لە ڕێگاوە دەباتەوە بۆ ماڵی باوکی (پەروین خان)، ڕۆژ و کاتی گواستنەوە دیاری دەکەن، مانگی هەنگوینی دەبەنە گوندی (گەبە)، دواتر کە هەواڵی عەبدوڵڵای برای دەپرسێت؟ بۆ دیار نییە بێت پیرۆزباییم لێبکات؟ ئەوسا پێی دەڵێن: کە لە شەڕەکەی ئەزمەڕ لە ساڵی 1962 شەهید بووە و لە گوندی (قازان) بەخاک سپێردراوە. دەچێت بۆ ئارامگەکەی و ئەم شیعرەی بۆ دەنووسێت:
(برای شیرینی نەبەزم، تۆ نامریت تا کورد مابێت
تۆ شەهیدی کوردستانیت، بۆ شەهیدیش مردن نابێت
تۆ و هەڤاڵانی خەباتت، کە بۆ کوردستان شەهید بوون
لەناو دڵی کوردا دەژیا، زیندوون تا دنیا مابێت).
$کاری بێژەری و پێشمەرگایەتی$
ساڵی 1963 دەبێت بە ڕابەری سیاسی هێزی خەبات، بەڵام کە لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 20-08-1963 (دەنگی کوردستان ئێراق) دامەزرا، بەو پێیەی عوزێری پێشتر لە ڕادیۆی کوردی بەغدا کاری کردبوو و شارەزاییەکی باشی لە کاری بێژەریدا هەبوو، لە ڕابەر سیاسییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئێزگە. لەم ڕوانگەیەوە (وریا جاف) دەڵێت: (یەکێک بوو لەو کەسانەی کە کاروباری دەنگی باشووری کوردستانیان ڕادەپەڕاند، لەگەڵ ئەوەشدا بێژەری کرمانجیی خواروو بوو).
دواتر ماڵەکەی دەباتە نزیکی شاخەڕەشی نزیک ئێزگە، لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 21-01-1964 خوا کوڕێکیان پێ دەبەخشێت ناوی دەنێن (ڕاپەر).
ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق، هەر کاتێک دانووستانیان لەگەڵ شۆڕشدا کردبێت، خاڵی یەکەمیان داوای ڕاگرتنی پەخشی ڕادیۆکەیان لێکراوە، وەکوو وریا جاف ئاماژەی پێکردووە: (چەند ڕۆژێک پاش ڕێکەوتن 10-02-1964، پەخش ڕاگیرا).
دیسانەوە عوزێری کاری ڕابەر سیاسی پێ سپێراوەتەوە.
$درووستبوونی بیروڕای جیاواز$
دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 1964، باڵی مەکتەبی سیاسی لە (پ.د.ک) جیابوونەوە، گومانێکی زۆر سەبارەت بە کەسایەتییەکان لەناو هەردوولا درووست بوو.
شێخ عەزیز چەرمەگایی لە یادوەرییەکانیدا دەڵێت: (من سەرپەل بووم لە گوندی (وەڵەسم)ی بناری شارەزوور، عوسمان عوزێری لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک لە گوندی (کانی سێف)بوو، نامەیەکی بۆ ناردم کە یەکتری ببینین، لەگەڵ پێشمەرگەکانمدا چووین بۆ لای، لە کاتی بناشت و قسەکردندا وتم؛ فەرمانی تەقەت پێیە؟ وتی: (نەخێر.. کفرە پێشمەرگە ڕووی چەک بکەنە یەکتر، هەرگیز کاری وا نابێت). عەبدولوەهاب ئەترووشی وەڵامی بۆ ناردم، کە بە عوسمان عوزێری بڵێم هەموو پێکەوە بچین بۆ پێنجوێن، من گومانم لەوچوونە هەبوو، بەڵام عوسمان عوزێری وتی: زۆر باشە با بچین، کە نزیکبووینەوە هەرچوار لایان لێ گرتین و بردینیان بۆ مەخفەرەکەی پێنجوێن. هەفتە زیاتر ئێمەیان هێشتەوە، پاشان ئێمەیان برد بۆ گەڵاڵە، بەڵام زۆر خراپ بۆیان تێ چاندبووین، دواتر ئەویان برد بۆ گرتووخانەی سەنگەسەر و ئێمەیان ئازاد کرد. لەپاش هەوڵدانێکی زۆر (مەجید ڕۆستەم)ی مامی کە سەرهێزی ڕزگاری بوو، ئازادی دەکات، دواتر لە چەرمەگا دادەنیشێت.
$دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئیزگە$
وریا جاف دەڵێت: (لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری 1965، سەرکردایەتی شۆڕش دەنگی کوردستانی ئێراقی دامەزراندەوە).
لە کۆتایی ساڵی 1965 دا عوزێری لە پێنجوێن چاوی بە خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانی دەکەوێت، بارزانی پێی دەڵێت: هەر ئێستا بچۆرەوە بۆ ئیزگە، عوزێریش پێی دەڵێت: چاوم تەواو نییە، دەمەوێت بچم بۆ ئێران، بارزانی بە لێپرسراوی دارایی دەڵێت: پارەی چەند پێویستە بیدەنێ، بەڵام کە گەڕایتەوە یەکسەر بچۆرەوە بۆ ئیزگە. (27). عوزێری لە سەرەتای ساڵی 1966 دا، لە تاران چاوی بە مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد) دەکەوێت، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک پێکەوە گفتووگۆ دەکەن، کە دەگەڕێتەوە ڕاستەخۆ دەچێت بۆ ئیزگە کە لە پشتی گوندی (والاش)ی بەرانبەر شارۆچکەی گەڵاڵە دەبێت. دوای چەند مانگێک کۆمەڵێک قسەی هەڵبەستراوی دوور لە ڕاستی سەبارەت بەدیدارەکەی لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بە بارزانی دەگەیەنرێت، لەسەر ئەوە جارێکی تر عوزێری دەگرن و لە گەڵاڵە بەندی دەکەن.
بە پێی دوانامەکەی لە ڕێکەوتی #02-06-1966# کە لە بەندیخانەی گەڵاڵەوە ناردوویەتی بۆ خاتوو پەروین، دەنووسێت:
(من لێرە لە گەڵاڵە بەندکراوم، چارەنووسمان دیار نییە، بەتایبەتیی لەوەتەی مام (مەجید ڕۆستەم) لە هێز جیابووەتەوە و سەرۆک منی کردۆتە بارمتە، وەکوو بۆم دەرکەوتووە).
ئەمە و چەند ڕووداوێکی تر هیوا و ئاوات و خەونەکانی عوزێرییان بەرەو کیشوەرێکی نادیار برد.
عوزێری ڕووبارێکی سەرهەڵگرتووی پڕاوپڕ لە ئافڕاندن بوو، بەداخەوە نەیانهێشت ئەو خەون و ئاواتە جوانەی تەواو بکات، کەوتە نێوان دوو بەرداشیتی دژ بەیەکدا و بوو بە قۆچی قوربانی.
[1] [2]