دار قەزوان، داربنیشت، دارچاچکە، دار وەن، دارەبەن. قسقەوان.(Pistacia atlantica) دارێکی لێڕەوارە، بەرێک بە ناوی قزوان دەگرێ و لە دارەکەشی بنیشت وەدەست دێنن.
مرفولۆژی: دارێکی خۆرسکی لێڕەوارە لە تیرەی پستەکان، تاکوو 15 میتر بەرز دەبێ، نێو قەدەکەشی دەگاتە نیو میتر، دارێکی نەراست و پڕ گرێ و لۆچە و ڕەنگی تاریکە. گەڵاکانی وەک شانەن و 2 تاکوو 5 وردەگەڵای دیکەیان لێ جیا دەبێتەوە. شێوازی گەڵاکانی هێلەکیین و لێوارەکانیان کەم و زۆر برژانگدارەن. هەر یەک لەو وردەگاڵایانە 2 و نیو تاکوو 8 سانیمیتر درێژن و پاناییەکەیان لە 0،7 تاکوو 2 سانیمیتر دەبێ. گوڵەکانی هێشووین و بەرەکەشی خڕەڵەیە و لە 5 تا 8 میلیمیتر قەڵەو دەبێ.
هەوەڵی بەهار گوڵ دەگرێ و لە ناوچەکانی جەزیرەی قەناری و وڵاتانی لێواری مەدیتەرانە دەڕوێ و تاکوو ئاسیای چووکە و سوریە، قەفقاز، ئێران، ئەفغانستان و پاکستان و بەتایبەتی لە کوێستانەکانی کوردستان بە زۆری دەڕوێ، بەتایبەتی لە ناوچەی هەوارامان. زۆرتر لە بەرزایی 600 تاکوو 100 میتر لەسەری ئاوی دەریاوە دەڕوێ. بەرێک بە ناوی قزوان یان وەنەتەق دەگرێ کە خواردنی بۆ گەدە و گورچیلە دەرمانی باشە، هەروەها بۆ ساف کردن و کردنەوەی دەنگ زۆر بەکەڵکە، بێجگە لەمانەش بۆ بەهێز کردنی هێزی جنسی فرە باشە. بۆ گازی سکیش دەرمانی باشە و بە هۆی کاریگەری دژە میکرۆبیەکەیەوە لە دەرمانی برینی گەدە (زخم معدە) و ڕیخۆڵەی دوازدەگرێ بەکار دەبرێ. لەبەر ئەوەی مێشکی بەرەکەی چەورە جۆرێ ئەشکنەی لێ دروست دەکرێ. سەرەڕای هەموو ئەمانە دەکرێ وەک پستە بشکێندرێ و بخورێ. قزوان بۆ تامخوەشی دەکرێتە ناو دۆ و زۆر خۆشی دەکا. لە دارەکەشی جۆرە جەوییەک دەر دێنن کە لە دروست کردنی ڕەنگ و ڕۆن دا بەکار دەبرێ و دەشکرێ بە بنیشت کە بە هەورامی پێی دەڵێن جاچەک وێمانە. بە بەلوچیش هەر وەک کوردی وەن و وەنەی پێ دەڵێن.
لە کوردەواریدا خۆرشتێکی خۆش بە قزوان دروست دەکەن کە زۆر بەتام و چێژە و لە هەمان کاتیشدا درووست کردنی زۆر هاسانە، ئەویش بەم جۆرەیە: لە پێشدا گۆشتەکە لە پێازداخدا سوور دەکرێتەوە و تۆزێ دۆشاوی تەماتەشی تێدەکەی، بە ئەندازە ئاوی تێدەکەی، پاش ئەوەی تۆزێک کوڵا، قزوانەکە کە پێشتر شۆراوەتەوە و ئامادە کراوە تێی دەکرێ و پاش نیو کاتژمێر کە چێشتەکە کوڵا، خۆرشتی قزوانەکە ئامادەیە و لەگەڵ برینج یان ساوەر لەسەر سفرە دادەنرێ.
نەوشیلە جۆرێک قسقەوانی وردە.
بەرەگەڵا: بەرێکی سووری سپی واشە لە گەڵای مازوودار دەر ئەچێ. ف.خاڵ).
سەیری دارەبەن بکە.