نوێنەری لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران ڕایدەگەیەنێت، تەنها لەم دوومانگەدا 11 کرێکار کەمئەندام بوون لەسەر کارەکانیان لەساڵی ڕابردوشدا 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە لە شوێنی کارەکانیان.
ئەمڕۆ نوێنەری لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان و نوێنەری سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی بۆ قسەکردن لەسەر داواکاری و پێداویستییەکانیان سەردانی نوسینەگەی سلێمانی پەرلەمانیان کرد.
رەهێڵ فەرەیدون، نوێنەری یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەدوای ئەوەی چەندین کارەساتی دڵتەزێن لە شاری سلێمانی ڕووبەڕووی کرێکاران بووەتەوە، بۆیە پێمان باش بوو یاداشتێک ئاراستەی پەرلەمان بکەین، یاداشتەکە لە نۆ خاڵ پێکهاتووە.
رەهێڵ وتیشی: لە یاداشتەکەدا پێشنیازمان کردووە بۆ حکومەت بڕیارێک دەربکات، کە هەر کرێکارێک کە خاوەنکاری هەمیشەییی نییە توشی ڕووداوی کاربوون حکومەت مانگانە بڕێک پارەی بۆ ببڕێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە عوسمان حەمە سەعید، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، بۆ خەندان ئاماژەی بەوەکرد، تەنها لەمانگی یەک و دووی(2013) 11 کرێکار بەهۆی ڕووداوەوە کەمئەندام بوون.
عوسمان وتیشی: "هەشت کۆمپانیامان لەشاری سلێمانی ئاگادارکردووەتەوە، کە لە پرۆژەکانیان مەرجی سەلامەتی تێدا نییە بۆ کرێکار، ئەگەر لەماوەیەکی کورتدا مەرجەکان جێبەجێ نەکەن ڕووبەرووی دادگایان دەکەینەوە".
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، ساڵی پار 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە لەشاری سلێمانی، کە یەکێکیان بیانی بووە.
لەبەرامبەردا ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە کوردستانیش یاداشتێکی حەوت خاڵییان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووەو تێیدا داوای مافەکانی کرێکار و بەفەرمی ناساندنی ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان دەکەن.
هاوکات سەردار ڕەشید، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان بە(خەندان)ی ڕاگەیاند: بەداخەوە بەدوو وەفدی جیاواز سەندیکای کرێکارانی کوردستان و سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان سەردانی نوسینگەی سلێمانی پەررلەمانی کوردستانیان کرد.
وتیشی: کۆمەڵێک لە داواکان کە لەیاداشتەکاندا هاتووە ئێمە کاریان لەسەر دەکەینو داواکارین لایەنی جێبەجێکار، کە حکومەتە مافەکانی کرێکاران دابین بکات.
- 11-03-2013