نووسینی: باقر یاسین
وەرگێڕانی: حەمەساڵح گەڵاڵی
پێشەکی و پەراوێز: مەلا بەختیار
چاپی یەکەم 2004
چاپی دووەم 2017
ئەم پەڕتووکە لێکۆڵینەوەیەکی مێژووی گرنگە لەسەر مێژووی دەوڵەتی ئێراق، وڵاتێک وەکوو نووسەری پەڕتووکەکە دەڵێت: پێنج هەزار ساڵ توندوتیژی و خوێنڕێژی لەم وڵاتەدا بەردەوامی هەبووە. نووسەر بۆ تێگەیشتن لە توندوتیژییەکانی ئێستا و ئەو زەبروزەنگەی دەوڵەتی ئێراق لە ماوەیەی نزیکەی سەدەیەک تەمەنی پەیڕەوی کردووە گەڕاوەتەوە بۆ مێژوویەکی کۆنتر و ئەویش بە ڕووچوونە نێو مێژوو و گەڕانەوە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایین و ئەو ڕووداوانەی لە وڵاتی دوو ڕووباردا ڕوویانداوە. شۆڕبوونەوە بەو مێژووەدا نووسەری گەیاندۆتە ئەو بڕوایەی کە ڕووداوەکانی ئێستا ڕیشەکەیان لە هەناوی ئەو مێژووەدایە کە دەشێت بە مێژووی خوێناوی ئێراق ناوی بەرین. هاوکات نووسەر ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەو توندوتیژیی و دڵڕەقییەی بەرانبەر مرۆڤ و لەسەر دەستی مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە بەرانبەر یەکتری کراوە نموونەی لە هیچ جێگەیەکی دونیادا نییە و بۆیە مێژووی مرۆڤەکان لەم ناوچەیە تەواو جیاوازە هەر جێگەیەکی دیکە.
خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە دەروازەیەکە بۆ ئاشنابوون و تێگەیشتنێکی قووڵ و بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ئەو ڕووداوانەی لە ئێستا و داهاتووی ئەم وڵاتەدا ڕوو دەدەن کە ناوی ئێراقە. ئەم پەڕتووکە تەنیا ڕووداوەکانی نێو مێژووی خوێناوی ئێراق نانووسێتەوە، بەڵکوو هەوڵی داوە هۆکارەکانیش بنووسێتەوە و بەدوای چارەسەرەکانیشدا بگەڕێت. پەڕتووکەکە لەوێدا زیاتر گرنگی خۆی بەیان دەکات، کە بەوردی دەستی خستۆتە سەر ئەو برینانەی جەستەی ئەم دەوڵەتەی گرتۆتەوە و کەسیش نییە هاوڕێکی خێری لێ بداتەوە و سنوورێک بۆ ئەو خوێنڕێژی و توندوتیژییە دابنێت کە پێنج هەزار ساڵە درێژەی هەیە و ئێستا بەردەوامی هەیە.
نووسەر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ڕاستە ئێراق خاوەنی چەندان شارستانییەت و پاشماوەی مێژووییە، بەڵام هیچکام لەمانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی بەر لەم خوێنڕێژییە بگرن و ببنە هۆی ئەوەی ئارامییەک بۆ ڕۆحی هاووڵاتی ئێراقی دابین بکەن.
بێگومان ناتوانین هەموو لایەنەکانی ئەم پەڕتووکە بەوردی بەسەر بکەینەوە، بەڵام بەر لەوەی پەڕڵەمانتارە نوێکانی ئەم خولەی ئێستا بگەنە بەغدا باشتر وایە ئەم پەڕتووکە بخوێننەوە بۆ ئەوەی لەو ئێراقە تێبگەن کە خاوەنی مێژوویەکی پێنج هەزار ساڵەی خوێناوییە، ڕەنگە بەبێ تێگەیشتن لە ڕیشەکانی توندوتیژی و خوێنڕێژی لە ئێراق نەتوانرێت بەرنامە هەم بۆ ئێستا و بۆ داهاتووی ئێراق دابنرێت.